سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى پیرۆزبایى له‌ سه‌رۆكى هه‌ڵبژێردراوى ئێران ده‌كات کوردستانی

نوچەنێت

سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆک کۆمارى نوێى ئێران لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا پەیوەندیی لەمێژینەى هەرێمى کوردستان و ئێران تاوتوێکرد.

ئێواره‌ى ڕۆژى چوارشه‌ممه‌ (10/تەمموز/2024) سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌بۆنه‌ى هه‌ڵبژاردنییه‌وه‌ به‌ سه‌رۆكى كۆمارى ئیسلامیى ئێران، له‌ په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنیدا پیرۆزبایى له‌ مه‌سعوود پزیشكیان كرد و هیواى سه‌ركه‌وتنى له‌‌ ئه‌رك و بەر‌پرسیاریه‌تییه‌كه‌یاندا بۆ خواست.

بەپێى ڕاگەیێندراوى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، "ئاماده‌یى و خواستى هه‌رێمى كوردستان و گه‌له‌كه‌ى دووپات كرده‌وه‌ بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندیى دۆستانه‌ی له‌مێژینه‌ و هاریكاریى هاوبه‌ش له‌ هه‌موو بواره‌كاندا له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامیى ئێران له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێز و به‌رژه‌وه‌ندیى هاوبه‌ش و دراوسێیه‌تیى باش كه‌ ببێته‌ هۆكارى به‌ره‌وپێشچوونى هه‌ردوو گه‌ل و وڵات."

هه‌روه‌ها "دڵنیایى ده‌ربڕى له‌وه‌ى كه‌ سه‌ركردایه‌تیى سه‌رۆك پزیشكیان ده‌بێته‌ هۆى قووڵكردنه‌وه‌ى دۆستایه‌تیى هه‌ردوولا و وه‌ك له‌ دوا دیداردا له‌گه‌ڵ جه‌نابى ڕابه‌ری شۆڕشی ئیسلامی و به‌رپرسانى باڵاى كۆمارى ئیسلامیى ئێران، په‌رۆشیى هه‌رێمى كوردستانى نیشان دا بۆ هاریكاریى هاوبه‌ش له‌پێناو داهاتوویه‌كى باشتر بۆ هه‌ردوو وڵات، هه‌روه‌ها بۆ ئاشتى و سه‌قامگیرى له‌ ناوچه‌كه‌دا."

 

لاى خۆیه‌وه‌ مه‌سعوود پزیشكیان، سه‌رۆكى هه‌ڵبژێردراوى كۆمارى ئیسلامیى ئێران، "وێڕاى خۆشحاڵى، سوپاس و پێزانینى بۆ په‌یوه‌ندى و پیرۆزباییى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى ده‌ربڕى و جه‌ختى له‌ خواستى كۆمارى ئیسلامیى ئێران بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌ په‌یوه‌ندیى دۆستانه‌ و دێرینى گه‌لانى ئێران و كۆمارى ئیسلامى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستاندا كرد."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین