كڕیارەكانی نەوتی عێراق كێین؟ ئابووری جیهان

نوچە نێت: تایبەت

ئا: سنوور یاسین

پێشەکی

لە چەند مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا عێراق ئامانجی بووە کەرتی نەوت زیاتر گەشە پێبدات، وە هەنگاوی گرنگ و خێرای بۆ ئەم پرسە گرتووەتە بەر بۆ نموونە، وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای نەوتی بەریتانی یاداشتنامەیەکیان واژۆ کرد سەبارەت بە گرنگی دانی زیاتر بە کێڵگەکانی نەوت و گازی کەرکووک. حکومەتی عێراق بەردەوام جەخت دەکاتەوە پێویستە هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی وزە بە ئامانجی زیادکردن و پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی نەوت، فراوانکردنی وەبەرهێنان لە گاز و وزەی خۆر لە ناوچەکەدا. 

هەنگاوە کردەییەکان

ڕۆژی پێنجشەممە (یەکی ئاب/2024) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاویکردەوە، "یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن واژۆ کرا لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیایەکی بەریتانی دەربارەی نەوت و گازی کەرکووک".

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیێدراوێکدا ڕایگەیاند، "محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرپەرشتی ڕێوڕەسمەکەی کردووە، جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق نوێنەرایەتی عێراقیان کرد بۆ واژۆ کردنی ڕێککەوتننامەکە، مورای ئۆچینکلۆس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی بەریتانی نوێنەرایەتی لایەنی بەرامبەری کردووە".

لە ڕاگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، "یاداشتنامەکە پەیوەندیدارە بە نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی کێڵگەکانی نەوتی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک وەک، کێڵگەکانی بابا و ئاڤانا، بای حەسەن، جامبوور و خەباز. هەروەها هەردوو لایەن ڕازی بوون ڕێککەوتن دەکرێت دەربارەی کێڵگەکانی تر یاخود گەڕان بە دوای کێڵگەی نوێدا".

ریزبەندی عێراق لە نێوان وڵاتانی جیهان

عێراق لە پلەی دووەمی ئەم وڵاتانەیە کە نەوتی خاو دەنێرن بۆ ئەمەریکا، تەنیا لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بە بەهای زیاتر لە (511) ملیۆن دۆلار نەوتی خاوی هەناردە کردووە.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی ئەمەریکا، "وڵاتانی عەرەبی لە مانگی حوزەیران (16,430,000) بەرمیل نەوتی خاویان بە بەهای (1.41) ملیار دۆلار هەناردەی ئەمەریکا کردووە".

ئامارەکان ئەوە ئاشکرا دەکەن، "هەناردەکردنی نەوتی سعوودیە بەهاکەی 616,150,000)) دۆلار بووە، لە پلەی یەکەمی لیستەکەیە، نزیکەی (7.15) ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەناردە کردووە. عێراق (6.05) ملیۆن بەرمیل نەوتی بە بەهای (511.33) ملیۆن دۆلار لە پلەی دووەمدایە".

وڵاتی ئیمارات لە پلەی سێیەم دایە، "(2) ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەناردە کردووە، بە بەهای (175,81) ملیۆن دۆلار، هەناردەکردنی نەوتی خاوی لیبیاش بۆ ئەمەریکا گەیشتووەتە (1.23) ملیۆن بەرمیل بە بەهای )107.64( ملیۆن دۆلار، لە پلەی چوارەمدایە.

هەر بە گوێرەی ئامارە بڵاوکراوەکان، "کوەیت پلەی پێنجەمی وەرگرتووە لە هەناردەکردنی نەوتی خاو بۆ ئەمەریکا، (692) هەزار بەرمیلی ڕەوانە کردووە، بە بەهای (58) ملیۆن و (334) هەزار دۆلار.

ئامارە فەرمییەکان

لەلایەکی ترەوە وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرای کرد، تەنها لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، هەناردەکردنی نەوتی ئەم وڵاتە لە (600) ملیۆن بەرمیل زیاتر بووە.

ڕۆژی شەممە (سێی ئاب/2024) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاویکردەوە، بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، "هەناردەکردنی نەوت بۆ نیوەی یەکەمی ئەمساڵ لەم وڵاتەدا (600) ملیۆن بەرمیلی تێپەڕاندووە، بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە".

ئامارەکانی وەزارەتەکە ئەوە ئاشکرا دەکەن، "کۆی گشتی هەناردەکردنی نەوت گەیشتووەتە (618,444,445) بەرمیل نەوت کە داکاتە تێکڕای مانگانە (103) ملیۆن و (407) هەزار بەرمیل، ئەگەر خەمڵاندنی ڕۆژانەی بۆ بکرێت دەکاتە (3) ملیۆن و (433) هەزار بەرمیل، ئەم داتایەنەش بەراورد بە نیوەی یەکەمی ساڵی ڕابردوو بە رێژەی (3.77٪) زیادیکردووە".

وەزارەتی نەوتی عێراق ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە، "هەناردەکردنی نەوتی خاو لە بەندەری بەسرە و ناوچەکانی ناوەڕاستەوە گەیشتووەتە (611) ملیۆن و (952) هەزار و (117) بەرمیل، پالاوگەی گەیارە (3) ملیۆن و (999) هەزار و (417) بەرمیلی هەناردە کردووە. سەرەڕای ئەوانەش، (2) ملیۆن و (133) هەزار و (111) بەرمیل نەوتی خاو لە ڕێگەی تانکەرەکانەوە هەناردەی ئوردن کراوە".

نزیکەی (%65) ی نەوتیی خاوی عێراق بۆ بازاڕەکانی ئاسیا هەناردە دەکرێت، هیندستان و چین پشکی لە پێشینەی وڵاتانیان بەرکەوتووە، (%20) نەوتی ئەم وڵاتە بۆ ئەوروپا، (%15) ی نەوتەکەش بۆ ئەمەریکا هەناردە دەکرێت.

لە ڕاگەیێندراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراقدا هاتووە، "زیاتر لە (108) ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە کراوە لە مانگی تەمموز، زیاتر لە یەک ملیۆنى ئەو ژمارەیە لە بیرە نەوتەکانی نەینەوا بووە. ئەم ڕێژەیەش بە بەراورد بە مانگی حوزەیراندا شەش ملیۆن بەرمیل زیاترە". 

لە ڕاگەیێندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، "مانگى رابردوو (108) ملیۆن و (53) هەزار و (356) بەرمیل نەوت هەناردە کراوە، تێکڕاى هەناردەى رۆژانە (3.4) ملیۆن بەرمیل بووە".

هەرێمی کوردستان

ئەگەرچی نزیک دەبینەوە لە (18) مانگ لە ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەڵام کۆمپانیا جیاوازەکان کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان ڕانەگرتووە هەروەک کۆمپانیای (DNO)ـی نەوت و گازی نەرویجی ڕایگەیاند، "بەرهەم هێنانمان لە هەرێمی کوردستان بەرز بووەتەوە، لە چارەکی دووەمی ئەمساڵ (35) ملیۆن دۆلار قازانجمان کردووە. بەهۆی بەرز بوونەوەی ئاستی بەرهەم هێانی نەوت لە کێڵگەکاندا داهاتمان بەرز بووەتەوە". 

بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمپانیاکە، "تێکڕای بەرهەم هێنان لە چارەکی دووەمدا لە هەرێمی کوردستان گەیشتە (79,783) بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئەمەش بە بەراورد بە چارەکی یەکەمی (2024)، (5٪) بەرزبووەتەوە".

لە ڕاپۆرتێکدا DNO ئاشکرای کردووە، زیادکردنی بەرهەم هێان بەشێوەیەکی سەرەکی لە کێڵگەکانی فیشخاپوور و تاوکی بووە، بەرهەم هێنانی یەکێکیان (49) هەزار و (999)  بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، ئەوەی تریش (30) هەزار و (684) بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرهەم دەهێنێت".

کۆمپانیاکە باسی لەوەش کردووە. "تێکڕای نرخی فرۆشتنی نەوت لەم کێڵگانە (30) دۆلار بووە بۆ هەر بەرمیلێک بۆ بازرگانانی ناوخۆیی، کۆی گشتی داهاتی (137) ملیۆن دۆلار بووە".

DNO ئاشکرای کردووە، "هەرێمی کوردستان وەک ناوچەی سەرەکی بەرهەم هێنان و یەدەگی کۆمپانیاکەمان دەمێنێتەوە، (%75) ی بەرهەم هێنانی نەوت لە کێڵگەی تاوکێ لەلایەن DNO بەڕێوە دەچێت".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین