سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: چیرۆکی سەرکەوتنی شیرین ئیلهام بەخش و هیوایە دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

کچە ئێزدییەکی ڕزگاربووی دەستی داعش، لە مەراسیمی ئاھەنگی شەشەمین خولی دەرچوونی زانکۆی ئەمریکی - کوردستان لە دھۆک، لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پیرۆزبایی لێکرا و ئاماژە بە سەرکەوتنەکەی کرا.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە (2/ حوزەیران/2024) مەراسیمی شەشەمین خولی دەرچوونی زانکۆی ئەمریکی – کوردستان لە دھۆک بەڕێوەچوو. چیرۆکی سەرکەوتنی کچە کوردێکی ئێزدی بووە کاریگەرترین و سەرنجڕاکێشترین باسی ئاھەنگەکە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە شانازییەوە، لە ھەوڵ و کۆششی بەردەوامی ئەو کچە ئێزدییەی ڕوانی و پیرۆزبایی تایبەتی ئاراستە کرد.

شیرین خێرۆ خدێدە، لە ساڵی 2014 لەلایەن داعشەوە خۆی و 10کەس لە کەسوکارەکەی دەستبەسەر دەکرێن، ئەوکاتە شیرین لە کۆتا ساڵی خوێندنی ئامادەیی بووە، لە چاوەڕوانی تاقیکردنەوەکان بوو تاوەکوو بگاتە قۆناغی زانکۆ.

دوای ئەوەی لە شوباتی 2017، شیرین خێرۆ لە پارێزگای نەینەوا ڕزگاری دەبێت لە دەستی چەکدارانی داعش و دەگەڕێتەوە بۆ لای ئەو خزم و کەسوکارەی ماونەتەوە . دەست بە ژیانی ئاسایی خۆی دەکات و دوای ساڵێک، پەیوەندی بە زانکۆی ئەمریکی – کوردستان لە دھۆک دەکات، درێژە بە خوێندنی زانکۆ دەدات.

لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، لە کاتی ھەڵدانەوەی گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە شنگال، تەرمی باوکی شیرین دەدۆزرێتەوە بەڵام ئەو ھەر بەردەوام بوو و چۆکی دانەدا بۆ تەواوکردنی خوێندنەکەی.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە وتارەکەیدا کە لە مەراسیمی دەرچوانی خولی شەشەمی زانکی ئەمریکی-دهۆک لە کوردستان،  گوتی "ئەوەی زیاتریش لەم مەراسیمەدا ئێمە دڵخۆش دەکات و وادەکات ھەموومان بە ئومێدێکی زیاترەوە لە داھاتوو بڕوانین، نموونەی یەکێک لەو دەرچووانەیە کە ئەمڕۆ بڕوانامە لەم زانکۆیە پێشکەوتووە وەردەگرێت. ئەویش کچێکی زیرەک و لێھاتووی ئێزدی ڕزگاربووی دەستی داعشە، وێڕای ھەموو نەھامەتییەکان، کۆڵی نەداوە و موکوڕ بووە کە ھەر دەبێ زانکۆ تەواو بکات".

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان جەختی لەوەکردەوە کە"بوێری و خۆڕاگری و بەردەوامی شیرین، تا تەواوکردنی زانکۆ، چیرۆکی سەرکەوتنە، ئیلھامبەخشە و چرایەکی ھیوایە بۆ ھەموو قوربانییانی دیکەی دەستی داعش لە ھەموو پێکھاتەکان. لێرەوە، بە ناوی خۆم و بە ناوی ھەمووتانەوە بە گەرمی پیرۆزبایی و دەستخۆشی لێدەکەم".

ھاوکات لەلایەن خۆیەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمەکەدا خەڵاتی "شەڕەفی خۆڕاگریی" پێشکەش بە شیرین خێرۆ کرد و گوتی: جێگەی شانازییە ئەمڕۆ ئەو کچە ئێزدییەی ڕزگاربووی دەستی داعش، یەکێکە لە دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دھۆک".

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد "شیرین یەکێکە لەو ئافرەتانەی کە چەندین ساڵ لەلایەن چەکدارانی داعش دەست بەسەر کرابوو، ئەو ئەمڕۆ توانی قۆناغی خوێندنی زانکۆ بە سەرکەتوویی تەواو بکات، ھەروەھا توانی ھیوا بۆ ئێزدییەکان بگەڕێنێتەوە".

بەرپرسی نووسینگەی ڕزگاربوانی ئێزدی حوسێن قائیدی ڕایگەیاند" لە ساڵی 2014 تاوەکو ئێستا سێ ھەزار و 576 کەس ڕزگارکراون، لەوانە ھەزار و 208 ژن و 339 پیاو و باقی منداڵن بە ھەردوو ڕەگەزەوە، بەپێی ئەو ئامارانەی بەردەستن دوو ھەزار و 600 کەس ماون و ھەوڵ و بەدواداچوونەکانمان بۆ ڕزگارکردنیان بەردەوامە".

ڕۆژی3 /ئاب/2014 ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش ھێرشی کردە سەر شنگال، بەوھۆیەوە زیاتر لە پێنج ھەزار کوردی ئێزدی کوژران و نزیکەی دوو ھەزار و 745 منداڵ بێ دایک و باوک بوون، ھاوکات زیاتر لە 325 ھەزار ئێزدی ئاوارەبوون. 

شیرین خەیرۆ ساڵح، لە تەمەنی 24 ساڵیدا لە گوندی سۆڵاخ-ی سەر بە شارۆچکەی شەنگال، لە ڕۆژی یەکەمی ھێرشی چەکدارانی داعش لەگەڵ خێزانەکەی ڕفێندران. دواتر لە لایەن نووسینگەی ڕزگارکارانی ئێزدییەکان ڕزگارکرا، کە لە ساڵی 2014وە لە لایەن نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ڕزگارکردنی ئێزدییەکانی دامەزرا. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین