مەکتەبى سیاسى پارتى پەیامێکى بڵاوکردەوە کوردستانی

نوچە نێت

لە یادی 78 ساڵەی دامەزراندنیدا، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە، لە بەشێکى پەیامەکەیدا هاتووە، یادی دامەزراندنی پارتی ھەنگاوێکی گرنگ و بێھاوتا بوو لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد و خەباتی نەسرەوتووی گەلەکەمان، ھەمیش پێویستییەکی مێژوویی بوو بۆ بەدیھێنانی خواست و ئامانجەکانی گەلەکەمان.

ئەمڕۆ هەینى (16/ ئاب/ 2024) مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان پەیامێکى بڵاوکردەوە، لە بەشێکى پەیامەکەى هاتووە، “ئەمڕۆ حەفتا و ھەشت ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان تێدەپەڕێت، کە لە شازدەی ئابی ساڵی 1946، لە نێو تاریکایی زوڵم و ستەم و ڕۆژگاری پڕ دەردەسەریی ئەوکات و لە وەرچەرخانێکی مێژووییدا، پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرا و سەرکێشیی خەباتێکی نەپساوەی لە پێناو ئازادیی گەل و خاک و نیشتمان لە ئەستۆ گرت و لەوساوە تا ئێستا، لە سەنگەری پێشەوەی قوربانیدانە و بۆتە ناسنامەی کوردایەتی و قۆناغ دوای قۆناغ، بە پێی ھەلومەرج و دەرفەتەکان دەستکەوت گەلێکی فرەلایەنی بۆ گەلی کوردستان وەدەستھێناوە، کە ئەمڕۆ بە شانازییەوە یادیان دەکەینەوە.”

لە بەشێکى دیکەى پەیامەکە هاتووە، “یادی دامەزراندنی پارتی، تەنیا یادی حزبێکی سیاسی نییە، بەڵکو یادی ھزرێک، ڕێبازێکە، کە ھەم ھەنگاوێکی گرنگ و بێھاوتا بوو لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد و خەباتی نەسرەوتووی گەلەکەمان، ھەمیش پێویستییەکی مێژوویی بوو بۆ بەدیھێنانی خواست و ئامانجەکانی گەلەکەمان."

مەکتەبى سیاسى پارتى بتاس لەوەش دەکاتن، “زنجیرەی خەباتی نەپساوەی چەکداریی و سیاسیی و دیپلۆماسیی و میدیایی پارتیمان لە قۆناغە جیاجیاکانی تێکۆشانیدا لە سەردەمی پاشایەتی و کۆماریدا و ھەروەھا لە شۆڕشەکانی ئەیلوولی مەزن و گوڵان و ڕاپەڕینی ئاداری 1991ـدا و، ھەموو ئەو دەستکەوتانەی لەو کاروانە نەپساوەدا بەدیھاتوون، گەواھیدەری ئەوەن، کە پارتی ھێزێک و ڕێکخستنێک و بزووتنەوەیەکی پێشەنگ و پشتئەستوور بووە بە جەماوەر و تێکڕای چین و توێژ و پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزھەبییەکانی کوردستان، ھەروەھا بە گیانی کوردایەتی و کوردستانی و کولتووری دایالۆگ و برایەتی و پێکەوەژیان لەسەر ئاستی نێوخۆ و پارچەکانی دیکەی کوردستان کاری کردووە بۆ بەدیھێنانی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و سەرخستنی دۆزە ڕەواکەمان و دابینکردنی مافەکانمان.”

ئەمڕۆ کە یادی شکۆداری 16ـی ئابە، گەلەکەمان قۆناغگەلێکی دوور و درێژی بڕیوە و سەدان ھەوراز و نشێوی دیکەی تێپەڕاندووە و چەندین مین و پیلانی پوچەڵ کردۆتەوە و بە ئومێدەوە لە ئایندە و ئاسۆیەکی گەش دەڕوانێت. پارتی کە ئەو ھەموو پیلان و گەلەکۆمەکییەی لێکرا، وەک پێشڕەوی کوردایەتی و کۆڵنەدان، وەک ھەمیشە شۆڕەسواری مەیدانە و  ھەڵوێستە سیاسییەکانی و خۆڕاگریی و بەرگریی مەردانەی لە خاک و مافی گەلی کوردستان، ھێندەی دیکە پێگە و نێوبانگی لەسەر ھەموو ئاستەکان بەھێزتر کردووە و بەرنامە نیشتمانی و ئاوەدانخوازییەکەشی جێگەی ئومێدی جەماوەرە، پتەوی ڕیزەکانی نێوخۆشی وایکردووە ئەھلی ئەو پڕکێشییە سەخت و دژوارانە بێت.

سەبارەت بە داهاتووى کوردستانیش ئاماژە بەوە دەکات، لە یادی 16ـی ئابدا، بە متمانەیەکی زۆرەوە بەرەو کوردستانێکی ئاسوودە و سەقامگیرتر ھەنگاو دەنێین بۆ بەھێزترکردنی پێگەی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسیی ھەرێم، بەرەو ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە لە 20ـی ئۆکتۆبەری 2024 ئەنجام دەدرێت، ھەڵبژاردنێک کە پارتیمان بە بایەخەوە لێی دەڕوانێت و ھاوکارین بۆ سەرخستن و ئەنجامدانی پڕۆسەیەکی دیموکراسییانەی پاک و بێگەرد و بێ دەستتێوەردانی ھیچ لایەک، تا دەنگدەرانی کوردستان ئازادانە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و لە کەشێکی ئارامدا نوێنەرانی خۆیان بۆ پەرلەمان ھەڵبژێرن، کە لە ئاست ئەرکەکانی قۆناغەکەدا بێت و، بتوانێت سەقامگیریی کوردستان وەک ھەمیشە بپارێزێت و ژیان و گوزەرانی خەڵک بەرەو باشتر ببات، ھەڵبەتە ئەمەش پێویستی بە یەکڕیزی و یەکھەڵوێستیی نەتەوەیی و نیشتمانیی ھەیە، ئەو یەکڕیزییەی، کە پارتیمان ھەوڵی بۆ داوە و زۆرترین نەرمیشی لە پێناودا نواندووە.

هەر لەو پەیامەدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، لە ڕوانگەی بەخەمەوەبوون بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی ھەرێم و جێبەجێکردنی دەستوور، جگە لە ھەرێم لە چوارچێوەی عێراقیشدا لە پەیوەندی و گفتوگۆی بەردەوامدا بووە تا بەشێوەیەکی ئاشتییانە و لێکتێگەیشتن لەسەر بنەمای پڕەنسیپەکانی ھاوبەشی، سازان، ھاوسەنگی، چارەسەر بۆ جیاوازییەکان بدۆزێتەوە و خەڵکی کوردستانییش بە مووچەخۆرانی ئازیزیشەوە بە ماف و شایستەکانییان بگەن، ئەم چارەسەرییانەش ببنە بناغەی پێکەوەژیانی پێکھاتە جیاجیاکانی عێراقی فیدراڵ.

دەبارەى پەیوەندییەکانى ناوچەویی و نێودەوڵەتییەکانیش دەڵێت، “لەسەر ئاستی ناوچەکەش، پارتیمان لە پێناو ئارامی و ئاساییشی خەڵکی کوردستان بەردەوام ھەوڵی داوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە پەیوەندییەکی باش و ھاوسەنگدا بێت کە بەرژەوەندیی ھەموو لایەکی تێدا پارێزراو بێت و، ھەرێمی کوردستان وەک ھەمیشە مایەی سەقامگیریی ناوچەکە بێت و، وەکو چۆن چاوەڕوانین لە دراوسێکانمانەوە ھەڕەشە لەسەر کوردستان نەبێت، بەھەمان شێوە ھەرێم نابێتە گۆڕەپانێک بۆ ھەڕەشە لەسەر ئاساییشی سنوورەکانی ئەو وڵاتانە و ڕێز لە سەروەریی ھەموو لایەک بگیرێت."

لەو یادە پڕ شکۆیەدا، بەڵێن و پەیمان بۆ گەلی کوردستان و سەرۆک (مەسعود بارزانی) دووپات دەکەینەوە، وەک ھەمیشە لەسەر ھەمان ڕێبازی نەگۆڕ و ڕەسەن و ڕاستەقینەی کوردایەتی و نەتەوەیی و نیشتمانیمان بەردەوام بین بۆ پاراستنی قەوارەی سیاسیی شەرعییانەی ھەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانمان، ھەروەھا بەھێزکردنی بنەماکانی ئاشتەوایی و دیموکراسیی و کوولتووری لێبوردەیی و پێکەوەژیان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین