سەرۆک نێچیرڤان بارزانى لێبووردوونێکى تایبەتى بۆ ژمارەیەک حکومدراو دەکرد کوردستانی

نوچە نێت

دڵشاد شەهاب، گوتەبێژى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لێبوردنێکی تایبەتی بۆ ژمارەیەک لە حوکمدراوان دەرکرد و بڕیاری بە قەزاکردنی تەقتەقی دەرکرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە (13/ تشرينى يەکەم/ 2024) گوتەبێژى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان راگەیاند، بەپێی بڕگەی( 6) لە ماددەی دەیەم لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ـ عێراق ژمارە ( 1 )ی ساڵی 2005 هەموارکراو، ئەمڕۆ یەکشەممە 2024/10/13، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، فەرمانی ژمارە ( 336) دەرکرد کە لێبوردنێکی تایبەتە بۆ ژمارەیەک لە حوکمدراوانی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پرۆسەیەکی لێبوردندا کە بەردەوامی دەبێت.

دڵشاد شهاب ئاماژەى بەوەش کرد بەپێی ئەو فەرمانە، ( 17) حوکمدراو کە بەشی زۆری ماوەی حوکمەکەیان تەواو کردووە و دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە، لێبوردنە تایبەتییەکەی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەیانگرێتەوە.

گوتەبێژی سەرۆکایەتی ڕوونی کردەوە، کە ئەو فەرمانە دەرئەنجامی ڕاسپاردەیەکی پێشتری سەرۆکی هەرێمی کوردستانە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی نێوان سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و ئەنجوومەنی دادوەری، هەروەها دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی بەندیخانە و چاکسازییەکان. لیژنەکە لە ماوەی ڕابردوودا لە دۆخی ئەو حوکمدراوانەی کۆڵیوەتەوە کە سەرباری تەواوکردنی ماوەیەکی زۆری حوکمەکەیان، مەترسیییان نەماوە و دەتوانن تێکەڵی کۆمەڵگە ببنەوە، بۆیە پێشنیازی ئازادکردنی کردوون.

لە لایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، فەرمانی ژمارە (335)ی تایبەت بە هێنانەکایەی قەزای (تەقتەق)ی دەرکرد.

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان  ڕایگەیاند پاش ئەوەی هێنانەکایەی قەزای (تەقتەق) لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێشنیاز کرا و ڕەوانەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کرا، ئەمڕۆ بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی هەرێمی بۆ هێنانەئارای قەزاکە دەرکرد.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین