سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا كۆبووه‌وه‌ کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا لە ئەڵمانیا كۆبوونەوە و هەردوولا جەختیان "لەسەر گرنگیی هاوبەشیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پابه‌ندیى وڵاتەکەی بۆ بەردەوامیی پشتگیریی پێشمەرگە و بەهێزکردنی هاوکاریی سەربازی و ئەمنی له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا" كردەوە.

ئەمڕۆ هەینی (14/شوبات/2025) له‌ چوارچێوەی به‌شداریكردنى له‌ کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا، سەرۆك نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ گویدۆ كرۆسێتۆ وه‌زیرى به‌رگریى ئیتاڵیا، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا و بەهێزکردنی هاریكاریى هاوبەشى نێوان هه‌ردوولا و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى داعشیان تاوتوێ كرد.

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیێندراوێكدا دەڵێت، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی، "پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ ئەو پشتگیرییە دووپات کردەوە کە ئیتاڵیا لە بواری ڕاهێنانی هێزەکانی پێشمەرگە و بەهێزکردنی تواناکانی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژى داعشدا پێشکەشی دەکات، هه‌روه‌ها داكۆكى له‌ پێویستیى عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌ به‌رده‌وامیى پشتگیریى نێوده‌وڵه‌تى بۆ نه‌هێشتنى یه‌كجاره‌كیى داعش كرده‌وه‌."

لاى خۆیەوە،  وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا جەختی "لەسەر گرنگیی هاوبەشیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پابه‌ندیى وڵاتەکەی بۆ بەردەوامیی پشتگیریی پێشمەرگە و بەهێزکردنی هاوکاریی سەربازی و ئەمنی له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا کرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ستایشى ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستانى كرد له‌ پاراستنى سه‌قامگیرى له‌ ناوچه‌كه‌دا‌."

هەروەها دەشڵێت، "دوایین پێشهاته‌ ئەمنی و سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە، به‌تایبه‌تى دۆخى سووریا و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین