د.دالیا دزەیی: پاڵپشتی هاوسەران کارێکی گرنگە لە کاتی ئەم نەخۆشییەدا دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

خەمۆکی دوای منداڵبوون، جۆرێکە لە جۆرەکانی خەمۆکی کە دووچاری ئافرەتان دەبێتەوە لە دوای پرۆسەی منداڵبوون. ئەگەر زوو جارەسەر نەکرێت بۆی هەیە حاڵەتەکە درێژە بکێشێت و بگاتە ئەو ڕاددەیەی کە دایکەکە زیان لە خۆی و منداڵەکەی بدات. دکتۆرە دالیا دزەیی، دەروونناس سەبارەت بە خەمۆکی دوای منداڵبوون لە گفتووگۆیەکی نوچەدا دەڵێت: پێویستە ئافرەتان بەر لە پرۆسەی منداڵبوون هوشیارییان لەسەرئەم بابەتە هەبێت.

خەمۆکی دوای منداڵبوون چییە؟

د. دالیا دزەیی، سەبارەت بە خەمۆکی دوای منداڵبوون دەڵێت: ئەو حاڵەتەیە کە گۆڕانگاری لەسەر میزاجی ئافرەتەکە ڕوودەدات، هەندێجار تووشی گریان و دڵەڕاوکێی دەکات، ئافرەتەکە بێ خەو دەبێت هەندێجار هەر ناتوانێ بخەوێت، لە دووەم تا سێیەم ڕۆژی دوای منداڵبوون دەست پێدەکات، بە ئەگەری زۆر تا دوو هەفتە بەردەوام دەبێت لە زۆربەی ئافرەتاندا، لە هەندێ ئافرەتدا ئەم حاڵەتە دەگاتە مانگێک و زیاتریش ئەگەر چارەسەر نەکرێت.

خەمۆکی دوای منداڵبوون، دووچاری ئەو ژنانە دەبێط کە منداڵیان دەبێت زیاتر ئەو دایکانە تووش دەبن کە یەکەم منداڵیان لە دایک دەبێت. ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە سەر ڕەفتاریان ڕوودەدات، لایەنی جەستەییشیان دەگرێتەوە، چونکە نیشانەو شێوازەکانی دڵەڕاوکێ لایەنی جەستەییش دەگرێتەوە.

نیشانەکانی:

د.دالیا دزەیی، سەبارەت بە نیشانەکانی خەمۆکی دوای منداڵبوون ڕوونیدەکاتەوە، کە کۆمەڵێك نیشانەی هەیە، مەرج  نییە لە هەموو ئافرەتێکدا وەکو یەک بێت، یان هەموو نیشذانەکان لە یەک نەخۆشدا هەبێت، بەڵكو تووشبوو هەیە هەندێ نیشانەی تێدایە تووشبوویەکی تر جۆرێکی دیکە بۆیە لە کاتی تووشبووندا بە پسپۆڕانی دەروونی دیاری دەکرێت.

لە نیشانە دەروونییەکانی وەکو: کەم خەوییەکی زۆر، هەندێ نەخۆشدا هەر ناتوانێ بخەوێت. بێهیوا دەبێ بە ژیان پێیوایە بمرێت و بژیت وەکو یەکەو ژیان نرخێکی نامێنێت لە لای. گرنگی بە خۆی و منداڵکەی نادات، لە هەندێ حاڵەتدا بۆی هەیە زیان لە خۆی و منداڵەکەشی بدات بۆیە پێویستە لە لایەن کەسە نزیکەکانییانەوە چاودێری بکرێن.

دایکەکە هەست بە هیچ پەیوەندییەک ناکات بە کۆرپەکەیەوەو هەنجێجار ئەوەندە پشتگوێی دەخات، کە ڕەنگە تووشی زیان بێت، هەست بە لاوازی جەستەیی و دەروونی خۆی دەکات. گۆشەگیر دەبێت و حەزناکات تێکەڵی کەس بێت. لە هەندێ حاڵەتدا دایکەکە پێیوایە دایکێکی خراپە و هەست بە گوناه دەکات بەرامبەر کۆرپەکەی، ئەگەر ئازاریشی نەدابێت پێیوایە ئازاری داوە. بۆ نموونە شەو ناخەوێت دەیەوێت بەردەوا سەیری کۆرپەکەی بکات نەکو شتێکی بەسەربێت. 

چالاکییەکانی ڕۆژانەی خۆی پشگوێ دەخات و گرنگی بە خۆی نادات، خولەکێک پێدەکەنێت بۆی هەیە خولەکی دواتر بگریەت، یان بەردەوام بە هۆکار و بێ هۆکار دەگریەت. 

لە نیشانە جەستەییەکان، ئافتەکە بەردەوام هەست بە بێهێزی و لاوازی جەستەی دەکات. لەوانەیە تووشی سکچوون ببێت، ئارەقەی زۆر دەکاتەوە. یان ئازارێکی تووند لەسەریدا درووست دەبێت یان لە هەر بەشێکی جەستەیدا. ئافرەتەکە توڕە دەبێت و تووشی هەڵچوونی تووند دەبێت.

کەی تووشی دایکان دەبێت؟

خەمۆکی دوای منداڵبوون، لە دووەم تا سێێەم ڕۆژی دوای منداڵبوون دەست پێدەکات لە زۆربەی حاڵەتەکاندا،  بۆی هەیە دوو هەفتە تا مانگێک و زیاتریش بخایەنێت، بەڵام مەرج نییە لە هەموو ئافرەتێکدا تەنیا لە ڕۆژانی دوای منداڵبووندا ڕووبدات، بەڵکو لە هەندێ حاڵەتدا دوای هەفتەیەک یان چەند هەفتەیەک یان مانگێک دەست پێدەکات. ئەم جۆرە لە خەمۆکی بە هیچ جۆرەیەک نابێت پشتگوێ بخرێت و فەرامۆش بکرێت، دەبێت هەر کە پێی زانرا چارەسەربکرێت چونکە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی ئافرەتەکە دەبێت هەروەها کاریگەری لەسەر پەیوەندی خۆی و منداڵەکە دەبێت. ئافرەتەکە هەست بە دایکایەتی ناکات و ڕەنگە نەیەوێ منداڵەکە بەخێوبکات. 

هۆکارەکانی:

خەمۆکی دوای منداڵبوون، وەکو هەر نەخۆشییەکی دیکە هۆکاری هەیە لە دیارترین هۆکارەکانی گۆڕانکاری هۆرمۆنییە، لە ماوی سکپڕیدا هەروەها دڵەڕاوکێی قۆناغی سکپڕی و دوای منداڵبوونیش هۆکارن. 

لە کۆمەڵگە نەریتییەکاندا کاتێک ڕەگەزی منداڵەکەیان زۆر لاگرنگەو دەیانەوێت منداڵی کوإڕیان ببێت. هەروەها هەستکردن بەوەی کە هاوسەرەکەی پاڵپشتی ناکات. یان ناتوانێ منداڵەکە بەخێوبکات. یان لە کاتی سکپڕی و منداڵبوون هەست دەکات لە لایەن کەسە نزیکەکانییەوە پشتگوێ خراوە.

چارەسەر:

چارەسەرکردنی خەمۆکی دوای منداڵبوون دووجۆری هەیە، یەکەم چارەسەرکردنی دەروونی، دووەم، چارەسەرکردنی بە دەرمان. باشترین کار ئەوەیە کە لەگەڵ هەستکردن بە نیشانەکان سەردانی شارەزای دەروونی بکات، هەندێجار بە ڕاوێژ، وەرزش و ڕێنمایی چارە دەکرێت و هەندێجاریش پێویستی بە بەکارهێنانی دەرمان دەبێت.

د.دالیا دزەیی، کۆمەڵێک ڕێنمایی و ئامۆژگاری بۆ دایکان و کەسانی نزیکیان دادەنێت و ڕوونیدەکاتەوە، کە بە گشتی پێویستە ئافرەتان بەر لە منداڵبوون، زانیاری لەسەر ئەمجۆرە حاڵەتانە بزانن، بۆ نموونە بزانن کە تووشبوون بە خەمۆکی دوای منداڵبوون، بە هیچ جۆرێک پەیوەندی بەوەوەنییە کە ئەو دایکێکی باش یان خراپە، بەڵکو کە هەستیان بەم حاڵەتانە کرد بزانن کە ئەوە تێکچوونێکی دەروونییە و هەوڵبدەن چارەسەری بکەن بەوەی ڕاوێژ بە کەسانی پسپۆڕبکەن یان سەردانی دکتۆری دەروونی بکەن، چونکە لە کاتی سکپڕی و پرۆسەی منداڵبووندا ئافرەت تووشی دڵەڕاوکێ و گۆڕانکاری لە هۆرمۆنەکان دەبێت بۆیە تووشبوون بەم جۆرەی خەمۆکیش پەیوەندی بەم حاڵەتەوە هەیە. بۆیە پێویستە کەسووکاری ئەم ژنانەی کە منداڵیان دەبێت وریای ئەمجۆرە حاڵەتەبن و چاودێری دۆخی ئافرەتەکە بکەن، بەوەی کە هەوڵبدەن تەنیای نەکەن و هاوسەرەکەی و خزمەکانی پاڵپشتی بۆن پیشان بدەن و بەهیچ جۆرێک گرفتی بۆ درووست نەکەن لە جیاتی ئەوە هەوڵی دڵخۆشکردنی بدەن. 

هەروەها پشکنینی هۆرمۆناتەکانی بکات وەکو، غودەی دەرەقی، هەروەها ئاستی ئەو ڤیتامینانەی کە پەیوەستە بە خەمۆکی چەند کەمبووەتەوە، ئەمجۆرە پشکنینانە دەتوانێ دکتۆڕی ئافرەتان یان دکتۆری دەروونی بۆی بنووسێت و داوای لێبکات کە ئەنجامیان بدات.

ئامۆژگاری بۆ هاوسەر، کەسوکار و هاوڕێکانی ئەم ئافرەتانە ئەوەیە، کە لەگەڵیدا بن و هاوکاری بکەن لە بەخێوکردنی منداڵەکە هەروەها ئەگەر دایکەکەش خۆی بە دوورگرت و ڕێگەی نەدا ئەوان دوور بە دوور لە ژێر چاودێری دابنێن، بەبێ ئەوەی بهێڵن دایکەکە بزانێت کە ئەوان چاودێری دەکەن، ئەوەش بۆ ڕێگەگرتنە لەوەی کە ئەو دایکە زیان بەخۆی یان زیان بە منداڵەکەی بگەیەنێت.

هەروەها خاڵێكی گرنگ و هەستیار ئەوەیە کە بەر لە منداڵبوون دایک هوشیاربکرێتەوە بەڵام هەموو کەس ناتوانێت ئەم زانیارییانە بە شێوازی درووست بگەیەنێت، بەڵکو دەبێت لە لایەن کەسا نی شارەزاوە بە ڕێگەی درووست ئەم زانیارییانەی پێ بگووترێت. بۆیە باشترە دایکان هان بدرێن کە بەر لە منداڵبوون ئەم زانیارییانە لە دکتۆری ئافرەت وەربگرن، یانیش سەردانی دکتۆری دەروونی بکەن تا حاڵەتەکەیان لا ڕوونتربێت. بۆی هەیە کەسانی ناشارەزا لەم بوارە یان کەسانی ئاسایی نەتوانن بە شێوازی درووست بیگەیەنن و لە جیاتی هاوکاریکردن تووشی دڵەڕاوکێی زیاتری بکەن.

هەروەها بۆ خۆر دوورگرتن لە کاریگەرییەکانی دڵەڕاوکێ ئافرەتان، بەر لە پرۆسەی منداڵبوون پلان بۆ بەخێوکردنی منداڵەکە دابنێن. بڕۆنە ئەو خولانە لەسەر شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵ دەکرێت ئینجا لە ئینتەرنێت یان هەرشوێنێکی تربێت. تاکو دۆخەکەیان لا ئاسایی بێت و هەست بکەن منداڵ بەخێوکردن کارێک نییە کە ئەوان نەتوانن بیکەن. 

خاڵێکی تر دانانی سیستەمی خۆراکی تەندرووستە بۆ دایک، چونکە کاریگەری تەواوی لەسەر لایەنی جەستەیی و دەروونی هەیە. هەروەها ئەنجامدانی وەرزشی ئاسان، بەر لە منداڵبوون پیاسە بکات و هەرکارتێک خەوی هات بە تایبەت کە منداڵەکە خەوت ئەویش بخەوێت و خەو حەسانەوەو پشوودانی بۆ دایک تێدایەو پێویستە.

بە پێی هەندێ توێژینەوەی نوێ دەرکەوتووە، کە منداڵی تازە لە دایکىوو تا ماوەی چوار مانگ خەوتنی جێگیر نییە و گۆڕانکاری بەسەر کاتی خەوتنی دادێت بۆیە کەی منداڵ خەوت پێویستە دایکەکەش بخەوێت، هەروەها چاودێری هاوسەر بەشێکی گرنگە کە بەردەوام پاڵپشتی بێت و قسەی ئەرێنی بۆ بکات، هەروەها دیاری بۆ بکڕێت و گرنگی پێبدات. هەندێجار پێی بڵێت تۆ بخەوە من ئاگام لە منداڵەکە دەبێت، چونکە پشتگیری هاوسەر زۆر گرنگە و پێویستە هاوسەرەکان ئەوە بزانن. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین