سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: حەسرەتی کۆمەڵکوژی و دەربەدەربوونی کوردانی ئێزدی ھەتاھەتایە لەبیر ناکرێن کوردستانی

نوچەنێت

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە ساڵیادی جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزدی لە شنگال ڕایدەگەیێنێت، "پەکەکە و ھەر ھێزێکی نایاسایی دەبێت شنگال جێبھێڵن، تاوەکو ھەمووان پێکەوە بتوانن ئاسایش، ژیان، ئاوەدانی، ئومێد و ھیوا بگێڕینەوە بۆ شنگال."

ڕۆژی شەممە (سێی ئاب/2024) سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەشداری لە رێوڕەسمی ساڵیادی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان و لە گوتارێکدا ڕایگەیاند، "ھەستانەوە لە جینۆساید، دەستکردنەوە بە ژیان، دروستکردنەوەی ئومێد و ھیوا بە داھاتوو بۆ ئێزدییان لە دۆخ و سەردەم و جوگرافیای ئاوادا، کارێکی ئاسان نییە و بەڵکو زۆریش سەختە، بەڵام خۆڕاگری و ئیرادەیان بۆ ژیان و مانەوە و بەردەوامی، وا دەکات ئێزدی چۆن لە رابردوودا بە دەیان فەرمانی نەھێشتن و قڕکردن لەناو نەچوون، ئاوھا ئەمجارەش لەسەر سووتماک و نەھامەتییەکانی ئەو جینۆسایدە، ھەستنەوە سەرپێ و دەست پێبکەنەوە."

 

دەقی گوتارەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان: 

جەنابی میری ئێزدییان، میر حازم تەحسین بەگ،

جەنابی بابەشێخ،

خوشک و برایێن خۆشەویست یێن ئێزدی،

ئامادەبووانی بەڕێز،

بەیانیتان باش..

ھەموو لایەکتان بەخێر بێن بۆ رێوڕەسمی یادی بەئازاری ١٠ ساڵەی جینۆسایدی ئێزدییان. یادی یەکێک لە تاوانە ھەرە دڕندەکانی مێژوو، کە ئەمڕۆ دوای ١٠ ساڵ، ھێشتا برینێکی کراوەیە و تا ئێستا ھاووڵاتییانی ئێزدیمان بە دەست لێکەوتەکانیەوە دەناڵێنن. یادی تاوانکارییەکی دیکەی ترسناک کە چووە ریزی کیمیاباران و ئەنفال و راگواستن و زیندەبەچاڵکردن، وێرانکردن و ھەموو ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە گەل و خاکی کوردستان کراون.

 شەھیدبوونی زیاتر لە ‌(٥,٠٠٠) کەس کە سەتانیان پێکەوە گولـلەباران کران و لە نزیکەی (١٠٠) گۆڕی بەکۆمەڵدا خرانە ژێر خاک، رفاندنی زیاتر لە (٦,٤١٧) کچ و ژن و منداڵی ئێزدی، بەسەبیکردن و کڕین و فرۆشتنیان لە بازاڕەکاندا، کە بەداخەوە ھێشتا چارەنووسی (٢,٥٩٦)یان نادیارە، وێرانبوونی شنگال و دەوروبەری، دەربەدەربوونی سەتان ھەزار خەڵکی شنگال و ناوچەکە، ئازار و حەسرەتی ھەموو ئەمانە، نە لە (١٠) ساڵدا، ھەتاھەتایە لەبیر ناکرێن!

 جینۆسایدی ئێزدییان لە سەردەمی جیھانی مۆدێرن و پێشکەوتندا، شۆکێکی گەورەی باوەڕنەکراو بوو کە تەواوی مرۆڤایەتی لە جیھاندا ھەژاند. بوو بە خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی کوردستان و عێراق کە دەبووایە زۆر جددیتر ھەڵوەستەی لەسەر بکرێت و ھەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێکەوە کار بکات بۆ ئەوەی ھەرگیز و ھەرگیز لە شوێنێکی دیکە ئەم تاوانە دووبارە نەکرێتەوە. ھەموو ھەوڵێک بخرێتە گەڕ بۆ ئەوەی تاوانکاران بە سزای خۆیان بگەن، دادپەروەر‌ی بۆ قوربانییان جێبەجێ ببێت و بە ھەموو شێوەیەک قوربانییان قەرەبوو بکرێنەوە!

لەم یادەدا بەوپەڕی شکۆدارییەوە یادی قوربانییان دەکەینەوە. لەبەردەم گیانی پاکیاندا سەر دادەنوێنین. ئەوان بۆ ھەمیشە لە یادی ھەموو کوردستانییەک و ھەر مرۆڤێکی بەویژداندا دەمێننەوە. سڵاو و ڕێز بۆ ماڵبات و کەسوکاری دڵبرینی قوربانییان. لە نزیکەوە ھەست بە ژان و ئازاریان دەکەین. ئاگادارین و دەزانین بەردەوام لە چ حەسرەت و ئاھـ و خەمگینییەکدا رۆژ و شەوانیان بەسەر دەبەن. ھاوسۆز و ھاوخەم و ھەمیشە پشتیوانیانین. 

 

بەڕێزان،

ھەستانەوە لە جینۆساید، دەستکردنەوە بە ژیان، دروستکردنەوەی ئومێد و ھیوا بە داھاتوو بۆ ئێزدییان لە دۆخ و سەردەم و جوگرافیای ئاوادا، کارێکی ئاسان نییە و بەڵکو زۆریش سەختە، بەڵام خۆڕاگری و ئیرادەیان بۆ ژیان و مانەوە و بەردەوامی، وا دەکات ئێزدی چۆن لە رابردوودا بە دەیان فەرمانی نەھێشتن و قڕکردن لەناو نەچوون، ئاوھا ئەمجارەش لەسەر سووتماک و نەھامەتییەکانی ئەو جینۆسایدە، ھەستنەوە سەرپێ و دەست پێبکەنەوە.

ئەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کراوە بۆ داننان بە جینۆسایدی ئێزدییان، ھاوکاریی نێودەوڵەتی، ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان و لە عێراق بۆ خزمەتی ئێزدییان کراوە لە دانانی یاسای (رزگاربووانی ئێزدی و پێکھاتەکانی دیکە لە مەسیحی و تورکمان و شەبەک)، بڕینەوەی یارمەتیی مانگانە لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق و ھەروەھا پشتیوانی لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە کە بۆ یارمەتیدانی ئاوارە ئێزدییەکان بۆ گەڕانەوە بۆ شنگال و چەندین ھەنگاوی دیکەش، جێی رێز و پێزانین و دەستخۆشین، بەڵام بە دڵنیایییەوە ھیچێک لەوانە بەس نین و ھێشتا زۆر ماوە کە دەبێ بۆ گەلی خۆشەویستی ئێزدییان بکرێت.

کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی جینۆساید، ئەرک و بەر‌پرسیاریەتیی ھاوبەشی ھەمووانە لە عێراق و ھەرێمی کوردستان و تەنانەت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش. چارەسەرکردنی لێکەوتەی دەروونی، کۆمەڵایەتی، مرۆیی، ئابووری و ژینگەیی جینۆساید، ئەرکێکی قورس و درێژخایەنە کە توانا و پسپۆڕی و پێویستیی زۆری دەوێت. ئێمە ھەموومان جگە لە بەردەوامی و سەرخستنی ئەو ئەرکە، ھیچ ڕێگەیەکی دیکەمان لەپێش نییە و دەبێ بیکەین. دەبێ چارەنووسی ونبووان ئاشکرا بکرێت و کەسوکاریان لە ئازاری بەردەوامی چاوەڕوانی ڕزگار بکەین.

بۆ ئەم مەبەستە ھەموو خوشک و برایانی ئێزدی دڵنیا دەکەینەوە ھەتا تاقە رفێندراوێک مابێت، کاری تیمەکانی نووسینگە بۆ رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی بەردەوام دەبێت. بە ھەزاران قوربانی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن پێویستییان بە چارەسەری دەروونی و چاودێریی تایبەتی ھەیە، دەبێ بۆیان مسۆگەر بکرێت و یارمەتییان بدرێت بۆ گێڕانەوەیان بۆ ژیانی ئاسایی. شنگال و دەوروبەری، پێویستی بە ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاری و مسۆگەرکردنی ئارامی و سەقامگیرییە. بۆیە پێویستە حکومەتی عێراقی فیدراڵ لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھاوکاری بکات بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنامەی شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخەکەی.

پێویستە خزمەتکردنی خەڵکی شنگال و پێکھاتەی ئێزدی، کاری لەپێشینەی ھەموومان بێت. ھەموو پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی چیتر شنگال و ئێزدی نەبنە گیرۆدەی ئەجێندای حزبی و سیاسی و بارمتەی دەستی ھاوکێشە و ھێزە ناوچەیییەکان. شنگالییەکان دەبێت خۆیان کارو‌باری خۆیان بەڕێوە ببەن و چیتر دیلی دەستی ھێزەکانی دەرەوەی سنوور نەبن.

بۆیە PKK و ھەر ھێزێکی نایاسایی، دەبێت شنگال بەجێبھێڵن تاوەکو ھەمووان پێکەوە بتوانن ئاسایش، ژیان، ئاوەدانی، ئومێد و ھیوا بگێڕینەوە بۆ شنگال. لە عێراقی فرەئایین و نەتەوەدا، بوونی کارای دامەزراوەکان و جێبەجێکردنی دەستوور، گەرەنتیی پاراستنی ھەموو پێکھاتەکان و ماف و ئێستا و داھاتوویانە. کلیلی ئارامی و سەقامگیری و پێشکەوتنی وڵاتە، بۆیە دەبێ ھەموومان کار بکەین بۆ جێبەجێکردنی دەستووری ھەمیشەییی عێراق. 

 

ئامادەبووانی بەڕێز..

ئێزدیاتی، ئایینی ژیاندۆستی، مرۆڤدۆستی و یەکترقبووڵکردنە، کێشەی لەگەڵ ھیچ ئایین و باوەڕێکی دیکەدا نییە. ئێزدی بە سرووشتی خۆیان خەڵکێکن زۆر حەز دەکەن بە خۆشی و ئاشتییانە لەگەڵ دەوروبەردا بژین، بۆیە کۆمەڵگەیەکی تا بڵێی حەز بە ئاشتی و ئارامی و سەقامگیرین. لەگەڵ وڵات و گەل و دەر و دراوسێدا زۆر دڵسۆز و مرۆڤپەروەرن، بۆیە ئێزدی بنەمایەکی گرنگی کولتووری دەوڵەمەندی فرەیی و پێکەوەژیان و لێبوردەیین لە کۆمەڵگەی کوردستانی و عێراق.

بە جینۆسایدکردنی ئێزدییان، داعش ویستی دوژمنداری و لێکترازان و ناکۆکی بخاتە نێوان پێکھاتەکانی کۆمەڵگە و کولتووری پێکەوەژیانمان تێک بدات. بە داخەوە لە شنگال و لە ھەندێ ناوچەی دیکە، ئێزدی لە خەو ھەستان و بینییان کە درواسێ و کریڤی چەندین ساڵە، بەرگ و بیری رەشی داعشیان پۆشیوە و دەست لە ھیچییان ناپارێزن. ئەوە بە راستی جێی ئازارێکی قووڵ و ژانێکی گەورەیە.

بۆیە خەڵکی ئێزدیمان ئێستا دوای (١٠) ساڵ لە جینۆساید و مەینەتییەکانی، لە ھەموو شتێک زیاتر پێویستییان بە دروستکردنەوە و بنیاتنانەوەی متمانەیە. ئەرکی ھەموومانە، لە ھەموو روویەکەوە ھەرچی پێویستە بیکەین بۆ ئەوەی دڵنیایی، متمانە، ھیوا و ئومێد بە داھاتوویەکی گەش و پارێزراو، بە ئێزدییان ببەخشین. ڕێگەیەک بدۆزینەوە کە ئەوەی بە سەر ئەواندا ھاتووە، ئیتر بۆ ھەمیشە ببێتە ھۆکاری پاراستن و ھەرگیز ڕۆژی ڕەشی وا نەبیننەوە. 

جگە لەو ھەموو ئەرکانەی دەکەوێتە سەر شانی حکومەت و لایەنە سیاسی و پەیوەندیدارەکان بۆ خزمەتکردنی ئێزدییان، دەمەوێت ئاماژە بەو رۆڵە گرنگەش بکەم کە زانکۆکان دەتوانن بیگێڕن. زۆر گرنگە دامەزراوە ئەکادیمییەکانمان توێژینەوەی زانستی و تێزی ئەکادیمی بە زمانی جیاواز تەرخان بکەن بۆ لێکۆڵینەوە لە ئێزدییەکان کە چۆن ئایین و کولتوور و نەریت و زمانی خۆیان پاراستووە؟

بۆیە داوا لە زانکۆکانمان دەکەم بەشێک لە تێزی ماستەرنامە و دکتۆراکانیان بۆ پرسی ئێزدییان تەرخان بکەن کە ھەموو کایەکانی ژیانیان لەخۆ بگرێت. بەم کارە سەکۆیەک بۆ ئێزدییان دەڕەخسێنین بۆ دەربڕین و بەرگریکردن لە کەیسەکەیان، ھەروەھا بۆ پاراستنی ڕەسەنایەتی و میراتیان، تا ببێتە سەرچاوەیەکی بەڵگەنامە و دیکۆمێنت و لە سەرچاوە جیھانییەکاندا.

لە کۆتاییدا بەوپەڕی رێز و پێزانینەوە یادی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دەکەینەوە کە بە سەرکردایەتیی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی شەنگال گیانیان بەخشی. دروود بۆ گیانی پاکیان، یادیان ھەمیشە بە خێر بێت. سڵاو بۆ خێزان و کەسوکاری سەربەرزیان دەنێرین.

سوپاس بۆ ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە بۆ تێکشکاندنی داعش یارمەتیی عێراق و ھەرێمی کوردستانیان دا. چۆن پێکەوە داعشمان تێکشاند، ئاواش پێکەوە بە ھاریکاریی ھاوبەش لە ھەموو بوارەکاندا، بیری تاریکی تیرۆر و توندڕەوی و توندوتیژی  لەناو دەبەین. بۆ ئەم مەبەستە دەبێ بەردەوام لە کار و ھەوڵ و کۆششدا بین، چونکە داعش بە بۆچوونی ئێمە ھێشتا مەترسییەکی ڕاستەقینەیە کە ھەڕەشە لە ئارامی و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە دەکات. 

دەستخۆشی لە زانکۆی کوردستان ھەولێر و نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزدی دەکەم بۆ ڕێکخستنی ئەم یادە. ھەر بەم بۆنەیەوە بە ناوی خۆم و ئێوەشەوە، بە گەرمی دەستخۆشی لە بەرپرسان و تیمەکانی نووسینگە دەکەم بۆ ڕزگارکردنی ڕفێندراوان. ڕزگارکردن و گەڕانەوەی (٣,٥٧٩) ڕفێندراو کارێکی مەزن و مایەی سوپاس و پێزانینێکی زۆرە، ھیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوام. 

خوشک و برایانی ئێزدی دڵنیا دەکەمەوە کە بۆ ھەمیشە پشتیوانیان دەبین و بەرگری لە مافەکانیان دەکەین. لە ھەوڵەکانمان بۆ بەپارێزگاکردنی شەنگال و ئاوەدانکردنەوەی بەردەوام دەبین. کار دەکەین بۆ ئەوەی بەشداری و نوێنەرایەتیکردنی سیاسی و کارگێڕیی ئێزدییان و ھەموو پێکھاتەکان لە دامودەزگا و دامەزراوەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان وەک پێویست و پارێزراو بێت. بەردەوام دەبین تا بە شێوەیەکی فراونتر جینۆسایدی ئێزدییان لە جیھان بناسرێت و قەرەبوو بکرێنەوە.

دەستخۆشی لە ھەموو ئەوانەش دەکەم کە ئەمڕۆ لە ھەر شوێنیک ئەم یادە خەمگینە دەکەنەوە. سوپاس و ڕێز و پێزانین بۆ ھەموو ئەوانەی لە ساتی یەکەمی جینۆسایدەکەوە لەگەڵ خوشک و برایانی ئێزدی و خەڵکی شەنگالدا وەستان، بەتایبەتی خەڵکی دڵسۆز و میوانپەروەری دھۆک و بادینان بەگشتی کە بە ھەموو شێوەیەک باوەشیان بۆ لێقەوماوانی شەنگال کردەوە. مرۆڤپەروەر‌ی و جوامێریی ئەوان ھەرگیز لەبیر ناچێتەوە.

لە کۆتاییدا سڵاو لە یاد و گیانی پاکی جەنەرالی فڕۆکەوانی عێراقی (ماجد عبدالسلام التمیمی) کە لە کاتی یارمەتیدانی لێقەوماوانی شەنگالدا گیانی لەدەستدا و شەھید بوو. سڵاو بۆ گیانی پاکی ئەو دەنێرین و ھەر لێرەوە سڵاو و ڕێز و خۆشەویستیمان بۆ بنەماڵەکەی دووپات دەکەینەوە.

دیسانەوە ھەموو لایەکتان بە خێر بێن.

زۆر سوپاس.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین