سەنگی ئافرەت لە گوتارەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دا بیروڕا

نوچە نێت

نوسینی: چرا یاسین 

   پرسی ئافرەتان،  لەهەرێمی کوردستاندا یەکێکە لە پرسە سەرەکی و لە پێشینەییەکانی کۆمەڵگە، کە ئێستا وەک پرسێکی گرنگ و بایەخدار و لە هەمان کاتدا فەرامۆشکراو چاوی لێ دەکرێت. زۆر کەمن ئەوانەی بەدەم ژن و کێشە و مافەکانیانەوە دەچن. بە تایبەت لە ئاستی سیاسی و کەسانی باڵای هەرێمی کوردستان. بەڵام خۆشبەختانە سەرۆک (نێچیرڤان بارزانی)، لەپاڵ گرنگیدان بە تەواوی ئەو پرس و گرفتە سیاسیانەی ڕووی لەهەرێمەکەمان کردووە، پرسی ژنی،  لە ئەولەویاتی کارەکانیدا هەژمارکردووە. ڕەنگدانەوەی ووتارەکانی لەماوەی مانگێکدا لە گرنگیدان بە ڕووڵی ئافرەتان دەرخەری ئەم ڕاستیەن.

  سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرکردەی دیاری کورد، کە بووەتە سومبولی ئاشتەوایی و پێکەوە ژیان. لەمێژووی دروست بوونی کابینەی پێنجەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، وەک یەکەم سەرۆک وەزیرانی کابینەی یەکگرتنەوەی کورد.  پاش مێژوویەکی دوری دوو کابینەی لەهەرێمەکەماندا. لەیەکەم نەفەسی سەرۆکایەتی کابینەکەیەوە هەمیشە بەهەندەوە خوێندنەوەی کردووە بۆ ماف و ئەرکەکانی ئافرەتانی کوردستان. وە ئەم گرنگیدانەی بە ڕۆڵی ئافرەتان لە ئەولەویاتی بڕیارە سیاسی و کارەکانی حکوومەتە یەکە لەدوای یەکەکانی بووە. بۆنموونە ڕاگەیاندنی باڵانسی یەکسانی و بەڕێزەوە ڕوانین لە مافی ئافرەتی کورد، لە ساڵی (٢٠٠٥) وە، بووە بڕیاری جێبەجێکراوی کابینەکەی، لەکاتێکدا دۆخی ژنان لەوپەری خراپیدا بوو توندوتیژی دژ بە ژنان بەردەوامیی هەبوو. بەڵام لەگەڵ دروستبوونی کابینەی پێنجەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، هەوڵیدا ئاڕاستەی حکوومەتەکەی بە دروستکردنی کۆمەڵگایەکی یەکسان و نەهێشتنی توندوتیژیی دژ بە ژنان فەراهەم بهێێت،  لەم پێناوەشدا چەند ڕێوشوێنێکی گرنگی گرتەبەر، لەڕووی یاسایی و چەسپاندنی مافی ژنی کورد لە ڕێگەی پرۆژە یاساو چەسپاندنی لە پەرلەمانی کوردستاندا، گەرەنتی تێدا باشبوونی دۆخی ئافرەتان بوو لە هەرێمی کوردستاندا. 

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، بەردەوام گوتارە سیاسییەکانی ڕووەو ئاشتی کۆمەڵایەکی و یەکسانی و دیموکراسی بووە، لە نێویشیاندا ئافرەتان بنەمایەکی زۆر گرنگ و بە هەند وەرگیراو بووە لە سیاسەتەکەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دا، بۆیە هەمیشە لە دەرکەوتن و گوتارەکانیدا چەندین پەیامی گرنگ و جیاواز ئاراستەی ئافرەتان دەکات. بەردەوامیش جەختی لەوە کردووەتەوە کە کۆمەڵگەیەکی کراوەی ئازاد و پێشکەوتووی مەدەنی، بێ ئازادیی ئافرەت و مسۆگەریی تەواوی مافەکانیان نایەتە دی. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، هەمیشە دووپاتی دەکاتەوە کە ئامانجیان سازاندنی کۆمەڵگایەکە، کە تواناکانی ئافرەت سنووردار نەکات، بە هەر جۆرێک لە جۆرەکان، ئافرەت تێیدا هەست بە ستەم و ژێر دەستەیی نەکات و پەراوێز نەخرێت.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، بەردەوام خاوەن گوتاری بەهێز بووە، کە گوزارشت لە دیموکراسی و ئاشتی کۆمەڵایەتی وپێگەی ئافرەت و مافەکانیان دەکاتەوە. لە چەندین ووتاری بەم دواییانەی دەرخەری ئەو ڕاستییەن. لێرەدا تیشک دەخەینە سەر چەند نموونەیەک لەگرنگیدانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، لە ووتارەکانیدا، کە مشتێکن لە خەرواری خەباتی سەرۆک بارزانی، بۆ فەراهەمکردنی مافەکانی ئافرەتان و دەرخستنی ڕۆڵ و کاریگەریی گرنگیان لە کۆمەڵگەدا.  

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە بۆنه‌ی ده‌ستپێکردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی کوردستانەوە، لە ووتارەکانیدا جەختی دەکردەوە لەسەرپاراستنی ماف و پێگەی ئافرەت، هەروەها هەمیشە پەیامەکانی جەختکردنەوە بوو لەسەرپاراستنی ماف و پێگەی ئافرەت. کە دەلێت: " جەخت لەسەرپاراستنی ماف و پێگەی ئافرەت دەکەمەوەو لایەنە سیاسییەکان و کاندیدەکان دوژمنی یەکتر نین بەڵکو رکابەری سیاسی یەکترن".

هاوکات لە گوتاری کەرنەڤاڵی بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ سەرخستنی کاندیدانی پارتەکەی لە شاری دهۆک. بە ئامادەبوونی (مەسروور بارزانی) سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، و (مەسعود بارزانی) سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان. سەرۆک ( نێچیرڤان بارزانی)، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ووتارێکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد، لە ووتەکانیدا کاتێک باسی لە خستنەڕووی پلانەکانی داهاتووی حیزبەکەی کرد، تیشک دەخاتە سەر دەرخستنی ڕۆڵی ئافرەت و مسۆگەرکردنی مافەکانیان.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، جیا لەو گوتارانەی کە بۆبانگەشەکانی هەڵبژاردن پێشکەشیکردوون، لە (١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤)، لەکاتی بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی بیست و نۆیه‌مین خولی ده‌رچووانی پێگه‌یاندنی كۆلێژی سه‌ربازیی دووی زاخۆ، لە کاتی پێشکەشکردنی ووتارەکەی بۆ مەراسمی ڕێوڕەسمەکە، وێرای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆیان بۆ سەرکەوتنی قوتابیانی بەشداربوو لەم ڕێوڕەسمەدا، کە ژمارەیەکی دیار لە کچانی کوردستان لەناو دەرچواندا بوون و پلەی ئەفسەریان پێ درا، جێگەی فەخرو بوو لای سەرۆک نێچیرڤان بارزانی. 

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، لە ووتارەکەیدا ڕاگەیاند، خۆشحاڵە لەگەڵ قوتابیان و کەسوکارییان، بەشداریی لە دەرچوونی ئەفسەرانی (٢٩)ی پێگەیاندنی کۆلیژی سەربازی زاخۆ دەکات. دەرچوونی ئەو ژمارە زۆرە ئەفسەرەی لەو خولە سەربازییەدا بە جێی شانازیی بۆخۆی و هەموو خەڵکی کوردستان زانی، ولەهەمان کاتدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان،  گوتیشی ”زیاتر جێی خۆشحاڵییە کە لەناو دەرچواندا (٥٠) کچی کوردستان، (١٣) ئێزیدی و دەرچوویەکی کاکەیی هەیە. ئەمە جێی دڵخۆشی هەموومانە، بە گەرمی و بە دڵ پیرۆزبایی لە هەموو ئێوە و لە خانەوادە و کەسوکاری ئێوە دەکەم، کە ئەمرۆ لەم مەراسیمەدا لەگەڵ ئێمە بەشدارن. پیرۆزبێت لە ئەوان، پیرۆزبێت لە ئێوە و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم”.

جارێکی تر و لەمەراسیمێکی نوێی تردا لەبەرواری ١٦/١١/٢٠٢٤ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی دەرچوونی خولی چوارەمی پێگەیاندنی ئەفسەرانی کۆلیژی سەربازیی قەڵاچواڵان. لەکاتی پێشکەشکردنی ووتارەکەیدا بۆ دەرچوانی ئەم خولە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، چەندین پەیامی گرنگی خستەڕوو تایبەت بە کچان و ژنان. وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیان بەو ژمارە بەشداربووەی کچان و ژنان لە کۆلێژی سەربازیی جەخت دەکاتەوەو دەڵێت: "زۆر خۆشحاڵم کە دەبینم خۆشحاڵم کە ٧٦٩ گەنجی وڵاتەکەمان بە گڕوتینێکی نوێوە چەکدار بە زانست و دیسپلینی سەربازی نوێوە لەم کۆلێژە دەردەچن. ئەوەی زیاتر جێگەی خۆشحاڵیە، لەو دەرچووانە  ٤٨ یان خانمن. ئه‌وان ئێستا دواى نۆ مانگ خوێندن و ڕاهێنان ده‌رده‌چن و پله‌ى مولازم وه‌رده‌گرن. خوێنێكى نوێ به‌ به‌ر هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستاندا ده‌كه‌ن. دڵنياين، ئێستا كه‌ خه‌ڵكى كوردستان ئه‌م ديمه‌نانه‌ ده‌بينن، به‌ شانازييه‌وه‌، هه‌ست به‌ سه‌ربه‌رزى ده‌كه‌ن " 

لە ستایشی ئەو ڕێژە بەشداربووەی خانمان لەم خولەدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەڵێت:" ئەمە سەرەتای وەچەرخانێکی گرنگ و پێویستە لە مێژووی پێشمەرگایەتی و هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی و بە شانازییەکی زۆرەوە بەشداری کچان و ژنانی کوردستان لە ڕیزەکانی پێشمەرگە و هێزە چەکدارەکانمان لەم ڕۆژەدا بەرز دەنرخێنم". هەر لە وتارەکەیدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، هەوڵی ئافرەتانی کوردی لە مێژووی نەتەوەکەماندا بەرز دەنرخێنێت و تیشک دەخاتە سەر بایەخی بەشداریکردنی ژنان لە کایە سیاسییەکاندا و گرنگی ڕۆڵیان لەوبوارەدا، و سەرۆکی نێچیرڤان بارزانی دەڵێت:   "ئافرەتانی کوردستان بە درێژایی مێژووی خەباتی گەلەکەمان سەلماندوویانە، کە هاوبەشی سەرەکی و کاریگەرن لە بونیادنانی نیشتیمان و بەرگریکردن لە خاک و وڵات لەم پێناوەدا قوربانی زۆریان داوە، کە مایەی رێز و شانازیین. بوونی ژن لە دامەزراوەی سەربازی و ئەمنیدا تەنیا نیشانەی پێشکەوتنی کۆمەڵگاکەمان نییە، بەڵکو بەڵگەی باوەڕی قوڵی ئێمەیە بە یەکسانی و دادپەروەری و هاوبەشی ڕاستەقینە لە هەڵگرتنی بەرپرسیارییەتی نیشتیمانی و ئەرکە گرینگەکاندا".  

بنەمای یەکسانی، یەکێکە لە گرینگترین بنەما سەرەکیە دەستوریەکان کە هەموو ماف و ئازادییە گشتییەکانی لەسەر بەندە، لە نێوانیشیاندا مافی سیاسی. بەشداریکردنی ئافرەت لە کایەی سیاسیدا گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە بەشداری ئافرەت نیشاندەری ڕادە و ئاستی پێشکەوتنی ئەوکۆمەڵگایە و ئاستی هۆشیاری ئەندامانی کۆمەڵگەیە، سەبارەت بە پرسە گرنگەکانی پەیوەست بە ژیانیان. بە پێچەوانەوە نەبوونی سەرکردایەتی ژن و لاوازی بەشداری سیاسی ئافرەتان لە پرۆسەی سیاسی، یەکێک بووە لە گەورەترین ئالنگارییەکان، کە بەدرێژایی مێژوو ڕووبەڕووی ئافرەتان بووتەوە لە بوارە گشتییەکان و مافی بڕیاردان لە وڵاتانی جیهاندا. 

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، لەگرنگیدان بە پرسی ئافرەتان تەنها لە چوارچێوەی ناوهێنانی ژنی کورد لە ووتارەکانیدا قەتیس نەبووە، بەڵکو بە هەڵوێستیش  بەردەوام داکۆکی لەو خاڵە کردووە، کە بڕوای پتەوی بە چەسپاندنی مافەکانی ژنانی کورد هەیە لەسەرجەم بوارەکانی ژیاند.  هەروەک لە کاتی بەڕێوەچوونی  دیداری مێری دا، کەبریتی بوو لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ساڵانەی ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە کە لە ڕۆژانی ٢٩-٣٠-ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤دا، لەژێر دروشمی'' بەرەوحکومڕانی دروست و خۆشگوزەرانی بەڕێوەچوو''. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەکاتی بەشداربوونی لە دووەمین ڕۆژی دیدارەکەدا، لەکاتی بەرێوەچوونی  پانێلێک بە ناونیشانی ''هەرێمی کوردستان لە ناوچەیەکی ئاڵۆزدا'' کاتێک بڕگەی پرسیاری ڕۆژنامەنووس و ئامادەبووان دەستی پێکرد، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، تێبینی ئەوە دەکات کە دەرفەت کەمتر بە خانمان دەدرێت بۆ ئەوەی پرسیاری ئاڕاستە بکەن، هەر لەو کاتەشدا خانمێک لە هەوڵی ئەوە دایە دەرفەتی پرسیارکردنی پێ بدرێت و مایک وەربگرێت، بەڵام بەڕێوبەری پانێلەکە دەرفەت بە پیاوێکی دیکە دەدات، بۆیە ڕاستەوخۆ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، قسەیان پێ دەبڕیت و گلەییەک ئاڕاستەی بەڕێوبەری پانیلەکە دەکات و دەڵێت:'' بۆ ئەم خانمانە وەرناگریت؟ ئەوانیش حەز دەکەن پرسیار بکەن''.  

هەربۆیە لەسۆنگەی ئەم نوسینە کورتەمانەوە ئەوەی دەمانەوێت بیگەیەنینە گوێیی خوێنەرەکانمان، گەیاندنی پەیامەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، لە ئاست گرینگی و ڕۆڵ پێدانیان بە ئافرەتی کورد. چ لە ڕێگەی ووتارەکانیانەوە بووبێت یاخود بە واقیعی بیروباوەڕیان بووە لەسەر پارستن و گرنگیدان بە تواناکانی ئافرەتی کورد لەسەرجەم بوارەکانی ژیان

سەرچاوەکان:

1ـ https://presidency.gov.krd/shrok-nechyrvan-barzany-proshy-yhkkhstny-peshmhrghshrdhkhhyn/

2ـ https://presidency.gov.krd/shrok-nechyrvan-barzany-kol-nadhyn-ayradhy-gddyman-hhyh-bo-yhkkhstnhohy-peshmhrgh/

3ـ https://www.youtube.com/live/F-BiSL44I58?si=wOTYMshtEPdqgymK

4ـ https://haremnews.com/details/51362

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین