ئادەم دلێر: لە هەرێمی كوردستان گرنگی بە هونەری سەر شەقام نادرێت
دیمانە: چرا یاسین
هونەرمەند و ژەنیار، ئادەم دلێر، كە ماوەی (10) ساڵە سەرقاڵی هونەرییە، كاردەكات بۆ ئەوەی هونەری سەرشەقام لە كوردستان زیاتر برەوەی پێبدرێت و وەك خۆی لە دیمانەیەكی تایبەتی نوچە نێت دەڵێت: "دەبێت ئەو ڕێچکەیە بشکێنرێت وهونەری سەرشەقام بە عەیبە نەزانرێت، وە دەشبێت شوێنی جوان وکولتووریەکان پێشوازی لەم بوارە بکەن و پەرەی پێ بدەن".
دیمانەی ماڵپەڕی نوچە نێت لەگەڵ هونەرمەند و ژەنیار ئادەم دلێر:
ئادەم دلێر، لە دایکبووی ساڵی 1997 لە شاری هەولێر، لە کۆیەدا گەورە بووە، پاشان گەڕاوەتەوە شاری هەولێر ماوەی 10 ساڵە خەریکی کاری هونەرییە، وماوەیەکیشە کار لەسەر هونەری سەر شەقام دەکات.
نوچە نێت: سەرەتای هاتنە نێو بواری هونەریت چۆن بوو، و کارە هونەرییەکانت لە چی پێکدێن؟
ئادەم دلێر: من هەر لە مناڵیەوە ئەو حەزم لە میوزیك بووە بە داخەوە کە ماڵەوەم خێزانێکی هونەری نین، بەڵام باوکم دەنگی خۆشە و باپیریشم وەکو دەگێڕنەوە شوان بووە و دەنگی زۆر خۆش بووە. سەبارەت بە دەست پێکردنی ڕێچکەی هونەریم بە فەرمی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2014 کە بە خوولی هاوینە دەستم پێی کرد و هەر لەو ساڵەشدا بەشداری چەند فیستیڤاڵێکی گەورەم کرد کە بوونە سەپۆرتێکی باش بۆ من وەکو سەرەتای خۆ ناسینم لە ناو بوارەکەدا ئینجا زۆر بە حەز و خولیاوە چوومە ناو بوارەکە و زۆر زوو خۆم تیایدا دۆزیەوە و هەڵبەت گۆڕانکاریێکی زۆر و کاریگەرییێکی زۆری خستە سەر ژیان و دەروونم و بیرکردنەوە، هەموو شتێكم دەتوانم بڵێم سەدا دەی ژیانی من بە مۆسیقاوە ڕۆشتووە، بەڵام بە ئەزموونی باشەوە بێگومان . سەبارەت بە کارە هونەرییەکانم، من مۆسیقی وسۆنگ ڕایتەر وگۆرانی بێژم لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا بێگومان بەشداری چەندین فیستیڤاڵ وئیڤێنت وبەرنامەم کردووە، لەوانە (کورد ئایدوڵ) و (کوردستان ستار) وکۆتا بەرنامەشم (کوردیش تالينيت) بوو، سەبارەت بە بەرهەمی هونەریم سینگڵ کلیپێکم هەیە بەناوی (بابزانن)ە کە لە میلۆدی وئایدیای خۆمە، تێکست و دابەشکردنی مامۆستا (چیا مەدەنی)یە، سینگڵ تراکێکیشم بەناوی (وێنەی تۆ)ـە، ماوەکیشە دەستم کردووە بە گۆرانی گووتن لەسەر شەقام.
نوچە نێت: هونەربە گشتی و گۆرانی گوتن بە تایبەتی لای تۆ چی دەگەیەنێت؟
ئادەم دلێر: بۆ من وشەی هونەر لە هەر لایەن وبابەت وبوارێك بێت گرنگ نیە گرنگ ئەوەیە کە ئەو شتەیە من خۆمی تیایە ون دەکەم. من وابیر دەکەمەوە ژیان بەبێ هونەر هیچ بەهایەکی نییە، کە بێگومانیش هەر وایە. سەبارەت بە بوارەکەشم کە میوزیك وگۆرانیە من هیچ کاتێك هەوڵی ئەوەم نەداوە کە میوزیك وگۆرانی بە کاربێنم هەردەم ویستوومە وسوور بوومە لەسەر ئەوەی کە پەیامەکەی بگەیەنم. بۆیەش زۆرینەی کاتەکان باجەکەیم داوە گوێگرێکی باش نەبووە کە بەتەواوەتی لێم تێبگات کەسانێکی کەم هەبوون بۆ من کاتێك کە گۆرانی دەڵێم وەکو ئەوە وایە چۆن کەسێک لە بیابانێکا ون دەبێت وهیچ هیوایێکی نییە کە بژیت لە ناکاو دەگات بە کەنار دەریایێك لە تاوا نەك هەر بەوە ناوەستێت کە خۆی تێر بکات بەڵکو خۆی نقوومی ئاوەکە دەکات. ئەوە هەمان ئەو وێنەیە یە کە کاتێك من گۆرانی پێ دەڵێم وە بەڕاستی خۆمی تێدا نقووم دەبم ودەچمە دونیاێکیتر.
نوچە نێت: لە ڕێگەی هونەری سەرشەقامەوە دەتەوێت چ پەیامێک بگەیەنیت؟
ئادەم دلێر: پرسیارێکی جوانە! هەڵبەت ئەم پرسیارە وەڵامەکەی قسەی زۆرزیاتر لە خۆی دەگرێت، بەڵام گەر بە کورتی دەربارەی ئەمە وەڵام بدەمەوە، هونەر بە گشتی وموزیک بە تایبەتی جیا لەوەی سیمای جوانی شارن، لە جیهانیشدا بە بنەمایەکی گرنگی ناسینی کەلتوور وفەرهەنگی نەتەوە دادەنرێت، ودەتوانێت پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەنێوان خەڵک و فەرهەنگدا دروست بکات. بەتایبەت بۆ ئەو گەشتیارە بیانیانەی سەردانی ناوچەکان دەکەن.
هەروەها دەمەوێت پێش هەموو شتێك ئەوە بگەیەنم کە ئێمەش هیچمان کەمتر نییە لە وڵاتانی تر و ئێمەش دەتوانین کاری جوان بکەین، وە کەسانێك کە گەنجی خۆمانیان پێ کەمە یان لێیان ڕانابینن بزانن و ببینن کە ئێمەش لە تواناماندا هەیە ئەم کارە بکەیین، هەروەها دەمەوێت سیمای هونەری کوردی بە خەڵک نیشان بدەم، خەڵکانێك کە ڕانەهاتوون دەمەوێت ڕابێن دەمەوێت گەنجانێك کە ڕۆژانێك بە سکی برسیەوە هونەر دەکەن و چاویان لە دەستی ئەم و ئەوە، پشتگیرییان بکات بێنە سەر شەقام، چونکە من پێم وایە کە کارکردن بۆ جوانکردن و بەرەو پێشبردنی هونەر کارێکی پیرۆزە و ڕەوایە جگە لەوەش ڕێی لە هیچ شتێک و کەسێک نەگرتووە. بۆیە دەبێت ئەو ڕێچکەیە بشکێنرێت وهونەری سەرشەقام بە عەیبە نەزانرێت وە دەشبێت شوێنی جوان وکولتووریەکان پێشوازی لەم بوارە بکەن وپەرەی پێ بدەن.
نوچە نێت: پێشوازی خەڵکی بە گشتی چۆنە بۆ کارەکەت؟
ئادەم دلێر: کاتێك بۆ یەکەمجار دەچیتە سەرشەقام، سترێس دروست دەبێت، بەڵام من وام کە بڕیارێکمدا گرنگ نییە بەلامەوە خەڵک چی دەڵێت، هەڵبەت بە زۆر فلتەری ناخۆشتر لەوە تێپەڕیووم بۆیە پشتم تێکرد وگوێی خۆم نەدا پێی، دەرەنجامەکەشی سوپاس بۆ خوا بەو شێوەیە نەبوو کە بیرم لێی دەکردەوە خەڵکانێک کە ئەزموونیان نییە ونازانن ڕەخنە وقسەی ناشرین هەر دەکەن، بەڵام سوپاس بۆ خوا پشتگیرییەکی تا ڕادەیەک باشیش هەیە. گرنگ ئەوەیە کە من کاری خۆم بە کوالێتی دەکەم ئەوەشی کە لە هونەری کوالێتی تێبگات هەر ئەوە بۆ من بەسە.
ئەوەی جێگای دڵخۆشیە ولە ماوەی ئەو چەند جارەی کە لایڤی سەر شەقامم کردووە ئەوەیە کە خەڵکانێکی بیانی دێن وپشتگیریی کارەکە دەکەن وزۆرینەی کاتەکان پرسیار لە گۆرانی و ناوی هونەرمەندەکان دەکەن، منیش زۆر بە خۆشحاڵیەوە پێیان دەناسێنم. ئەمە هەمان ئەو هەستەم پێ دەدات کاتێک کە کوردێک دەچێتە وڵاتانی دەرەوە و ئاشنای کەلتووری ئەوان دەبێت، بەڵام بە داخەوە، وەکو هەمیشە کۆمەڵگاکەی خۆم دژم وەستاون بەشێکی زۆری بە جنێوی ناشرین و قسەی نەشیاو و ڕەخنەی ڕووخێنەر سەپۆرتیان کردووم، کە ئەوە ئیشی ئێمەیە، هەڵبەت هەمووشی نا کەسانێکی زۆر باشیش لە پشتم بوونە، من منەتم پێیە و پێی دەزانم، بەڵام من هەمیشە ئەوە بە خۆم دەڵێم کاری نوێ قوربانی دەوێت و دەبێت ئەو قوربانیەش بدەم تازە من بە کارەکە هەڵساوم هەر دەبێت تەواوی بکەم و پەیامەکەم بگەیەنم.
نوچە نێت: پڕۆژە وبەرنامەت هەیە بۆ برەودان بەو هونەرە؟
ئادەم دلێر: بێگومان من پێش هەموو شتێك حەز دەکەم شوێنێک هەبێت کە تایبەت بکرێت بە هونەری سەر شەقام وسیما وجوانی بە شار ببەخشێت ئەو شوێنەش نابێت دوور بێت لە دەرەوەی شار چونکە هونەری سەر شەقام جوانیەکەی لەوەدایە کە لە ناو خاڵکانێکی گشتی بکرێت وە لە شوێنێکی گشتی بکرێت. بەداخەوە لێرە ئێمە نە حکوومەت نە شارەوانی و نە هیچ کەسێك پشتگیریمان ناکات بەڵکو هەڕەشەشمان لێ دەکەن زۆر جار بە دەست بەسەرداگرتنی ئامێرەکانمان یان چاو سوور کردنەوە جگە لەوەش مۆڵ و شوێن و بازاڕە گشتیە گەورەکان کە شوێنە هەرە باشەکانن هیچ پێشوازیێك لەم بوارە ناکەن کە ئەمەش جێگای داخە، بەڵام هیوادارم لایەنی پەیوەندیدار بتوانن ئەم هەلە دەستەبەر بکەن و کاری لەسەر بکەن بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانین زیاتر پەرە بە کاری خۆمان بدەین و باشتر هونەری خۆمان بگەیەنین حەزیش دەکەم لە داهاتوو لەگەڵ گۆرانی گوتندا هونەرەکانی تریش بێنمە ناو کایەوە چ دانس بێت چ شێوە کردن بێت چی هەر هونەرێکی تر بێت .لە کۆتاییشدا هونەر و هونەرمەندی سەر شەقام وەکو هەر هونەرێکی تر ڕێزی لێ بگیرێیت و ئەم هونەرەش بەرەو پێش ببرێت.
نوچە نێت: تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی حکومی وپەیوەندیدار پشتگیرییان کردوویت؟
ئادەم دلێر: نەخێر بە هیچ شێوەیێك هیچ کەس ولایەنێکی حکوومی هاوکاری نەکردووم و ئەوەی تا ئێرە هێناومە بە ماندووبوونی خۆم و قوربانیدانەکانم بووە.سوپاسی خوا دەکەم کە ئەو بیر وباوەڕەی پێداوم کە هەمیشە هەست بە جیاواز بوونی خۆم دەکەم وهەمیشە ئەو وزەیەم هەیە کە دەڵێم ڕۆژێك دەگەم بەو شتەی کە دەمەوێت. سەبارەت بە پشتگیری کردنیش من هیوادارم ئەگەر هەر کەسێك پشتگیریمان دەکات لە هەر لایەنێکەوە ببێتە بار ئاسانی بۆمان نەوەکو بار گرانی، چونکە بەڕاستی ئەوەی لەم وڵاتە دەیبینم لە هیچ وڵاتێکی تر نەمبینیووە، یان پشتگیریی ناکرێین یان ئەگەر پشتگیریی بکرێین دەبێت ببین بە کۆیلە وماڵئاوایی لە خەون و ئامانجەکانمان بکەین، کە ئەوەش کەیسێکی ترە. بۆیە ئەم قسەیەم دووبارە دەکەمەوە.ئەگەر سەپۆرت دەکەن و دەبنە بارگرانی بۆمان ئەوا نەیکەن باشترە. دەبێت پشتگیریی کردن لە پێناو دروست کردنی گەنجان بێت ئینجا ئەویش دەتوانێت ڕێچکەی خۆی دروست بکات ودوو ڕۆژی تر ئەویش موکوڕ دەبێت لەسەری پشتگیریی دوو گەنجی تر بکات کە خزمەت بە وڵاتەکەی بکاتەوە.
نوچەنێت: هونەری سەر شەقام چی بەتۆ بەخشیوە؟
ئادەم دلێر: هونەری سەر شەقام زۆر شتت پێ دەبەخشێت لە لایەنی مەعنەوییەوە بە تایبەت لە زۆر ڕووەوە سوود دەبینیت، لەوانە ناسینی کۆمەڵگا وئەقڵیەتیان و مەوقیفی جوان مەواقیفی ناخۆش کە دروستت دەکات. جارێ بینینی کەسانێکی سادە کە هیچ لەم دونیایە تێناگەن وزەدەخەنەکانیان وزەی هەموو ماندوێتیت لا دەبات. هەروەها دروست کردنی پەیوەندی وڕێز وکۆمەڵێك شتی تر کە ئەوانە بە کورتی باسم کردن واتا وەسف ناکرێت بۆیە من پێم وایە هەر هونەرمەندێك پێش ئەوەی ببێتە هونەرمەند با بچێتە سەر شەقام و خۆی تاقی بکاتەوە، ئەگەر لەوێ دەرچوو ئەوا بەڕاستی هونەرمەندە، چونکە بەڕاستی ئەرکێکی قورسە و تۆ لەگەڵ کەسانێکی ئاسایی نیت یان لە ناو هەوادارەکانت، ئازایەتی ئەوەیە کە بە هونەرەکەت دڵی کەسێك بەدەست بهێنیت کە ناتناسێت و هیچ زانیاری دەربارەت نییە.
سەبارەت دوستکەوتی ئابووریش هەڵبەت ئەوە کەوتۆتەوە سەر زیرەکی وشارەزایی ولێهاتووی وشوێن و ژینگەی کەسەکە، بەڕای خۆم هەر کەسێك ئەگەر بەردەوام بێت لەسەر ئەم بوارە دڵنیام لە زۆر ڕووەوە سەرکەوتوو دەبێت. لەبارەی دەستکەوتنی داهاتیشەوە من شتێکی ئەوتۆ قازانج ناکەم، ونەبۆتە سەرچاوەی داهاتی ژیانی من، چونکە من کارم ئەوە نیە ئەوەشی دەیکەم تەنها بۆ حەزێکی خۆمە ولەبەر ئەو ئامانجانەیە کە لەسەرەوە باسم کرد (دروست کردنی ڕێچکەیێکی نوێی هونەری جوان) کە ئێمەش بڵێین شتانێکمان هەیە کە دڵمان پێی خۆش بێت وە من پێم وایە ئەوەی دەیکەم ڕاستە.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment