سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئوردن کۆبووه‌وه‌ کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە و کاروباری کۆچبەران لە شانشینی ئوردونیی هاشمی کۆبووەوە و تیشکیان خسته‌ سه‌ر "چۆنیه‌تیى بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەش لە بوارە سیاسی و ئابوورییەکان."

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی (14/شوبات/2025) لە به‌رده‌وامیی دیدار و کۆبوونه‌وه‌کانیدا له‌ کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەیمەن حوسێن عەبدوڵڵا ئه‌لسەفەدی، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە و کاروباری کۆچبەران لە شانشینی ئوردونیی هاشمی کۆبووەوە.

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا "پەیوەندییەکانی نێوان ئوردون و عێراق و هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد، هەروەها تیشکیان خسته‌ سه‌ر چۆنیه‌تیى بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەش لە بوارە سیاسی و ئابوورییەکان و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە."

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جەختی "لەسەر گرنگیی پەیوەندییەکان لەگەڵ شانشینی ئوردونیی هاشمی کردەوە و ئاماژەی بە ڕۆڵی کاریگەری ئوردون لە پشتگیریکردنی سەقامگیریی هەرێمایەتیدا کرد، هه‌روه‌ها خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی هاوکاریی هاوبەش لەگەڵ ئوردون دووپات کردەوە."

لە ڕاگەیێندراوەكە هاتووە، لاى خۆیەوە، ئەیمەن ئه‌لسەفەدی "پابەندیی ئوردونی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا دووپات کردەوە و ستایشی ڕۆڵی هەرێمی کوردستانی لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەکەدا کرد، هەروەها جه‌ختی له‌ گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگ و هاوکاریی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هەرێمایەتییەکان کرده‌وه‌."

پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و ناوچەکە، لەگەڵ چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبه‌ش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین