زۆرترین ژماره‌ى پەنابه‌ران ڕوو لە ئەڵمانیا دەکەن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ئەڵمانیا یەکێک لە سەرەکیترین ئەو وڵاتانەیە کە پەنابەران ڕووی لێ دەکەن. لە ڕاپۆرتێکی ناوخۆیی یەکێتی ئەوروپادا هاتووە کە ئەڵمانیا لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢١دا، نزیکەی یەک لەسەر چواری کۆی داواکارییەکانی پەناخوازی تۆمارکردووە. زیاترین پەناخوازان هاووڵاتیانی سووریا، ئەفغانستان و عێراقين.

ئەمڕۆ شەممە ٢٤ی نیسانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "دویچە ولە" بڵاوی کردەوە، لە سێ مانگەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١دا زیاتر لە ٢٦ هەزار داواکاری پەناخوازی لە ئەڵمانیا تۆمار کراوە. بە گوێرەی ڕۆژنامەی "دی ولت" بە پێی هەڵسەنگاندنێکی ناوخۆیی کە لە کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپادا ئامادە کراوە، زیاتر لە ٤١٪ی ئەو کەسانەی داوای پەنابەرییان تۆمار کردووە لە وڵاتانی سووریا، ئەفغانستان و عێراق هاتوون.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، لە سێ مانگەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١دا، بە گشتیی ١٠٢ هەزار داخوازی بۆ پەنابەری لە یەکێتی ئەوروپا، سویسڕا و نەرویج تۆمار کراون. هەڵبەت ڕێژەی داخوازییەکان لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١دا نزیکەی یەک لەسەر سێ لە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو کەمی کردووە.

یەکێتی ئەوروپا لە هەڵسەنگاندنەکەی خۆیدا ئاماژەی کردووە کە پەتای کۆرۆنا هۆکاری سەرەکی کەمبوونەوەی ڕێژەی پەنابەران لە ئەوروپا بووە.  

 


 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین