سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: دکتۆر زه‌ڵمى تەنها زانا و بیرمەندێك نەبوو، هێمای چاكسازی و نوێكردنەوە بوو لە بیری ئیسلامی و یاسادا
نوچە نێت
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە (1-12-2024) سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەشداریی لە ڕێوڕەسمی سەدساڵەی لەدایكبوونی زانای گەورەی كورد و جیهانی ئیسلامی، پرۆفیسۆر دكتۆر مستەفا زەڵمیدا كرد كە لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر لەلایەن كۆڕبەندی هزری ئیسلامی و ڕێكخراوی ڕۆشنبیریی مستەفا زەڵمی-یه‌وه ڕێكخرابوو.
لە ڕێوڕەسمەكەدا كە ژمارەیەك لە بەرپرسانی حزبی، حكوومی، كەسایەتی ئەكادیمی، زانا و مامۆستایانی ئایینیی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان، نوێنه‌رانی ئه‌زهه‌ری شه‌ریف و كەسوكاری پرۆفیسۆر مستەفا زەڵمی ئامادەی بوون، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی وتەیەكی پێشكەش كرد، ئەمە دەقەكەیەتی:
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
به‌یانیتان باش،
هه‌موو لایه‌كتان به خێر بێن. به‌خێرهاتنێكى تایبه‌تى میوانانى به‌ڕێز له ئه‌زهه‌رى شه‌ریفه‌وه ده‌كه‌م كە ئەمڕۆ تەشریفیان هێناوە و لەگەڵ ئێمە لەم ڕێوڕەسمەدا بەشدارن، زۆر بە خێر بێن سەر چاوان. خۆشحاڵین كه له‌م دیدار و ڕێوڕه‌سمه‌دا بۆ یادى سەدساڵه‌ی له‌دایكبوونى پیاوێكی تایبەت، زانای گه‌وره‌ی كورد و جیهانی ئیسلامی، پرۆفیسۆر دكتۆر مستەفا زەڵمی، هەموو لایەك له‌گه‌ڵ ئێمه به‌شدارن، بە خێر بێن.
خوالێخۆشبوو زه‌ڵمى، تەنها زانا و بیرمەندێك نەبوو، بەڵكو هێمای چاكسازی و نوێكردنەوە بوو لە بیری ئیسلامی و یاسادا. ئەم پیاوە كە بۆ دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی دادپەروەر و مرۆڤانەتر ژیا، توانی بەها ئایینییە جێگیرەكان و پێداویستییەكانی سەردەمی نوێ، پێكه‌وه كۆبكاتەوە، به‌وه‌ش كارێكى مه‌زنى ئه‌نجام دا.
دكتۆر مستەفا خاوەن دیدێكی چاكسازیی گشتگیر بوو لەسەر بنەمای باوەڕێكی قووڵ بەوەی كە ئایینى ئیسلام ڕێگر نییە لە بەردەم پێشكەوتندا، بەڵكو هێزێكی پاڵنەرە بۆ گەشەكردن و نوێبوونەوە. باوەڕی وابوو كە یاساكان جێگیر نین، بەڵكوو ئامرازێكن بۆ خزمەتی مرۆڤ، بۆیه دەبێت گەشە بكەن، تاكوو لەگەڵ پێداویستیی گۆڕانكاریی گەلاندا بگونجێن.
دكتۆر زەڵمی خوێندنەوەیەكی نوێ و ڕۆشنگەرانه‌ى بۆ دەقە شەرعییەكان پێشكەش كرد. جەختی لەوە دەكردەوە كە ئیجتیهاد نابێت بوەستێت و تێگەیشتنی ڕووكەشانه‌ی دەقەكان، لەوانەیە ببێتە هۆی ڕێگری لە پێشكەوتنی كۆمەڵگەكان. پێی وابوو ئیسلام چونكه ئایینی بەزەیی و دادپەروەرییە، بە هیچ شێوه‌یه‌ك ستەم و جیاكاری، قبووڵ ناكات.
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
پێشتر هه‌م به‌رهه‌مه‌كانى، هه‌م ده‌رباره‌ى مامۆستا زه‌ڵمى خوێندبوومه‌وه. ده‌مزانى ئه‌وه‌ى ئێمه ده‌مانه‌وێت بیكه‌ین، بێ هاوكارى و پشتگیریى ئه‌و، هیچ ئاسان نابێت. بۆیه، هەروەكوو مامۆستا محەمەد شەریف گوتی، له یه‌كه‌م دیدارم له‌گه‌ڵ جه‌نابیاندا له 12ى ته‌ممووزى ساڵی 2007، داوام لێ كرد كە له كوردستان بمێنێته‌وه.
بوونی ئه‌و، زۆر پێویست بوو بۆ گۆڕانكاریی گه‌وره له یاسای باری كه‌سییدا. به شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر به‌شداریی كرد له گۆڕینی تێگه‌یشتنه هه‌ڵه‌كان سه‌باره‌ت به كێشه‌كانی وه‌ك: خه‌ته‌نه‌كردنی ئافره‌تان، ته‌ڵاق، كوشتنی ژنان و فره‌ژنی، ئه‌وه‌ش له ڕێگه‌ی گفتوگۆیه‌كی فیكری و فیقهیی به‌رهه‌مداره‌وه.
هه‌مان ساڵ به سه‌رپه‌رشتیی به‌نده و به سه‌رۆكایه‌تیی دكتۆر زه‌ڵمی و ئه‌ندامێتی (10) شاره‌زاى په‌یوه‌ندیدار، ده‌ست به ئاماده‌كردنی پرۆژه‌یاسا‌ی هه‌مواركردنی یاسای باری كه‌سیی كرا. ماوه‌ی زیاتر لە (8) مانگ كاریان له‌سه‌ر كرد و له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان زه‌مینه‌سازییان كرد.
له كۆتاییدا به شێوه‌یه‌كی پێشكه‌وتوو كه له‌گه‌ڵ ده‌قی قورئانی پیرۆزدا بگونجێت، ئاماده كرا؛ ئینجا له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و په‌رله‌مانی كوردستانیش په‌سه‌ند كرا. گۆڕانكارییه‌كان گەورە بوون، بێگومان، به‌بێ تێگه‌یشتنی قووڵی مامۆستا زه‌ڵمی بۆ قورئانی پیرۆز و فیقهـ، ئه‌مه جێبه‌جێ نه‌ده‌بوو. هه‌روه‌ها ئه‌و ڕۆڵى سه‌ره‌كیی گێرا بۆ باوه‌ڕپێهێنانی زانایانی ئایینی له گرنگیی ئه‌م گۆڕانكارییه و پشتگیریكردنیان.
مامۆستا زه‌ڵمی جووڵانه‌وه‌یه‌كی فیكریی گه‌وره‌ی دروست كرد له‌سه‌ر بنه‌مای تێگه‌یشتنی مرۆڤانه بۆ ئیسلام، دوور له‌و نه‌ریته كۆنانه‌ى كه بە هیچ شێوەیەك په‌یوه‌ندییان به ئایینه‌وه نەبوو. بۆیه كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی، به‌رده‌وام قه‌رزاری به‌خشینه زانستی و فیكرییه‌كانى مامۆستایه.
هه‌میشه بێ كۆڵدان، لەگەڵ پیاوانی ئایینی، ئەكادیمییەكان و یاسادانەران و سیاسه‌تمه‌داران كاری ده‌كرد بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگییەك لەنێوان بەها ئیسلامییەكان و پێداویستییە هاوچەرخەكاندا. ئەركەكه‌ى قورس بوو، بەڵام یاسایەكی به‌رهه‌مهێنا كە هاوسەنگییەكی وردی لەنێوان پاراستنی بەها كولتووری و ئایینییەكان و دەستەبەركردنی دادپەروەری و یەكسانیدا بۆ هەمووان، پێكهێنا.
ئەم یاسایە تەنها دەقێكی یاسایی نەبوو، بەڵكوو ڕەنگدانەوەی فەلسەفەی دكتۆر زەڵمی بوو كە ستەمی ڕەت كردەوە و مرۆڤسالارى و شكۆى مرۆڤى بەهێز كرد. ئه‌و، هه‌میشه جه‌ختى له ڕێزگرتن و شكۆمه‌ندیى مرۆڤ كردووه‌ته‌وه.
بەڕێزان،
دكتۆر زەڵمی، پێی وابوو كە بەهێزكردنی ئافرەت تەنها مەسەلەیەك نییه په‌یوه‌ندیى به مافه‌وه هه‌بێت، بەڵكوو فاكتەرێكی سەرەكییە بۆ بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی بەهێز و سەقامگیر. بۆیه یەكێك بوو لە یەكەم بەرگریكارانی پرسى ئافرەت و مافه‌كانى لە هه‌رێمى كوردستان.
بە شێوەیەكی بەرچاو بەشداریی كرد لە دەركردنی یاسای سزادانی هەموو جۆرەكانی توندوتیژی دژی ئافرەتان. یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی كە لە ساڵی ٢٠١١ دەرچوو، ئەنجامێكی ڕاستەوخۆی هەوڵە فیكری و یاسایییەكانی دكتۆر بوو.
هه‌میشه جەختی لەوە دەكردەوە كە توندوتیژی دژی ئافرەتان، تەنها كێشەیەكی تاكەكەسی نییە، بەڵكو هەڕەشەیە بۆ سەر كۆمەڵگە بە شێوەیەكی گشتی. پێی وابوو كە بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ ژن، هەنگاوێكی بنەڕەتییە بەرەو بەدیهێنانی كۆمەڵگەیەكی هاوسەنگ و دادپەروەر.
دكتۆر مستەفا ده‌یزانى كە چاكسازیی له بوارى یاسادا، تەنها به گفتوگۆى قووڵ و هاوكاریی نێوان لایەنە جیاوازەكان، بەدیدێت. باوەڕی وابوو كە شەریعەتی ئیسلام و یاسای مۆدێرن دژ بەیەك نین، بەڵكوو دەتوانن پێكەوە كار بكەن بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و یەكسانی، له‌وپێناوه‌شدا ڕه‌نجێكى زۆرى دا و ئه‌ركێكى مه‌زنى جێبه‌جێ كرد.
فەلسەفەكەی لەسەر ئەوە بنیات نرابوو كە ئایین سەرچاوەی ئیلهامی ئەخلاقی و دادپەروەرییە، لەكاتێكدا، یاسا دەبێت ئامرازێكی پراكتیكی بێت، بۆ پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و ڕێكخستنی پەیوەندییەكان، لەنێوان تاكەكانی كۆمەڵگەدا.
ئامادەبووانی بەڕێز،
میراتی دكتۆر مستەفا زەڵمی، تەنها كتێب و یاسا نین، بەڵكو پەیامی ئومێدە بۆ نەوەكانی داهاتوو. ئه‌و، فێری كردین كە ئیجتیهاد و كاری بەردەوام، تاكه ڕێگەن بۆ بەدیهێنانی پێشكەوتن. ئه‌وه‌ى سه‌لماند كه ئاستەنگەكان ڕێگر نین، بەڵكو پاڵنەرن بۆ داهێنان و نوێگەری.
دكتۆر زەڵمی، ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەوە لە ژیانیدا، بەڵام نموونەی ئازایەتی و پێداگری بوو. لە توێژینەوەكانییەوە تا چاكسازییه‌كانى له یاسادا، هەمیشە پابەند بوو بە خزمەتی زانست و كۆمەڵگە. بۆیه ژیانی ئه‌و، سەرچاوەی ئیلهامه بۆ هەموو ئەوانەی هەوڵی بنیاتنانی داهاتوویەكی باشتر بۆ گەلەكەیان دەدەن.
وەك لە یەكێك لە نووسینەكانیدا دەڵێت: "زانستى ڕاستەقینە ئەوەیە كە خزمەتی مرۆڤ دەكات و بەرزی دەكاتەوە، هەر زانستێك ئەمە بەدینەهێنێت، زانستێكی ناتەواوە."
ئێمە لە هەرێمی كوردستان پابەندین بە بەردەوامبوون لەسەر ئەو ڕێگەیەی دكتۆر زەڵمی كێشاویه‌تى. بەردەوام دەبین لە كاركردن بۆ بەهێزكردنی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی، پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و دڵنیابوون لەوەی كە كوردستان لانه‌یه‌ك بێت بۆ لێبوردەیی و پێكەوەیی.
بەردەوام دەبین لە كاركردنى جددی، بۆ دڵنیابوون لەوەی كە میراتە فیكری و یاسایییەكەی لە كۆمەڵگەكەماندا، به زیندوویى بمێنێته‌وه. ڕێنیشاندەرمان دەبێت لە بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی مەدەنی كە ڕێز لە فرەیی دەگرێت و بەها مرۆیییەكان، بەهێز دەكات.
بەڕێزان،
میراتی دكتۆر زەڵمی لە سنوورەكانی كوردستان و عێراق تێپه‌ڕیوه. دیدە فیكری و چاكسازییەكانی، تەنها ناوخۆیی نەبوون، بەڵكوو بوونە سەرچاوەی ئیلهام بۆ جیهانی ئیسلام و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش لە ساڵى 2013 له‌لایه‌ن شێخى ئه‌زهه‌رى شه‌ریفه‌وه، خه‌ڵات كرا.
ئه‌و تەنها پیاوێكی زانست نەبوو، بەڵكو هەڵگری پەیامی مرۆییی گەورە بوو: پەیامی دادپەروەری و لێبوردەیی كە ئەمڕۆ زیاتر لە هەر كاتێك، ئێمە پێویستمان پێیەتی. سەلماندی كە زانست و كاری بەردەوام، دەتوانێت ببێتە هێزی گۆڕانی ڕاستەقینە بۆ چاكه. ئەمڕۆ، كه لێرە وەستاوین، ته‌نیا بۆ یادكردنەوەی خۆى و میرات و دەستكەوتەكانی نییه، به‌ڵكوو بۆ نوێكردنەوەی پەیمانیشمانه بە بەرەوپێشبردنی پەیامەكەی.
ده‌ستخۆشى له ڕێكخه‌رانى ئه‌م دیداره ده‌كه‌م. زۆر سوپاس بۆ ماندووبوون و كارى دڵسۆزانه‌یان. سوپاس و پێ‌زانین بۆ هەموو ئەوانەی بەشدارییان كرد لە زیندووڕاگرتنی یادی ئەم زانا بەڕێزە.
هه‌موو لایه‌كتان به خێر بێن.
هه‌ر زیندوو بێت یادى خوالێخۆشبوو پرۆفیسۆر دكتۆر مسته‌فا زه‌ڵمى.
زۆر سوپاستان ده‌كه‌م،
هیواى ڕۆژێكى خۆشتان بۆ ده‌خوازم..
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment