سەرۆك نێچیرڤان بارزانی: هەر رۆڵێک لەپرۆسەی ئاشتی بە ئێمە بسپێردرێت ئامادەین ئەو رۆڵە بگێڕین کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دیمانەیەكدا ئاشكرای دەكات، لە كۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، یەكتریان بنیوە و بانگهێشتی نانخواردنی كردووە و دەشڵێت، "باسی پێکهاتنی حکومەتی ئایندەشمان کردووە کە چۆن ئێمە دەتوانین پێکەوە کاربکەین. دیدارێکی زۆر ئەرێنی و باشمان لەگەڵ کاکە بافڵ هەبووە."

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە (18/شوبات/2025) سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دیمانەیەكدا لەگەڵ كەناڵی رووداو، تیشكی خستەسەر چەند پرسێكی جیا جیا و سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی دەڵێت، "پێویستە پەکەکە پێشوازی لە پەیامی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکات و چەک دابنێت، چەکدانان بە مانای تەسلیمبوون نایەت. بەڵکو مانای ئەوەیە پرسی چەکداری و هێزی چەکدار هیچ کێشەیەکی کورد لە تورکیا چارەسەر ناکات."

سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكانی لە كۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن گووتی، "ئەم کۆنفرانسەی میونشن بۆ ئێمەش دەرفەتێکە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بەبێ پرسە پرۆتۆکۆڵییەکان بتوانین خەڵکێکی زۆر ببینین و دۆخی ناوچەکە باس بکەین، باسی هەرێمی کوردستان بکەین، باسی عێراق بکەین. ئەوە دەرفەتێکە بۆ ئێمە ساڵانە ئەمە دووبارە دەکرێتەوە و بۆ ئێمە دەرفەتێکی گرنگە کە ئەو شتانەی جێی بایەخی هەموو لایەکن و جێی بایەخی ئێمەشن وەکو هەرێمی کوردستان لەگەڵ دۆستانمان لە دەرەوە گفتوگۆیان لەسەر بکەین."

 

دەقی دیمانەكەی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

رووداو: بەڕێز سەرۆک، زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە و ماندوو نەبیت. لێرە لە میونشن کۆبوونەوەی زۆر گرنگتان ئەنجامدا، دەمەوێت بزانم ئایا پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کورستان لێرەوە زیاتر دەبێت؟

نێچیرڤان بارزانی:  ئەم کۆنفرانسەی میونشن بۆ ئێمەش دەرفەتێکە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بەبێ پرسە پرۆتۆکۆڵییەکان بتوانین خەڵکێکی زۆر ببینین و دۆخی ناوچەکە باس بکەین، باسی هەرێمی کوردستان بکەین، باسی عێراق بکەین. ئەوە دەرفەتێکە بۆ ئێمە ساڵانە ئەمە دووبارە دەکرێتەوە و بۆ ئێمە دەرفەتێکی گرنگە کە ئەو شتانەی جێی بایەخی هەموو لایەکن و جێی بایەخی ئێمەشن وەکو هەرێمی کوردستان لەگەڵ دۆستانمان لە دەرەوە گفتوگۆیان لەسەر بکەین.

رووداو: ئایا ئێستا زەوینەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کورستان لەگەڵ وڵاتانی جیهان هەیە؟

نێچیرڤان بارزانی: من پێموایە بەڵێ هەیە. وڵاتانی جیهان زۆر بە گرنگ و بە بایەخەوە سەیری هەرێمی کوردستان دەکەن. هەرێمی کوردستانێک لە چوارچێوەی عێراقدا و بەڕاستی دەیانەوێ ئەم هەرێمی کوردستانە هەرێمی کوردستانێکی بەهێز بێت کە بتوانێت هەم یارمەتیی خۆی بدات و هەم یارمەتیی عێراق بدات و رۆڵێکی باڵایشی لە ناوچەکەدا هەبێت. من پێموایە بەڵێ ئەو دەرفەتە بۆ هەرێمی کوردستان هەیە و لەم دیدارانەی کە ئێمە ئەنجامیشمان دان لەوە تێدەگەین کە بەڵێ بایەخێکی زۆر گرنگ بۆ هەرێمی کوردستان هەیە، وەکو هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا.

رووداو: بەرپرسانی ئەمریکی و ئەورووپی وەک پێیان گوتم لای ئەوان زۆر مەبەستیان بوو و گرنگ بوو کە گوێ لە بۆچوونی بەڕێزتان بگرن لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە. کۆبوونەوەکانتان یاخود گفتوگۆکانتان زیاتر لەبارەی چییەوە بوون؟

نێچیرڤان بارزانی: ئێمە ئەم ساڵ گفتوگۆی زۆرمان لەبارەی سووریاوە هەبوو، بۆچوونی خۆمان لەسەر پێشهاتەکان و دۆخی سووریا خستە بەر باس و قسەکردن لەگەڵ ئەو لایەنە پەیوەندیدارانە؛ چ لای وڵاتە ئەورووپییەکان چ ئەمریکا و چ ئەوانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش. سووریا تەوەری یەکەم و بایەخی یەکەمی کۆبوونەوەکانی ئێمە بووە ئەوەی کە پەیوەندی بە ناوچەکەوە هەبووە.

رووداو: هەموو وڵاتانی جیهان دەیانەوێت ئێستا لە سیاسەت یاخود لە دەسەڵاتی نوێی سووریا تێبگەن، بۆیە بۆچوونی کورد بە لای ئەوانەوە گرنگە. لە گفتوگۆکاندا لەگەڵ وڵاتان زیاتر باسی چیتان کرد؟

نێچیرڤان بارزانی: یەکەم شت گەلی سووریا شایستەی ژیانێکی باشترن لەوەی تاوەکو ئێستا کە بەسەریان هاتووە. خەڵکی سووریا زۆر نەهامەتی و بەدبەختیان بینیوە لەم چەند ساڵەی رابردوو. ئێمە هیوادارین ئێستا دەرفەتێک هەبێت بۆ ئەم وڵاتە کە بتوانێ هەم ئاشتی بەرقەرار بکات و فاکتەرێک بێت بۆ ئەوەی لە ناوچەکەدا هێمنی و ئارامی بپارێزێت. ئێمە ئەوە داوادەکەین. ئەگەر سەیری باکگراوندی ئەم هێزانە بکەین، ئەوانەی کە ئێستا لە سووریان، پێموایە بێ ئومێدییەک دەبینی، بەڵام کە سەیری قسەکانیان بکەیت و سەیری ئەو شتانە بکەیت کە ئەوان سەرنجیان لەسەرە، هیوایەکی گەورەش بۆ ئایندەی سووریا دەبینرێت.

ئێمە پێمان وایە لە سووریا پێویست بەوە دەکات کە هەموو پێکهاتەکان لە سووریای نوێدا بەشدار بن. لەم چوارچێوەیەشدا قسەی ئێمە بۆ پێکهاتەی کوردیش هەر ئەوەیە کە دەبێت بە یەکگرتوویی لە دیمەشق بەشدار بن. دەبێت هەست بەوە بکەن کە ئەوان خاوەنماڵن نەک میوان. قسەی ئێمە بۆ ئەوان لە رۆژی یەکەمەوە وابووە کە پێویستە بە زووترین کات ئاڵای نوێی سووریا هەڵگرن. بە زووترین کات ئێوە خۆتان بچن بۆ دیمەشق و لە ئەزموونی ئێمە فێر بن. ئێمە لە ساڵی 2003وە چووین بۆ بەغدا کە یەکگرتوو بووین و پێکەوە بووین توانیمان دەستکەوتی باش بەدەستبێنین. دەکرێت هەموو ئەو شتانە نەبووبن کە ئێمە دەمانەویست، بەڵام بۆ یەکەم جار دەستووری عێراق نووسرا، بۆ یەکەم جار زۆر شت لە دوای ساڵی 1970 یان رێککەوتنی 13ی ئادار دەستکەوتێکی زۆر فەرمی بوو. ئەوەی کە بەدیهات لە ئەنجامی پێکەوەبوون و یەکبوونی هێزەکانی کورد بوو. ئێمە کتومت ئەمەمان بە برا کوردەکانمان لە سووریا گوتووە. گوتمان ئێوە دەبێت بچن هەوڵی خۆتان بدەن و لە سووریای نوێدا بەشدار بن. دەبێت هەڵسوکەوتی ئێوە وەکو خاوەنماڵ بێت نەک وەکو میوان.

رووداو: بەڕێزتان لێرە وەزیری دەرەوەی سووریاتان بینی. لەو کۆبوونەوەدا گەشبینن بە داهاتوو یاخود بە دواڕۆژی رۆژئاوای کوردستان و کورد لە سووریا؟ لێرەدا رۆڵی هەرێمی کورستان چی دەبێت؟

نێچیرڤان بارزانی: رۆڵی ئێمە یارمەتیدەر دەبێت، ئەو قسانەی لەو دیدارەی کە من کردم لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا، ئێمە جەختمان لەسەر ئەوە کردووە کە دەبێت سووریای نوێ سووریایەکی مەدەنی بێت و سووریایەک بێت کە هەموو لایەک لەنێو ئاییندەی ئەو وڵاتەدا خۆیان ببیننەوە؛ هەموو پێکهاتەکان بە کورد و بە عەرەب و  کریستیان و عەلەوی و درووزەوە. سووریا وڵاتێکە بەیەک ئایدۆلۆژیای تایبەت بەڕێوەنابرێت. سووریا وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەزمان و کولتوورجیاوازە، پێویستی بەوە هەیە هەمووان لەم سووریایەدا خۆیان بە هاووڵاتیی سووری بزانن، واتا سووریا وا بەڕێوەببرێت. هەرگیز سووریا بەو شێوەیە بەڕێوەنابرێت یەک ئایدۆلۆژی خۆی بسەپێنێت. من پێموایە ئەوەی ئێمە لە بۆچوونەکانی سەرۆکی سووریا دەیبینین، بەڕێز ئەحمەد شەرع،  ئەوە بەدی دەکەین کە بەڕاستی ئەو دەیەوێت بە جیدی کێشەکانی سووریا چارەسەر بکات. ئەگەر بەڕاستی ئەمە سیاسەتیان بێت کە سەرنجیان لەسەر سووریا و چارەسەری کێشەکانی وڵاتەکە بێت، دەتوانم بڵێم ئەو شایستەی ئەوەیە کە پشتیوانی بکرێت، نەک هەر رابوەستین و تەماشا بکەین. دەبێت یارمەتیدەر بین، چونکە من پێموایە ئەمە شانسێکی گەورەیە بۆ سوورییەکان و ئەگەر لەدەست بچێت دیار نییە شوێنگرەوەی ئەمە لە سووریا چی دەبێت.

رووداو: بیستوومە کە بەڕێزتان رۆڵێکی گرنگتان هەبووە لەوەی کە لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان ئاگرەکە زیاتر پەرە نەسێنێت.

نیچیرڤان بارزانی: سروشتییە بۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان. ئەوەی لە سووریا رووی دا بەڕاستی ئێمەی تووشی شۆک کرد. بڕوا ناکەم بەس بۆ ئێمە شۆک بووبێت، پێموایە تەنانەت بۆ خۆشیان، بۆ خودی بەڕێز ئەحمەد شەرع و گرووپەکەشی، ئەوەی کە رووی دا و بەو خێراییە شۆک بوو.

کاری لەپێشینەی ئێمە لەم بابەتەدا ئەوەیە ئێمە چۆن بتوانین کورد بپارێزین لەو ئاگرەدا. لە پەیوەندییەکی بەردەوامدا بووین بەتایبەتی لەگەڵ تورکیا و ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپیدا. لە رۆژانی یەکەمدا سەرنجی ئێمە لەسەر ئەوە بوو چۆن دەتوانین کورد بپارێزین. پێموایە ئێمە لەوەدا سەرکەوتوو بووین کە بتوانین رۆڵێک بگێڕین بۆ ئەوەی ئەو ئاگرە کەم ببێتەوە لەسەریان و رۆڵی خۆشمان لەو چوارچێوەیەدا دیوە.

قۆناخی دووەم ئەوەیە، وەکوو باسم کرد، ئێستا ئەمانە چۆن بتوانن لە سووریای نوێدا بەشدار بن و بچن بۆ دیمەشق و ببن بەشێک لە پرۆسەی پێکهاتنی حکومەتی نوێ لە سووریا.

رووداو: وەک دەبینن شاندی ئیمراڵی ئێستا لە هەولێرن. بڕیارە سبەینێ بەڕێزتان ببینن. ئێوەش لێرە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبوونەوە. ئایا ئەو پرۆسەیە ئەمجارە ئاشتی بەدواد دێت؟

نیچیرڤان بارزانی: پرۆسەیەکی جیدی لە تورکیا دەستی پێکردووە. ئێمە لە ماوەی رابردوودا چەندین دیدارمان لە ئەنقەرە لەسەر ئەم پرسە کردووە و، بە بۆچوونی ئێمە ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەکی جیدیە کە خێری هەیە، هەم بۆ تورک هەم بۆ کورد و بۆ هەموو ئەو پێکهاتانەی کە لەنێو تورکیا دەژین. بابەتەکە لەسەر ئەوە دەمێنێتەوە ئایا دوای ئەوە چی دەکرێت. ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەکەین کە بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامێک بدات و، پێموایە دوای پەیامەکەی هێزەکان، بەتایبەتی پەکەکە، دەبێت پێشوازی لەو پەیامەی بکەن، چونکە پێموایە لە پێشوازیکردن لە پەیامی بەڕێز ئۆجەلاندا ئەم پرسە خێری کوردی تێدایە.

پرۆسەکە روونە. پێویستە پەکەکە چەک دابنێت. چەک دابنێت نەک بە مانای ئەوەی "تەسلیم"ـە، نا. ئەمە بە واتای "تەسلیمبوون" نییە. واتای ئەوەیە ئێستا لەم کاتەدا پرسی چەکداری و هێزی چەکدار هیچ کێشەیەکی کورد لە تورکیا چارەسەر ناکات. کێشەی کورد ئەگەر هەشبێت، دەبێت هەر کێشەیەک بە دیالۆگ لەنێو تورکیادا چارەسەر بکرێت. ئێمە پشتگیریی ئەوەین کە پەکەکە پێشوازی لە بانگەوازی بەڕێز ئۆجەلان بکات و ئەوەی لەسەر ئێمەیە و پێمان بکرێت رۆڵ ببینین بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بە رێکوپێکی بڕوات. هەر شتێک کە پێویست بێت و هەر رۆڵێک کە بە ئێمە بسپێردرێت لە هەرێمی کوردستان، ئێمە ئامادەین بۆ ئاشتی ئەو رۆڵە بگێڕین.

رووداو: ئێستا هەموو وڵاتان دەیانەوێت بزانن ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت چی بکات. ئێوە وەزیری دەرەوەی ئەمریکاتان بینی، ئایا پێیانگوتن کە سیاسەتی نوێی ئیدارەی ئەمریکا بەرامبەر بە کورد و هەرێمی کورستان چۆن دەبێت؟ 

نیچیرڤان بارزانی: ئێمە نەچووینە نێو ئەو وردەکارییەوە، چونکە خودی وەزیری دەرەوە ماوەیەکی زۆر لەمێژ نییە کە لەو پۆستەدایە. بەڵام ئەوەی کە ئێمە دەبینین لە سیاسەتی بەڕێز ترەمپدا وەکو سەرۆکی ئەمریکا، ئەو دەیەوێت لە هەموو شوێنێک ئاشتی بەرقەرار بێت. ئەمە بە بۆچوونی من هەر خودی ئەم پەیامەی کە دەیەوێت ئاشتی بەرقەرار بکات خۆی چەندین جار رایگەیاندووە. رایگەیاندووە کە دەیەوێت کۆتایی بە جەنگەکان بێنێت. پێموایە هەر خودی ئەم پەیامە جێگەی رێز و تەقدیرێکی زۆرە کە سیاسەتی ئەمریکا و سەرۆکی ئەمریکا بەم شێوەیە دەبێت، چونکە ئەمریکا گەورەترین زلهێزی جیهانە. بەڕاستیش ئەمریکا دەتوانێت رۆڵی خۆی ببینێت. سەرۆکی ئەمریکا کە دەڵێت، سیاسەتی ئێمە بەرقەرارکردنی ئاشتییە لە هەموو وڵاتان. دەبێت ئێمە هەموومان پێشوازی لەو دەستپێشخەرییەی سەرۆکی ئەمریکا بکەین و، هەوڵی جیدیش بدرێت بۆ ئەوەی ئاشتی لە هەموو شوێنێک بەرقەرار ببێت هەر وەکو کە خۆی حەز دەکات و ئەو ئامانجەی بۆ خۆی داناوە کە کۆتایی بە جەنگەکان بێنێت.

رووداو: سەرۆکی هەرێـمی کوردستان، لێرە من بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانم بینی. ئێوە ئەوتان بینی؟

نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ، یەکترمان بینی و قسەشمان کرد و بانگهێشتی نانخواردنیشی کردین و، لەگەڵ یەکدیش دانیشتنمان هەبووە و باسی پێکهاتنی حکومەتی ئایندەشمان کردووە کە چۆن ئێمە دەتوانین پێکەوە کاربکەین. دیدارێکی زۆر ئەرێنی و باشمان لەگەڵ کاکە بافڵ هەبووە.

رووداو: ئێستا پەیوەندییەکانتان چۆنن؟

نیچیرڤان بارزانی:  ئێستا پەیوەندییەکان باشن. ئێمە لەگەڵ یەکێتی لە گفتوگۆیەکی زۆر جیدیداین لەبارەی ئەوەی کە چۆن حکومەتی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنین. پێش هەموو شتێک ئێمە خەریکی ئەوەین شتێک بنووسین کە پەیوەندی و هاوبەشایەتیی نێوان ئێمە و یەکێتی بە چ شێوەیەک دەبێت، ئەو پرەنسیپانەی کە جێی بایەخن هەم بۆ ئەوان و هەم بۆ ئێمە و بۆ کورد. ئێمە لەسەر ئەو پرەنسیپانە خەریکی گفتگۆیەکی جیدین کە ئەگەر ئەمە ئامادە بکرێت دوایی لەلایەن هەردوولا ئیمزا بکرێت، ئەوا بەرەو پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم دەڕۆین.

پەیوەندیی ئێمە بە شێوەیەکی گشتی هیچ جێگەی مەترسی نییە. وەکو دوو حیزب جیاوازیمان هەیە، بەدڵنیاییەوە هەیە، بەڵام وەکو دوو حیزب کە مەبەستمان هەرێمی کوردستانە، پێموایە ئەوانیش مەبەستیان رەچاوکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانە، ئێمەش بە هەمان شێوە ئەوەمان هەیە و دەرفەتی ئیشکردنیش پێکەوە هەیە. ئێمە هەمیشەش لە یەکبووندا سەرکەوتووین. لە جیاوازیدا نا. ئێمە لە یەکنەبووندا نەمانتوانیوە و ئەوانیش نەیانتوانیوە هیچ بکەن. لەبەر ئەوە سەرئەنجام پێویستە ئێمە یەکدی قبووڵ بکەین و کاربکەین بۆ ئاییندەیەکی باشتر بۆ هەرێمی کوردستان.

رووداو: لێرە چەندین دیدار و کۆبوونەتان ئەنجامدا و دەنگی دایەوە لە کوردستان، بەڵام ئەوەی زۆر زۆر دەنگی دایەوە ستایلە نوێیەکەی جەنابتان بوو.

نێچیرڤان بارزانی: من پێموایە شاهۆ زۆر گەورەی کرد، شاهۆ ئەمین.

رووداو: هەموو میدیاکان باسیان کرد کە شتێکی جوان بوو. بەلای ئێمەدا هاتیت، ئەو کاتە من لە پەخش بووم کە دەگەڕام جەنابی سەرۆک ببینم. بە باڵا بەرزییەکەتدا تۆم ناسییەوە.

نێچیرڤان بارزانی: شتێکی وا نەبوو. نازانم بۆچی وای لێهات و بۆچی وا گەورە کرا. بەڵام بێگومان من ئەو کۆمێنت و شتانەم کە بینی، زۆر سوپاسی هەموو لایەک دەکەم. بێگومان زۆر خەڵک رای خۆیان داوە. بەدڵنیاییەوە زۆری بەباشی و ئەرێنی، سوپاسیان دەکەم.

رووداو: زۆر سوپاس بۆ ئەوەی کە لەگەڵمان بوویت.

نێچیرڤان بارزانی: بەخێربێیت سەرچاو. زۆر سوپاس.

رووداو: زۆر سوپاس.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین