سەرۆك نێچیرڤان بارزانی: ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن به‌ شێوه‌یه‌كى ئارام و شارستانییانه‌‌ سه‌ركه‌وتنێكى گه‌وره‌یه‌ کوردستانی

نوچە نێت

ئەمڕۆ دووشەممە (21/تشرینی یەکەم/2024) سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی کۆتایی هاتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، " هه‌ڵبژاردن نوێكردنه‌وه‌ى ڕه‌وایه‌تیى دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و گه‌یاندنى ئازادانه‌ى بیر و ده‌نگتان بوو، بۆ دیاریكردنى نوێنه‌ره‌كانتان له‌ په‌رله‌مان".

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "ئەوەی سەرکەوتنی هەڵبژاردن و تەواو دەکات و گەلی کوردستان بە پەرۆشەوە چاوەڕێیەتی، ئەوەیە دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکان، لایەنە سیاسییەکان بە زووترین کات حکومەت پێکبهێنن".

 

دەقی پەیامەکەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

 هاووڵاتییانى خۆشه‌ویست،

به‌ڕێزان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و پێكهاته‌كانى كوردستان،

به‌بۆنه‌ى كۆتاییهاتن و سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌، به‌ گه‌رمى پیرۆزبایى له‌ ته‌واوى گه‌لى كوردستان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه‌ ده‌كه‌م. هه‌ڵبژاردن و پرۆسه‌ى ده‌نگدان، هه‌ڵنانى هه‌نگاوێكى گرنگ بوو له‌ به‌هێزكردنى ڕه‌وتی دیموكراسیى گه‌لى كوردستاندا. هاوكاریى هه‌موو لایه‌ك بۆ سه‌رخستن و به‌ڕێوه‌چوونى بێ كێشه‌ى پرۆسه‌كه‌، مایه‌ى شانازى و پێزانینه‌. له‌م سه‌ركه‌وتنه‌دا، گه‌لى كوردستان براوه‌یه‌.

هه‌ڵبژاردن نوێكردنه‌وه‌ى ڕه‌وایه‌تیى دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و گه‌یاندنى ئازادانه‌ى بیر و ده‌نگتان بوو، بۆ دیاریكردنى نوێنه‌ره‌كانتان له‌ په‌رله‌مان. ئه‌وه‌ى له‌ گیانى كێبڕكێى ئاشتییانه‌ و ڕێژه‌ى به‌شداریى فراوانى هاووڵاتییان له‌ بانگه‌شه‌ و پرۆسه‌ى ده‌نگداندا بینرا، ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ گه‌لى كوردستان مكوڕه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى بنه‌ماكانى دیموكراسى و مافى خۆى بۆ بڕیاردان له‌ چاره‌نووس و داهاتووى خۆى، به‌هێز بكات و نیشانه‌ى زیندوویى و پێگه‌یشتنى زیاترى كولتوورى دیموكراسیى گه‌لى كوردستانه‌.

زۆر سوپاس بۆ هاووڵاتییانى كوردستان، هه‌روه‌ها بۆ هه‌وڵ و كۆششى هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان، حكوومه‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى عێراق، یوونامى و ته‌واوى ئه‌و لایه‌نانه‌ى له‌ به‌ڕێوه‌بردن و سه‌رخستنى ئه‌م پرۆسه‌یه‌دا، به‌شدار بوون. پابه‌ندى و هاوكاریى هه‌موو لایه‌كتان، كلیلى ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ بوو. ده‌ستخۆشى و پێزانینمان ئاراسته‌ى هه‌مووان ده‌كه‌ین.

ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن به‌ شێوه‌یه‌كى ئارام و شارستانییانه‌‌، سه‌ركه‌وتنێكى گه‌وره‌یه‌ كه‌ جیهان به‌ ڕێزه‌وه‌ سه‌یرى ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ ته‌واو ده‌كات و گه‌لى كوردستان به‌ په‌رۆشه‌وه‌ چاوه‌ڕێیه‌تى، ئه‌وه‌یه‌ دوای په‌سه‌ندکردنی ئه‌نجامه‌کان، لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌ زووترین كات حكوومه‌ت پێكبهێنن.

حكوومه‌تێك كه بتوانێت سه‌قامگیریى پته‌وتر و ئابوورییه‌كى به‌هێز بهێنێته‌‌ ئاراوه‌ و بره‌وى زیاتر به‌ مافه‌كان بدات، پێویستییه‌كى له‌پێشینه‌ى قۆناغ و ئاڵنگارییه‌كانى ئێستا و بنیاتنانى داهاتووى هاوبه‌شمانه‌، ئه‌وه‌ش به‌ گیانى پێكه‌وه‌یى و ته‌بایى و هاریكاریى هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و پێكهاته‌كان ده‌كرێت.

سڵاو و دروود له‌ گیانى پاكى شه‌هیدان.

هیواى سه‌ركه‌وتن بۆ هه‌موو لایه‌ك ده‌خوازم.

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2024/10/21

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین