سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق دەکات کوردستانی

نوچە نێت

باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق سەردانی سەرۆك بارزانی كرد و ستایشی ڕێژەی زۆری بەشداریی هاووڵاتیانی هەرێم لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكات.

ڕۆژی دووشەممە (11/تشرینی دووەم/2024) لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە پاتریک دۆریل باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق کرد.

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی بارەگای بارزانی، لە كۆبوونەوەكەدا كە یان برێم کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێریش ئامادەی بوو، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق "پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لە سەرۆک بارزانی کرد و پێزانینشی بۆ ڕێژەی زۆری بەشداریی هاووڵاتیانی هەرێم لە کەشێکی ئارام و دیموکراسیانەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ئۆکتۆبەری ڕابردوودا" هەبوو.

لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی "بەشداریی بەرچاوی هاووڵاتیان و بەڕێوەچوونی سەرکەوتوانەی هەڵبژاردنی بە پاڵپشتێکی گەورە بۆ شەرعیەت و دامەزراوەکانی هەرێم لە قەڵەم دا و سوپاسی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنەکانیشی کرد بۆ چاودێریکردنی ئەو هەڵبژاردنە."

لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا "هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرا و جەختیش لە پەیوەندیی و دۆستایەتیی نێوان گەلی کوردستان و گەلی فەڕەنسا کرایەوە."

ڕاگەیێندراوەكە دەشڵێت، "لە بەشێکی تری ئەو دیدارەدا باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ بایەخدان و پاڵپشتیکردنی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی سەتساڵەی لەدایکبوونی خاتوو دانیال میتێران کە ڕۆژی 12ی تشرینی دووەمی 2024 لە شاری هەولێر بەڕێوە دەچێت."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین