گرنگیی دیداری دوو سەرۆك؛ خوێندنەوەیەك بۆ پێگەی هەرێمی كوردستان لە ستراتیژیی نوێی فەڕەنسادا میدیا

پەرویز ڕەحیم قادر *

لە ڕێكەوتی30-03-2021 سەرۆککۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن، لە "کۆشکی ئێلیزێ" پێشوازیی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد. نێچیرڤان بارزانی ڕای گەیاند: "خۆشحاڵ بووم بە دیداری هاوڕێم، سەرۆك ئیمانوێل ماكرۆن، ئەمڕۆ لە پاریس. سوپاسی خۆمم بۆ هاوكاریی بەردەوامی فەڕەنسا بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە. ھەروەھا پێوەندییە دووقۆڵییەكان و كێشە هەنووكەیییەكانی عێراق و ناوچەكە تاوتوێ کران." ئەم ڕستەیەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان جگە لە دەربڕینی ئەمەگناسی و بەم پێیەیش سوپاس و پێزانینی كورد بۆ هەڵوێستی فەڕەنسییەكان لە هەمبەر كوردستان، دەربڕی چەندین لێكدانەوەیە بۆ هاوكێشە و ڕووداوەكانی ئێستا و داهاتوو و تەنانەت چۆنێتیی پەیوەندییەكانی كورد و فەڕەنسا و ئامانجەكان لەم دیدارەی دوو سەرۆك. بۆیە لێرەدا ئەوەی كە گرنگە، دۆزینەوەی وه‌ڵامی ئەو پرسیارانەیە كە بۆچی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، بانگهێشتی فەرمی كراوە بۆ كۆشكی ئەلیزێ و تەنانەت بۆچی هەرێمی كوردستان بۆ فەڕەنسا گرنگە؟ بۆ وه‌ڵامدانەوەی ئەمانەیش، پێویستە وه‌ڵامی پرسیارێكی جەوهەری بدەینەوە كە سیاسەت و ستراتیژی و ئامانجی فەڕەنسا خۆی چییە لە ناوچەكەدا؟

یەكەم: گرنگیی فەڕەنسا بۆ كورد

فەڕەنسا جگە لەوەی لە كاتی شۆڕشی ئەیلوول لە باشووری كوردستان و شۆڕشەكانی تری كورد لە ڕێگەی ڕۆژنامەوان و پزیشكه‌وه‌، ببووە دەنگی كورد لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەوروپی، لە دەركردنی بڕیاری (688)دا لە ڕێكەوتی (5-4-1991) و دروستبوونی هێڵی 36 یاخود ناوچەی دژەفڕین (no-fly zone)، ڕۆڵی سەرەكیی بینی و، هەر ئەمەیش وای كرد هەرێمی كوردستان-عێراق لەدایك ببێت و ببێتە دیفاكتۆیەك كە لە كاتی ڕووخانی ڕژێمی سەددام وەكوو كیانێكی دەستووری-سیاسی جێگر ببێت. هەرچەندە فەڕەنسا دژی هێرشی سەربازیی ساڵی 2003 بوو، بەڵام لە جەنگی دژی داعش پشتیوانیی لە هەرێمی كوردستان كرد و لووتكەی ئەم پشتیوانییەیش لە شكاندنی ئابڵووقەی سیاسیی سەر هەرێمی كوردستان بەهۆی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی ساڵی 2017 و ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر بوو.

ئەوەی كە گرنگیی ئەم سەردانە دووقات دەكاتەوە ئەوەیە كە، ئەم سەردانە لەسەر بانگهێشتی فەرمیی سەرۆك ماكرۆن بووە بۆ پاریس. واتە ئەكتەرێكی نێودەوڵەتیی گرنگی وەكوو فەڕەنسا و خاوەن مافی ڤیتۆ لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان و هێزی یەكەمی سیاسی-سەربازی لەسەر ئاستی ئەوروپا، یاخود بە جۆریك لەپاڵ ئەڵمانیا لە ڕووی ئابوورییەوە، نوێنەرایەتیی یەكێتیی ئەوروپا دەكات لە پاش دەرچوونی بریتانیا لە یەكێتیی ئەوروپا (برێگزیت)، بانگهێشتی سەرۆكی ئەكتەرێكی نا-دەوڵەتی بە ناوی هەرێمی كوردستان دەكات. ئەوەی كە ئەم پەیوەندی و سەردان و دیدارانە بەبایەختر دەكات ئەوەیە كە، ڕەگ و ڕیشەی قووڵی ئەم پەیوەندییانە لە بەرزترین ئاستدایە؛ بۆ نموونە ئەم بانگهێشت و سەردانانە تایبەت نییە تەنیا بە هەڵوێست و ڕوانگەی سەرۆك ئیمانوێل ماكرۆن كە لە هەستیارترین كاتدا پێشوازیی لە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی و جێگرەكەی، قوباد تاڵەبانی كرد، بەڵكوو پێش ئەویش سەرۆك فرانسوا ئۆلاند لە ماوەی سەرۆكایەتیی خۆیدا (15 May 2012 – 14 May 2017) دوو جار لە هەستیارترین كاتەكاندا سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە (یەكەمیان لە 12ی سێپتەمبەری 2014 و دووەمیان لە 2ی كانوونی دووەمی 2017) و پاش كۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆكایەتییەكەی بە مەبەستی بەشداریكردن لە ڕێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتی شەهید شیفا گەردی، لە 25ی شوباتی ساڵی 2019، سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد. تەنانەت دوو جار لە كۆشكی ئەلیزێ، پێشوازی لە سەرۆك مەسعوود بارزانی، سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان لە ڕێكەوتی10ی شوباتی 2015 و 7ی ئەیلوولی 2016دا كراوە.

دووەم: سەردانی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی لە چوارچێوەی سیاسەت و ستراتیژیی نوێی فەڕەنسا

ئەوەی كە جێگەی سەرنجە ئەوەیە كە سەرۆكی كۆماری ئێستای فەڕەنسا، خۆی هەم بە چەپڕەو و هەمیش لیبراڵ! پێناسە دەكات.[1] بەم پێیەیش دەردەكەوێت سەرۆك ماكرۆن نایەوێت وەكوو كەسێكی تەواو لیبراڵ یاخود سۆسیالیست لەقاڵب بدرێت و بناسرێت، بەڵكوو دەیەوێت لەم ڕوانگەیەوە، چ لە ڕووی ئابووری و چ لە ڕووی سیاسی و تەنانەت كۆمەڵایەتییەوە، هەردوو بەرە كۆ بكاتەوە؛ چ لە ئاستی ناوخۆیی و چ لە ئاستی یەكێتیی ئەوروپا و نێودەوڵەتیدا. سەرەڕای ئەمانەیش، چ لە ئاستی نێودەوڵەتی و لە پەیوەندیی نێوان ئەكتەرەكان و چ لە ئاستی یەكێتیی ئەوروپا و بەتایبەتی ڕوانگەی خودی فەڕه‌نساوە، لە لایەك خوێندنەوە بۆ گۆڕانكارییە پێشبینیكراوەكان لەسەر ئاستی سیاسەتی جیهانی و ئاڵوگۆڕی پلەبەندیی هێزی ئەكتەرەكان دەكرێت و، لە لایەكی تریشەوە هەڕەشە و مەترسییە ئاسایشییەكان چیتر تەنیا سەربازی-كلاسیك نین. بۆیە هەم ئەكتەرەكان بەهۆی پێشبینی لە گۆڕانكاری لە پێكهاتەی سیستەمی نیودەوڵەتی و بەم پێیەیش دابەشبوونی هێز، هەوڵی بەرزكردنەوەی پێگە و هێز و پاراستنی ئاسایشیان دەدەن و، هەمیش لەم گۆڕانكارییانەدا دەیانەوێت بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەكانیان بپارێزن.

 لەم نێوەندەیشدا ماكرۆن وەكوو سەركردەیەكی سەروو-ئەوروپی ڕەفتار دەكات و هەوڵ دەدات كە شكۆ و پێگەی نێودەوڵەتیی فەڕەنسا، بەتایبەتی پاش هاتنەسەركاری دۆناڵد ترامپ، بگەڕێنێتەوە و هەمیش پێگەی فەڕەنسا لەسەر ئاستی ئەوروپا و نێودەوڵەتیدا بەرزتر بكاتەوە؛ چونكە هاتنەسەركاری دۆناڵد ترامپ بۆ ئەوروپییەكان بەگشتی و فەڕەنسییەكان بەتایبەتی وەكوو ڕاچڵەكانێك وابوو و هەنگاوی پشتبەخۆبەستنی لە لای ئەوروپی و فەڕەنسییەكان پتەوتر و خێراتر كردەوە. هەر بۆیەیشە بەردەوام سەرۆك جۆ بایدن باس لە گەڕانەوەی ئەمریكا و هاوكاری و هەماهەنگیی ئەمریكا لە پرس و بایەتە جیهانییەكان لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەكانی ئەمریكا دەكات.

فەڕەنسا دەیەوێت یەكێتیی ئەوروپا لە قەیران و هاوكێشە جیهانییەكاندا ڕۆڵێكی بەرزتر و یەكلاكەرەوەی هەبێت و بۆ ئەم مەبەستەیش پەرە بە سیاسەتی "ئۆتۆنۆمیی ستراتیژیی یەكێتیی ئەوروپا" دەدات وەكوو ئاماژەیەك بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەكتەرە نەیارەكان و سەربەخۆبوون لە سیاسەت و هەژموونی ئەمریكا. هەر بۆیە لە ساڵی 2019دا سەرۆكی فەڕەنسا، ماكرۆن، ڕای گەیاند كە "ناتۆ" تووشی "مردنی مێشك" (brain-dead) بۆتەوە[2]؛ وەكوو ئاماژەیەك بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا بەبێ ڕاوێژ و ئاگاداركردنەوەی ناتۆ و ئەوروپییەكان.

 هەر بۆیە ماكرۆن پێداگریی لەسەر بەهێزكردنی "تەوەری ئەوروپا" لە ناتۆ و گرتنەبەری سیاسەتێكی سەربازی و ئاسایشی و بەرگریی سەربەخۆ یاخود تەواوكار و پاڵپشت بۆ ناتۆ كردەوە. هەر ئەمەیش بووە هۆی ئەوەی كە 25 وڵاتی ئەوروپی (بێجگە لە: ماڵت و بریتانیا و دانیمارك) لە 11ی دێسەمبەری ساڵی 2017 لە ڕێككەوتنێكدا، پرۆژەیەكی هاوبەشی بەرگریی ئەوروپی لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییه‌كی سەربازی-بەرگری لەژێر ناونیشانی "پسكۆ" یاخود "هاوكاریی پێكهاتەییی هەمیشەیی" (Permanent Structured Cooperation) واژوو بكەن كە پێشتر لە ساڵی 2009 بڕیاری لەسەر درابوو. ڕووداوەكانی بەهاری عەرەبی و جەنگی لیبیا و دەركەوتنی داعش و جەنگی سووریا و لێشاوی پەنابەران بۆ ئەوروپا و هەڕەشەكانی چین و ڕووسیا و داگیركردنی نیمچەدوورگەی كریمیا و قەیرانی ئۆكراینا و هاتنەسەركاری دۆناڵد ترامپ و...، بۆ ئەوروپییەكان زەنگی ئاگاداركردنەوە بوون كە سیاسەتێكی بەرگری-سەبازیی سەربەخۆ و ئەوروپی لە چوارچێوەی بەدواداچوون بۆ "سیاسەتی ئۆتۆنۆمیی ستراتیژیی یەكێتیی ئەوروپا" بگرنە بەر. فەڕەنسا لەم نێوەنده‌دا ڕۆڵی سەرەكی و ستوونیی ئەم هاوپەیمانێتییه‌یه‌. جێگەی ئاماژەیە كە "پسكۆ" تەنیا سەربازی نییە، بەڵكوو بۆ بەرزكردنەوە و بەهێزكردنی پێگەی ئابووری و سیاسیی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا لە هاوكێشە جیهانییەكاندا بنیات نرا لە چوارچێوەی ڕووبەڕووبوونەوە یاخود بەڕێوەبردنی قەیرانەكاندا و، تەنانەت بەرەنگاربوونەوەی مەترسییە تەندروستی و پزشكییەكانیش دەگرێتە خۆ.

خاڵی گرنگ و جەوهەری ئەوەیە كە بەپێی خویندنەوەكان، پێدەچێت كە وڵاتانی كۆلۆنیی ڕابردووی ئەوروپییەكان ئەو گۆڕەپانە بێت كە وڵاتانی ئەوروپی لە ڕێگەی "پسكۆ" (PESCO) چاویان تێ بڕیوە كە لە لایەك بە شێوەیەكی مێژوویی-نەریتی، ناوچەی نفووزی ئەوروپییەكان بووە و، لە لایەكی ترەوە بەهۆی سیاسەتەكانی سەردەمی ترامپ و ستراتیژیی ئێستای ئیدارەی بایدن بۆ كشانەوە و كەمكردنەوەی هێزەكانی لە ناوچە جیاجیاكانی جیهان، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گرنگیپێدان بە مەترسییەكانی چین و پاشان ڕووسیا، دەرفەت و هەڕه‌شەكان پێكەوە ڕووبەڕووی ئەوروپییەكان بۆتەوە. لەم ڕوانگەیەوە فەڕەنسا دەیەوێت ئەو سەركردایەتییە بگرێتە ئەستۆ، چونكە لە مانگی 2ی ساڵی 2020 سەرۆك ماكرۆن لە وتەیەكدا لە ڕێوڕەسمی دەرچوونی ئەفسەرانی سوپای فەڕەنسا لە پاریس، ئەوەی خستنە ڕوو كە چیتر نایانەوێت ئەوروپا و فەڕەنسا تەنیا "بینەر" یاخود تەنیا وەكوو هاندەرێك بن لە سیاسەتی جیهانی و هاوكێشە نێودەوڵەتییەكاندا.

هەر لەم سۆنگەیشەوەیە كە فەڕەنسا گرنگی بە ئەكتەرە جۆراوجۆرەكان لە ناوچە جوگرافییە نزیكەكانی وەكوو كورد و هەرێمی كوردستان دەدات و، دەیەوێت ئەو بۆشایییە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەكان و دەستەبەركردنی ئاسایشی وڵاتانی ئەوروپی پڕ بكاتەوە. لەم ڕوانگەیەوە، یەكێك لە گەورەترین ئامانجەكانی فەڕەنسای سەردەمی ماكرۆن، دروستبوونی بلۆك یاخود بەرەیەكی عەرەبییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە هاوتەریب بێت لەگەڵ بەرژەوەندییە ئاسایشی و سیاسی و ئابووری و جیۆسیاسییەكانی یەكێتیی ئەوروپا و فەڕەنسادا. هەر بۆیەیشە-جگە لە ڕۆڵ و ڕابردووی فەڕەنسا لە ناوچەكە- ئیمانوێل ماكرۆن لە كاتی زۆر هەستیار و قەیراناویدا سەردانی لوبنان (بۆ نموونە  تەقینەوەكەی بەیرووت) و عێراق دەكات و هاوكات گرنگی بە پرسی سووریا دەدات. هەموو ئەمانەیش بۆ ئەوەی كە چیتر توركیا یاخود هێزێكی سەرەڕۆ نەتوانێت هەڕەشە لە ئەوروپییەكان بكات، چ لە ڕووی پرسی تیرۆر و پەنابەران و چ لە ڕووی سەربازی و ئابووری و جیۆسیاسییەوە لە لیبیا و دەریای سپیی ناوەڕاست. كەواتە پرسی ئاسایشی و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ توندڕەویی ئەكتەرە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەكان، ئەولەوییەتی ئاسایشییە بۆ فەڕه‌نسا.

سێیەم: گرنگیی ڕۆڵ و بایەخی نێچیرڤان بارزانی/هەرێمی كوردستان بۆ ئیمانوێل ماكرۆن/فەڕەنسا

بۆ فەڕەنسییەكان بەگشتی و ماكرۆن بەتایبەتی، بانگهێشتكردنی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی زیاتر لە واتا و ئامانجێكی هەیە كە لێرەدا هەوڵ دەدەین بەكورتی و پوختی ئاماژە بە گرنگترینیان بده‌ین:

ــ حكوومەتی فەڕەنسا، وەكوو هاوپەیمانێكی دێرین و ستراتیژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەیری كورد دەكات؛ چونكە كورد وەكوو ئەكتەرێكی نادەوڵەتی دەتوانێت لە پارسەنگی هاوسەنگیی هێزدا ڕۆڵی گرنگ ببینیت و ئێستاكە لە لایەك بە شێوەی فەرمی، نێچیرڤان بارزانی نوێنەرایەتیی باشووری كوردستان دەكات و وەكوو كەسێتیی خودی خۆی و پێگەی هەرێمی كوردستان لە نێوان بەشەكانی تری كوردستان و، هەروەها هاوكێشەكانی وڵاتانی ئێران و توركیا و سووریا لە هەمبەر كورد لەو بەشانەدا، بە شێوەی نا-فەرمی نوێنەرایەتیی كورد دەكات.

ــ نێچیرڤان بارزانی چ وەكوو سەرۆكی هەرێمی كوردستان و چ وەكوو كەسێتییه‌كی جێگەی متمانەی هێزە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستان، جێگەی متمانە و بایەخی فەڕەنسییەكانە، چونكە ئەو ڕاستییە باش دەزانن كە لە هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی وەكوو كەسێكی میانڕەو و ئاشتیخواز، كە پەیڕەوی لە سیاسەتی سازان و لێكتێگەیشتن و چارەسەركردنی كێشەكان لە ڕێگەی دیپلۆماسی و دیالۆگ دەكاتەوە، چەندە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ سەقامگیری و ئاسایشی سیاسی و سەربازی و تەنانەت ئابووریی هەرێمی كوردستان.

ــ فەڕەنسا هەڵمەتیكی ناوخۆیی و دەرەكیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی تیرۆر و گرووپە توندڕەو و تیرۆریستییەكان-كە سەرچاوەی زۆرینەیان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە- دەست پێ كردووە و ڕای گەیاندووه‌ كە ئایدیۆلۆژیای توندڕەوی و گرووپە توندڕەوه‌ تیرۆریستییەكان مەترسین بۆ سه‌ر بەهاكانی فەڕەنسا. لێرەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەكوو كەسێكی میانڕەو و سەرۆكی هەرێمێك كە ڕۆڵی سەرەكیی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان، بەتایبەتی داعش بینیوە، پێگەیەكی بەرزی لە چاوی فەڕەنسییەكاندا هەیە. ئەم خاڵەیش (جەنگی دژەتیرۆر و هێزی پێشمەرگەی كوردستان) خاڵی بەهێزی نێچیرڤان بارزانی و هەرێمی كوردستانە بەگشتی. فەڕه‌نسا چ وەكوو بەهاكانی و چ وەكوو جوگرافیا و چ وەكوو وڵاتیك كە زۆرترین ڕێژەی موسڵمانانی لەنێو وڵاتانی ئەوروپیدا هەیە، دەیەوێت جەنگی دژەتیرۆر لە دەرەوەی سنوورەكانی خۆی بكات و بەم پێیە سەرۆكی هەرێمی كوردستان هاوپەیمان و هاوبەشێكی گرنگ و ستراتیژییە بۆ ئەم مەبەستە.

ــ هەر لە چوارچێوەی خاڵی پێشووتردا، فەڕه‌نسییەكان بەگشتی لە بەرامبەر پاراستنی بەها و نۆرمەكانی پێكەوەژیان و ئازادییە ئایینییەكان و مافی مرۆڤ و لائیسیتە و سیكۆلاریزم و دیموكراسی و...، هەستیارن. هەرێمی كوردستانیش وەكوو ناوچەیەك كە سەرەڕای هەموو پێشێلكاری و كەموكورتییەكان جیاوازییەكی بەرچاوی لەگەڵ تەواوی وڵاتانی ناوچەكەیە هەیە، بۆ فەڕەنسییەكان گرنگیی تایبەتی هەیە؛ چونكە پاراستن و پاڵپشتی لە كوردستان هەم پاساوی بەهایی و ئەخلاقیی بۆ فەڕەنسییەكان هەیە، هەمیش ئەوەی كە فەڕەنسییەكان پاراستنی ئەكتەرە سیكۆلارەكان لەم ناوچەیەدا لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە درێژخایەنەكانیاندا وەكوو دەرفەتێك دەبینن.

ــ فەڕەنسا پێویستیی بە نێچیرڤان بارزانی هەیە سەبارەت بە داهاتووی سووریا و ڕۆژاوای كوردستان؛ چونكە فەڕەنسا ئەوە دەزانێت كە جگە لە جەنگی دژەتیرۆر، ئەگەر سووریا لەدەست بدات بۆ نەیارەكانی وەكوو توركیا و ئێران و گرووپە تیرۆریستییەكان، جگە لە هەڕه‌شە ئاسایشییەكان ئەوە لوبنان بەتەواوی لەدەست دەدات. لێرەدا نێچیرڤان بارزانی هەم وەكوو كەسێتی و هەمیش لە پێگەكەی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان جێگەی متمانە و ڕێزی سەركردایەتیی ڕۆژاوای كوردستان و هێزە سیاسییەكانییەتی. بۆیە فەڕەنسا چاوی لەوەیە كە نێچیرڤان بارزانی، ڕۆژاوا لە پەكەكە دوور بخاتەوە و لە هەمان كاتیشدا نێچیرڤان بارزانی بتوانێت بە دیالۆگ و لە ڕێگەی كەناڵە تایبەتییەكانی خۆیەوە پەكەكە لە هێڵی ناسراو بە "بەرەی بەرگری"، كە ئێران و سووریا و حزبوڵڵای لوبنان دەگرێتەوە، دوور بخاتەوە و بیانوویش نەداتە دەست توركیا بۆ فراوانخوازی و هێرش بۆ سەر ڕۆژاوای كوردستان.

ــ فەڕەنسا بەردەوام ئەوەی دووبارە كردۆتەوە كە بەرگری و پشتیوانی لە هەرێمی كوردستانی بەهێز لە چوارچێوەی عێڕاقێكی یەكگرتوو و بەهێز و خاوەن سەروەری دەكاتەوە؛ ئەمەیش لە لایەك پاڵپشتییە لە هەرێمی كوردستان وەكوو ئەكتەرێكی گرنگی دۆست و لایەنگری فەڕەنسا و، لە لایەكی تریشەوە ڕێگەگرتنە لەوەی عێراق بەتەواوی بكەوێتە ژێر هەژموونی ئێران و توركیا كە هیچ كامەیان دۆستیكی ڕاستەقینەی فەڕەنسا نین و چەندین كێشە و گرفتی گەوره‌ی لەگەڵیاندا هەیە. لێرەدا نێچیرڤان بارزانی وەكوو سەركردەیەكی جێگەی متمانە دەبینرێت كە بەهۆی كەسێتییه‌كه‌ی دەتواندرێت بۆ ئێستا و داهاتوو پشتی پێ ببەستریت، چونكە لە عێراق زۆر كەمن ئەو كەسێتی و سەركردە میانڕەوانەی كە ڕۆژاوا بتوانێت پشتی پێ ببه‌ستێ. لە لایەكی تریشەوە فەڕەنسا بەرنامەی هەیە كە لە داهاتوودا نوخبەی توندڕەو لە عێراق كۆنترۆڵی دەسەڵات نەگرنە دەست و لە ڕێگەی نێچیرڤان بارزانییەوە بتوانێت هاوسەنگی لە بەرامبەریان ڕابگرێت یاخود نفووزی هەبێت لەسەریان یان لەگەڵ میانڕەوەكان لە عێراق پێكەوە هاوپەیمانێتییه‌ك لە عێراق پێك بێنن كە ئاسایش و بەرژەوەندییەكانی ئەوروپا و فەڕەنسا بپارێزرێت.

ــ لە ڕووی ئابوورییەوە فەڕەنسا چاوی لە بازاڕی عێراق و هەرێمی كوردستانە كە لەلایەن وڵاتانی نەیارییەوە، بەتایبەتی توركیا و ئێران كۆنترۆڵ كراوە. بۆیە بوونی پەیوەندیی قووڵ لەگەڵ هەرێمی كوردستان و سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەتوانێت ئەم دەرگه‌یە بۆ كۆمپانیا فەڕەنسییەكان، چ لە بواری وزە و چ لە بواری بازرگانی و وەبەرهێنان بكاتەوە و، هاوكاتیش لەم ڕێگەیەوە فەڕەنسا دەتوانێت ئاسایشی ئابووریی ناوچەكە بە ئاسایشی فەڕەنساوە گرێ بدات و تەنانەت بەهۆی پێداویستییە سەربازی و ئاسایشییه‌كان لە عێراق و وڵاتانی ناوچەكە، بازاڕی فرۆشتنی چەكی خۆی پەرە پێ بدات.

ــ لە ساڵی 2022 هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی كۆماری فەڕەنسا بەڕێوە دەچێت؛ بۆیە ماكرۆن دەیەوێت بۆ ئەوەی خۆی ئامادە بكات و پێگەی خۆی و حزبەكەی بەهێز بكات، چەند دەسكەوتێكی بەرچاوی لە بوارە جۆراوجۆرەكانی ئابووری، ئاسایشی و سیاسەتی دەرەكیدا هەبێت و لەم نێوەندەدا بەرامبەر توندڕەوەكان،" بۆ نموونە ڕاستە توندڕەوەكان وەكوو "مارین لۆپن" (Marine Le Pen)، لە ڕێگەی دیپلۆماسی و ئابووری و ئاسایشی و ڕووبەڕووبووونەوەی تیرۆره‌وه‌ دەسكەوتی جێگەی شانازیی هەبێت.

چوارەم: گرفت و نیگەرانییەكانی فەڕەنسا لە هەرێمی كوردستان

ڕاستییه‌كه‌ی، فەڕەنسا بەوردی ئاگاداری بارودۆخ و تەنانەت داینامیزمی گۆڕانكارییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكەیە؛ بەم پێیەیش كێشە و گرفتەكانی هەرێمی كوردستان وا دەكات كە هەم فەڕەنسا نەتوانێت بەتەواوی پاڵپشتی لە هەرێمی كوردستان بكات و هەمیش سیاسەتەكانی تووشی شكست بێت. لە هەمان كاتیشدا ئەم خاڵانەی خوارەوە پێگەی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش لە هاوكێشەكان بەرامبەر فەڕەنسا و هاوكێشە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان لاواز دەكات:

ــ ناكۆكیی قووڵ و دابەشبوونی سیاسیی هەرێمی كوردستان و ململانێی توندی هێزە سیاسییەكان جێگەی نیگەرانیی فەڕەنسییەكانە و، وا دەكات كە نەتوانێت وەكوو پێویست وەبەرهێنانی سیاسی و ئابووری و ئاسایشی لە هەرێمی كوردستاندا بكات.

ــ لێكترازان و دابەشبوونی حزبیی هێزە ئاسایشی و سەربازییەكان لە هەرێمی كوردستان وا دەكات كە فەڕەنسا لە پرۆژە سەربازی و ئاسایشییەكانیدا نەتوانێت وەكوو پێویست پشت بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان ببەستێت و ئەمەیش دەتوانێت زیانی ستراتیژیی بۆ هەرێمی كوردستان هەبێت.

ــ هەرچەندە هەرێمی كوردستان زۆر لە ئاستێكی پێشكەوتووتر و بەرزترە بە بەراورد لەگەڵ ناوچەكانی تری عێراق و وڵاتانی ناوچەكە لە ڕووی ئازادی و فرەیی و پێكەوەژیانی ئاشتییانەی ئاییینەكان و...، بەڵام ڕاستییه‌كه‌ی، لاوازی و پەرەنەسەندنه‌ سیستەمییەكان و كێشە ناوخۆیییەكانی هەرێمی كوردستان، وەكوو بەدامەزراوەیینەبوون و بوونی گەندەڵی و دەستێوەردانی حزبی و تەنانەت پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و هەر چەشنە بەرتەسككردنەوەیەكی ڕووبەری ماف و ئازادییەكان وەكوو ئازادیی ڕاگەیاندن و كۆنترۆڵكردنی ڕای گشتی و كۆڕ و كۆبوونەوە و خۆپیشاندان و...، كاریگەریی نەرێنیی لەسەر پێگەی هەرێمی كوردستان هەیە و لە هەمان كاتدا فەڕەنسا و دۆستەكانی كورد نیگەران دەكات.

ــ پشتبەستن و گرێدراویی زۆری هەرێمی كوردستان، چ لە ڕووی سیاسی و چ ئابووری و ئاسایشیییەوە بە توركیا، فەڕەنسا نیگەران دەكات و دەتوانێت زیان لە هەرێمی كوردستان بدات.

ــ بەهێزبوونی تەوژم یاخود ڕەوتی توندڕەویی ئیسلامی و تەنانەت هەماهەنگی و هاوسۆزییان لەگەڵ ڕەوتە ئیسلامییە توندڕەوەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە كۆمەڵگەی كوردستان، جێگەی نیگەرانیی زۆری فەڕەنسییەكانە. نموونەی ئەمەمان لە كاردانەوە و هەڵوێستەكانی بەشێك لە ڕای گشتی لە كوردستان لە هەمبەر كوشتنی "ساموێل پیتی"، مامۆستای مێژوو لە فەڕەنسا لە ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری 2020 بە دەستی گەنجێكی بە ڕەچەڵەك چیچانی بە ناوی "عەبدوڵڵا ئەنزەرۆڤ" بینی[3] كە لە بری هاوسۆزی لەگەڵ قوربانی و فەڕەنسییەكان، بە جۆریك ڕای گشتی لە هەرێمی كوردستان كەوتە تەڵە و داوی fake news و سیاسەتی ئیسلامییە توندڕەوەكان بەگشتی و توركیا بەتایبەتی لە بەرامبەر فەڕەنسا؛ چونكە فەڕەنسییەكان هەم لە ڕووی سیاسی و هەمیش كۆمەڵگەیی و بەهایییەوە هەرێمی كوردستان بە لایەنگری ڕۆژاوا و فەڕەنسییەكان یاخود جیاواز لە كۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتییەكان دەبینن و، بەتایبەتی پاش چەندین هەوڵ و هەڵوێستیان بۆ پاڵپشتی و پاراستنی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

كۆبەند

فەڕه‌نسا لە لایەك بڕوای بە فرەلایەنگەرایی لە ئاستی پێكهاتەی سیستەمی نێودەوڵەتی هەیە و، لە لایەكی تریشەوە دەیەوێت خۆی بۆ هەر ئەگەرێك ئامادە بكات، بەتایبەتی سیناریۆی كەمكردنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا و عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەر بۆیە دەیەوێت ڕۆڵی لە هاوكێشەكان و چارەسەركردنی كێشەكانی ناوچەكەدا هەبێت؛ چ لە پرسی سووریا و چ لە عێراق و چ لە بەرامبەر ئێران و داهاتووی ڕێككەوتنی ئەتۆمی و مەترسییە مووشەكییەكانی ئێران و پرۆكسییەكانی ئەو وڵاتە لە ناوچەكەدا و چ سەبارەت بە سنوورداركردن و كۆنترۆڵی توركیا و بینینی ڕۆڵ لە چارەسەریی كێشە و گرفتەكانی توركیا لەگەڵ وڵاتانی تر و چ سەبارەت بە ئاشتیی فەلەستین و ئیسڕائیلییەكان و چ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستییەكان و جەنگی دژەتیرۆر و چ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی نفووزی ئابووری و سیاسی و سەربازیی چین و ڕووسیا.

 بۆیە پێگەی هەرێمی كوردستان لەم نێوەندەدا زۆر گرنگە؛ چ لە عێراق و چ وەكوو دراوسێی ئێران و توركیا و چ وەكوو پردێك بۆ سووریا و لەوێیشەوە بۆ لوبنان و، هەروەها وەكوو ئەكتەرێك بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و گرووپە تیرۆریستییەكان. بۆیە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، هەم وەكوو كەسێتییه‌كی میانڕەو و خاوەن ئەزموون لە بواری سیاسەت و دیپلۆماسی و هەمیش كەسێكی جێگەی متمانە كە هاوكات پەیوەندیی بەهێزیشی لەگەڵ هێز و لایەنە عێراقییەكان و توركیا و ئێران و ئەمریكایش هەیە، لە ڕوانگەی فەڕەنسییەكانەوە دەتواندرێت وەكوو هاوبەشێكی ستراتیژی بایەخی پێ بدرێت. بۆیە لەم دیدارەدا وەكوو سەرۆكی دەوڵەتێك پێشوازی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی كرا یاخود هەستی ئەوە دروست كرا كە هاوشانی دەوڵەتێك گرنگی بە هەرێمی كوردستان دەدرێت. 

[1] - See: Jade Toussay (2016-11-23). "Les premiers extraits de "Révolution", le livre d'Emmanuel Macron, dévoilés". Huffingtonpost.fr. Archived from the original on 18 February 2017. Retrieved 2017-02-01

[2] - Emmanuel Macron warns Europe: NATO is becoming brain-dead,the  economist,  Nov 7th 2019. Available at: <https://www.economist.com/europe/2019/11/07/emmanuel-macron-warns-europe-nato-is-becoming-brain-dead>. Last visited: 2-4-2021.

[3] - ئەم ڕووداوە لەلایەن زۆر لە دەسەڵاتداران ‌و هاووڵاتیانی ئەوروپاوە بە هێرشێكی تیرۆریستی ئەژمار كرا. ئیمانۆێل ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنساش لە رێوڕەسمێكدا لە زانکۆی سۆربۆن لە پاریس لە رێكەوتی 21-10-2020 كە بۆ رێزلێنان لە ساموێل پیتی رێك خرابوو، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە فەڕەنسا هەرگیز دەستبەرداری بەها فەڕەنسییەكان و بەم پێیەیش پشتیوانیكردن لە كاریكاتێریستەكان نابێت. ئەم وتارەی ماکرۆن کاردانەوەی زۆری لێ کەوتەوە؛ هەروەک وتارەکەی لە رۆژی 2ی ئۆکتۆبەری 2020، کە تێیدا رەخنەی لە "گۆشەگیریی ئیسلامی" گرت و، هەروەها گوتی "ئیسلامی سیاسی" هەوڵ دەدات دەوڵەتێکی "هاوتەریب" لەنێو فەرەنسادا دابمەزرێنێ و یاساکانی خۆی جێبەجێ بکات نەک یاساکانی فەڕەنسا.

*دکتۆرا لە ئاسایشی نەتەوەیی و مامۆستای بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی/ زانکۆی سەڵاحەددین-هەولێر

س: پێنووس

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە