سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران سەردانی هەولێر دەکات کوردستانی

نوچە نێت

بە مەبەستی برەودان بە پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەكان و دروستکردنی هەماهەنگی زیاتر، مەسعوود پزیشکیان سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات.

ڕۆژی سێشەممە (10/ئەیلوول/2024) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاویکردەوە، بەیانی چوارشەممە مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، "بۆ یەکەم جار دوای دەستبەکار بوونی وەک سەرۆک کۆماری ئێران سەردانی بەغدا و هەولێر دەکات، چاوەڕوان دەکرێت ڕێککەوتنی ئابووری و بازرگانی گرنگ ئەنجامی سەردانەکە بێت".

چاوەڕوان دەکرێت لە سەردانەکەیدا، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ هەریەکە لە، "سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە وەکالەت، سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری و بەرپرسانی تری عێراق و هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە".

بە گوێرەی سەرچاوەکان، چاوەڕوان دەکرێت لەم سەردانەی سەرۆک کۆماری ئێراندا (15-10) ڕێککەوتننامە واژۆ بکرێت کە زیاتر پەیوەستە بە هەماهەنگییە ئابووری، پەروەردەیی و کلتوورییەکان و ئەگەری هەیە تاوتوێی رێککەوتنی ئەمنیش بکرێت.

ڕۆژی پێنجشەممە (12/ئەیلوول/2024) پزیشکیان سەردانی هەریەکە لە شارەکانی نەجەف، بەسرە، کەربەلا دەکات و دواتر سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.

هەریەکە لە وەزیرانی دەرەوە، بەرگری و بازرگانیی ئێران یاوەری سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئێران دەبن. ڕۆژی سێشەممە (30/تەمموز/2024) مەسعوود پزیشکیان بە فەرمی وەک سەرۆک کۆمار دەستبەکار بوو، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامادەیی ڕێوڕەسمەکە بوو، ڕۆژێک دواتر هەردوو سەرۆک کۆبوونەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمی بانگهێشتی سەرۆک کۆماری ئێرانی کرد بۆ ئەوەی سەردانی هەولێر بکات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین