کەللە سەری ژنێکی نیادەرتاڵ دۆزرایەوە دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

تیمێک لە زانایانی زانکۆکانی کامبریدج و لیڤەرپول وێنەی ڕوخساری ژنێکی 40ساڵەی نیاندەرتاڵ-یان دروستکردەوە، کە بەپێی مەزەندەکان نزیکەی 75ھەزار ساڵ پێش ئێستا لە ئەشکەوتی شانەدەر ژیاوە

ئێسکی ئەم ژنە نیاندەرتاڵە کە لە ساڵی2018دا دۆزراوەتەوە بە (شانەدەر Z) ناونراوە. بە پێی شوێنەوار ناسان، مێژووەکەی بۆ 75 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

تیمەکە توانییان لەڕێی کۆکردنەوەی 200 پارچە ئێسکەوە، کەللـەسەری دروستبکەنەوە، ئەم کارەشیان نزیکەی نۆ مانگی خایاندووە.

لە کاتی دۆزینەوەی ئێسکەکەدا نەتوانرا رەگەزەکەی دیاریبکرێت، بەڵام دوای پشکنینی ورد و بەکارھێنانی تەکنیکی نوێ، لەڕێی پڕۆتینەکانی ناو مینای ددانیەوە تیمەکە توانییان رەگەزەکەی دەستنیشان بکەن.

ھاوکات لەڕێی پێوانی درێژی و تیرەی ئێسکی قۆڵی و بەراوردکردنی بە مرۆڤی شارستانیی ئەم سەردەمە، باڵای ژنە نیاندەرتاڵەکە بە مەتر و نیوێک خەمڵێندراوە..

خالید سلێمان، نووسەر و رۆژنامەنووس لەبارەی ئێسکی نیاندەرتاڵەکەوە دەڵێت، پێش 75ھەزار ساڵ لە ئەشکەوتی شانەدەر لە کوردستان ژیاوە و ھەر لەوێش مردووە و نێژراوە. لەسەرلا نێژراوە و دەستی چەپی بەملیەوە ئاڵێنراوە، بەردێکیش وەک سەرین خراوەتە ژێر سەرییەوە. 

ئەوەشی وت، زاناکان گەیشتوونەتە ئەوەی کە ژنە نیادەرتاڵەکە دەموچاوێکی پان و بەرین و برۆیەکی ئەستووری ھەبووە و لەسەر ئەم بنەمایە، وێناکراوە. 

باس لەوەشدەکات، نیادەرتاڵەکان بۆ ماوەی زیاتر لە 300 ھەزار ساڵ لە ئەوروپا و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ناوەڕاستی ئاسیا ژیاون. دوای ئەوەی مرۆڤی نوێ (ھۆمۆ-ساپیانز)، پێش نزیکەی 70 ھەزار ساڵ لە ئەفریقیاوە دەگەنە ئەوروپا، بۆ نزیکەی 30 ھەزار ساڵ بەریککەوتن و پێکەوە ژیان لە نێوان ھەردوو جۆرەکەی مرۆڤدا، واتە نیاندەرتاڵ و مرۆڤی نوێدا ھەبووە. پێش نزیکە 35 ھەزار ساڵ نیاندەرتاڵەکان بەتەواوەتی لەناودەچن و نامێنن. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین