به‌ پاڵپشتى رووسیا ئاواره‌كانى گه‌ڕه‌كى ته‌ى قامشلۆ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ زێدى خۆیان کوردستانی

نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ رێككه‌وتنى هێزه‌كانى سووریاى دیموكرات "هه‌سه‌ده‌" و هێزه‌كانى رووسیا ده‌خرێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌ كه‌ بۆ وه‌ستاندنى شه‌ڕى نێوان ئاسایشى ئه‌نجوومه‌نى خۆسه‌ر و میلیشیاكانى سووریا له‌ قامشلۆ ئه‌نجام دراوه‌. ئاواره‌كانیش ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ زێدى خۆیان.

ماڵپه‌ڕى ئارتى رووسى بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، به‌ پاڵپشتى رووسیا ئاگربه‌ستێكى هه‌میشه‌یى له‌ نێوان هێزه‌كانى سووریاى دیموكرات "هه‌سه‌ده‌" و هێزى میلیشیایى به‌رگریى نیشتمانى سه‌ربه‌ ئه‌سه‌د كراوه‌ و ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 26ى نیسان ئاواره‌كانى گه‌ڕه‌كى ته‌ى له‌ قامشلۆ كه‌ به‌هۆى شه‌ڕه‌وه‌ ماڵه‌كانیان جێهێشت بوو، ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ زێدى خۆیان.

هاوكات چه‌ند ماڵپه‌ڕێكى نزیك له‌ هه‌سه‌ده‌ بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌، به‌گوێره‌ى رێككه‌وتنه‌كه‌ گه‌ڕه‌كى ته‌ى كه‌ پێشتر له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى میلیشیاكانى ئه‌سه‌د بووه‌، به‌ ئاسایشى ئه‌نجوومه‌نى خۆسه‌ر دراوه‌.

له‌وانه‌ ئاژانسى هاوار بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، چه‌كدارانى "به‌كرێگیراو" له‌ گه‌ڕه‌كى ته‌ى ده‌ركراون. ئاژانسه‌كه‌ چه‌ندان وێنه‌ى چه‌ك و ناسنامه‌ى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ گوایه‌ له‌لایه‌ن میلیشیاكانى ئه‌سه‌د له‌ گه‌ڕه‌كه‌كه‌ جێماون. هاوار دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌یانى ئه‌مڕۆ خه‌ڵك گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ماڵه‌كانى خۆیان.

رۆژى سێشه‌مى رابردوو له‌ گه‌ڕه‌كى ته‌ى شارى قامشلۆ شه‌ڕ و پێكدادان له‌نێوان ئاسایشى ئه‌نجوومه‌نى خۆسه‌ر له‌ رۆژئاواى كوردستان و هێزه‌كانى به‌رگرى نیشتمانى سه‌ر به‌ رژێمى ئه‌سه‌د دروست بوو، كه‌ جیا له‌ ئاواره‌بوونى خه‌ڵكى گه‌ڕه‌كه‌كه‌ چه‌ندان چه‌كداریش له‌ هه‌ر دوو لا كوژران.

روانگه‌ى سوورى بۆ مافه‌كانى مرۆڤ ئه‌و كات له‌ راپۆرتێكدا ئاشكراى كرد، هۆكارى شه‌ڕه‌كه‌ بۆ ئه‌و پێشیلكاریى و سته‌مه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ میلیشیاكانى سووریا ده‌رهه‌ق به‌ خه‌ڵكى شاره‌كه‌ ئه‌نجامى ده‌ده‌ن.

له‌ رۆژى پێنجشه‌مى رابردووه‌وه‌ هێزه‌كانى رووسیا له‌ رۆژئاواى كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌سه‌ده‌ خه‌ریكى دانوستاندن بوون، بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كه‌، به‌ڵام له‌ گه‌ڕه‌كى یه‌كه‌مدان شكستى هێنا، چونكه‌ هه‌سه‌ده‌ سێ مه‌رجى هه‌بوو.

نوچه‌نێت پێشتر له‌ هه‌واڵێكدا باسى له‌ مه‌رجه‌كانى هه‌سه‌ده‌ كردووه‌ كه‌ بریتین: ئه‌و چه‌كدارانه‌ى سووریا راده‌ست بكرێن كه‌ هێرشییان كردووه‌ته‌ سه‌ر بنكه‌یه‌كى ئاسایشى ئه‌نجوومه‌نى خۆسه‌ر، ئه‌و ناوچانه‌ى كه‌وتوونه‌ته‌ ده‌ست ئاسایش هه‌ر له‌ژێر ده‌ستیان بمێنێته‌وه‌، تاوتوێى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى میلیشیاكانى به‌رگرى نیشتمانى بكرێت.

وه‌ك له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ى ئه‌مڕۆ ده‌رده‌كه‌وێت، رووسیا داوایه‌كى هه‌سه‌ده‌ى جێبه‌جێ كردووه‌ و گه‌ڕه‌كى ته‌ى به‌ هێزه‌كانى ئاسایشى ئه‌نجوومه‌نى خۆسه‌رى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان داوه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین