ئەنجوومەنی وەزیران: پێویستە وەزارەتەکان لیستی مووچە لە(10) ڕۆژی یەکەمی هەموو مانگێک ئامادە بکەن کوردستانی

نوچەنێت

ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى هەرێمى کوردستان لە کۆبوونەوەى هەفتانەیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە "پێویستە وەزارەتەکان بەردەوام بن لە ناردنی لیستی مووچە و تەرازووی پێداچونەوەی مانگانە لە (10) ڕۆژی یەکەمی هەموو مانگێک تاکوو هیچ بیانوویەک نەمێنێت کە ببێتە هۆی دواخستنی مووچەی مانگانەی مووچەخۆران و دووپاتیشی کردەوە کە بەردەوام بن لە ئاسانکاریی بۆ تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی."

ڕۆژى چوارشەممە (سێى تەمموز/2024) ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.

بەپێى ڕاگەیێندراوى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری پەسەندکردنی پێشنیازی وەزارەتی دارایی و ئابووری و تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێمی دا بە یەکخستنی یاسای خانەنشینی لەسەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، لە پێناوی بەرژەوەندیی خانەنشینانی هەرێم و هاوتاکردنی مووچەکانیان لەگەڵ هاوەڵەکانیان لە حکومەتی فیدراڵ. وەزارەتی دارایی وئابووری و دیوان و سکرتاریەتیی ئەنجومەنی وەزیران ڕاسپێردران بۆ ڕێکاری یاسایی وئیداریی پێویست بگرنەبەر و لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە پەیوەندیدا بن بۆ ئەم مەبەستە، تا سەرجەم پێداویستیە دارایی وقانونیەکان تەواوبکرێن و لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمیش، وەزارەتی دارایی وئابووری بەردەوام بێت لە هەنگاوەکانی ئامادەسازیی ڕێکخستنەوەی کەرتی خانەنشینی لە چوارچێوەی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی فیدراڵیی ژمارە 9 ی ساڵی 2014 تا دواتر ڕێکەوتنی پێویستی لەسەر بکرێت لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ.

سەبارەت بە مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێم و مووچەی مانگی پێنج و شەشی پێشمەرگە و ئاسایش و دوا پێشهاتی وردبینی و پێداچوونەوەی لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە لەلایەن تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ کرا. ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە "پێویستە وەزارەتەکان بەردەوام بن لە ناردنی لیستی مووچە و تەرازووی پێداچونەوەی مانگانە لە 10 ڕۆژی یەکەمی هەموو مانگێک تاکوو هیچ بیانوویەک نەمێنێت کە ببێتە هۆی دواخستنی مووچەی مانگانەی مووچەخۆران و دووپاتیشی کردەوە کە بەردەوام بن لە ئاسانکاریی بۆ تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی."

ڕاگەیێندراوەکە روونیشیدەکاتەوە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پێشوازیی لە ڕوونکردنەوەی سەرۆکی دادگای فیدراڵی كرد تایبەت بەوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە بانکی حکوومەتیی و هەموو ئەو بانکانەش کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراق ڕێگەپێدراون و لە هەرێم کار دەکەن لە چوارچێوەی پرۆژەی (هەژماری من) لە هەرێمی کوردستان لەژێر چاودێریی و ڕێنمایی بانکی ناوەندی پرۆسەی بەبانکیکردنی پێدانی مووچەی هەرێم جێبەجێ دەکەن. بەم شێوەیەش مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش، هاوشێوەی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، ئازادن لە بەبانکیکردنی مووچەکانیان لە بانکە حکوومەتی و تایبەتەکان کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە ڕێگەپێدراو بن .

هەروەها دەشڵێت،ئەنجومەنی وەزیران داوا لە مووچەخۆران دەکات ئەوانەی تا ئێستا پرۆسەی بەبانکیکردنیان لە چوارچێوەی پرۆژەی (هەژماری من) تەواو نەکردووە، لە نزیکترین کاتدا، خۆیان تۆمار بکەن بۆ ئەوەی تاکۆتایی ئەمساڵ وەک بڕیارە، تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تۆمار بکرێن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین