ناوەڕۆکى ئەمڕۆى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیران کوردستانی

نوچەنێت

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڵاوکردایەوە و لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، "سەرجەم وەزارەتەکانیش ڕاسپێردران کە پێویستە بەردەوام بن لەسەر ناردنی لیستی مووچەی مووچەخۆران و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی داهات و خەرجی و میلاکی هەرێم لە کاتی خۆیدا."

ئەمڕۆ چوارشەممە (26/حوزەیران/2024) بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکى حکومەت، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە ڕاگەیێندراوى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەڵێت، لة كبوونەوەکەدا "وەزیری کارەبا باسی لە هۆکار و ئەگەرەکانی کەمیی کارەبا و زیادبوونی خواست لەسەر کارەبا لە وەرزی هاویندا کرد و ئاماژەی بەوەدا کە خواستی کارەبا لەم مانگەدا 4800 میگاواتە بەڵام بەرهەمهێانی کارەبا 3989 مێگاوات بووە کە دابەشکراوە بەسەر شارەکاندا و بە تێکڕا نزیکەی 13 کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی دابینکراوە لەم مانگەدا، لە هەمان کاتدا وەزیری کارەبا هۆکارەکانی کەمی کارەبای خستەڕوو کە بریتین لە کەمی غازی سروشتی پێویست بۆ بە بەگەڕخستنی یەکەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و گەشەی ساڵانەی هاوبەشانی کارەبا و زیادبوونی خواست لەسەر کارەبا.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا، وەزیری کارەبا چەند پێشنیارێکی خستەڕوو بۆ باشترکردنی ئەم خزمەتگوزارییە."

هەروەها بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە ڕاپۆرتێک لەلایەن پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی ، سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ڕێورەسمی ئەمساڵی حەج و ڕێکارەکانی وەزارەت لەمبارەیەوە . هەروەها بابەتی گیان لەدەستدانی ژمارەیەک لە حاجیانی هەرێمی کوردستان .

وەزیری ئەوقاف ڕایگەیاند، "ژمارەی حاجیانی هەرێم 4685 کەس بوون و وەزارەت لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج وبەرپرسی نووسینگەی حەج لە پارێزگاکان وئیدارە سەربەخۆکانی هەرێم، بەرپرسیاربوون لە سەلامەتی و هاتوچۆ و گواستنەوەی حاجیان بۆ سعودیە وبەدواداچوونی دابینکردنی شوێنی حەوانەوەیان و نانخواردنیان و سەلامەتی و سەرپەرشتیکردنیان، هەروەها تیمی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم ، هاوەڵی حاجیانی هەرێم بوون بۆ پاراستنی سەلامەتی تەندروستیان، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێم پاڵپشتی داراییشی تەرخانکردبوو بۆ حاجیان."

 

 

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوە، “گفتوگۆ لەبارەی بابەتەکانی پەیوەندیدار بە مووچەی هەرێمی کوردستان و ڕێکار و میکانیزمی جێبەجێکردنی پابەندییەکان لە بەرامبەر حکومەتی فیدراڵ کرا، لەوانە لیستی مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانی هەرێم، پرۆسەی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێم، بەبانکیکردنی مووچە، بابەتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی یەکگرتووی سەرجەم دامەزراوەکان، بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی مانگانەی هەرێم و بابەتی ڕێکخستنەوەی مینحەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە.”

هاوکات دەشڵێت، ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستی خۆی دووپاتکردەوە کە "خوازیاری چارەسەرکردنی کێشە و بەربەستەکانی بەردەم خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستانە، سەرجەم وەزارەتەکانیش ڕاسپێردران کە پێویستە بەردەوام بن لەسەر ناردنی لیستی مووچەی مووچەخۆران و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی داهات و خەرجی و میلاکی هەرێم لە کاتی خۆیدا و بەردەوام بن لە پێشکەشکردنی کارئاسانی پێویست بۆ تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی و هەرێم بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە وردبینی و پێداچوونەوە. سەبارەت بە مووچەی مانگی پێنجی هێزەکانی پێشمەرگە و دامەزراوە ئەمنیەکانیش، داواکرا کە وەزارەتی دارایی عێراق، بە زووترین کات مووچەکانیان خەرج بکات بە تایبەتیش کە لە دوا هەنگاودا، حکومەتی هەرێمی كوردستان، لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگەی بە سەرجەم داتا و زانیاری پێویست ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کردووە و هیچ بيانوویەک بۆ نەناردنی مووچەکانیان نەماوە، ئەنجومەنی وەزیران هەروەها وەزارەتی دارایی وئابووری ڕاسپارد پەلە بکەن لە ناردنی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی 6 بۆ بەغدا و هەروەها ناردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم بۆ ئەژمێری وەزارەتی دارایی عێراق."

لە ڕاگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، سەبارەت "بەدیاریکردنی ڕۆژی 2024/10/20 بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێشوازی کردن لەو فەرمانە هەرێمییە، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری پێشوازیکردنەکەی خستە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ، پێشوازی لە ڕاگەیاندنی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین