سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: پشتگیری لە دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین دەکەین کوردستانی

نوچەنێت

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە دیدارى سلێمانى ڕایگەیاند، نابێ کاى کۆن بە با بکەینەوە و گوتیشى، "پوختەی قسەی ناو دڵی خەڵکی کوردستان داواکردنی یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکانە."

ئەمڕۆ چوارشەممە (17/نیسان/2024) سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان گەیشتە شارى سیلێمانى و بەشداریی لە دیدارى سلێمانى – زانکۆ ئەمەریکى کرد و تارێکى پێشکەش کرد.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى ڕایگەیاند،  "پەرلەمانی کوردستان ئەزموونێکی زۆر گرنگە لە ناوچەکەدا، دەبێ بیپارێزین. حکومەتی هەرێمی کوردستان وڵاتێکی دوای ئەنفال و کیمیاباران ئاوەدان کردووەتەوە، دەبێ هەموومان پشتیوانی لێبکەین. پێشمەرگە قارەمانەکان ئەفسانەی داعشیان تێکشکاند و بوونە مایەی ناوبانگێکی گەورە بۆ کوردستان لە جیهاندا."

 لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا سەرۆکى هەرێمى کوردستان داواى یەکڕیزیی لە لایەنەکان کرد و گوتى، "گەلی کوردستان، گەلێکی یەکگرتووە. پێویستە لایەنە سیاسییەکانیش وەکو گەلەکەیان بۆ بەرژەوەندیی نیشتمانی رێکبکەون. بەوشێوەیە دەتوانین هەڵبژاردنێکی روون و دادپەروەرانە بکەین، بە رەزامەندی و بەشداریی هەموو لایەک."

هەروەها ئاماژەدان بە وتەیەکى کۆنى سلێمانى دووپاتى کردەوە، چیتر با كاى كۆن بە با نەکرێتەوە " ئێمە لە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی ئاڵۆز داین، چارەسەر ئەوەیە کای کۆن بە با نەکەین. با لەجیاتی ئەوە لەسەر پێشکەوتن رێکبکەوین، ئەگەر رێکنەکەوین گرژییەکانی ئەم ناوچەیەی گرتووەتەوە زۆر زیانمان پێدەگەیێنێت. پوختەی قسەی ناو دڵی خەڵکی کوردستان داواکردنی یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکانە. جینۆساید و چەوساندنەوەی گەلی کوردستان وای کردووە مێژوو یەک ئامانج بخاتە دڵی کوردەوە ئەویش "یەک بوون"ـە. ئەوە ئاراستەی هەرە دروستە و نیشانەی ئەوپەڕی هۆشیاری گەلی کوردستانە. "

لە بارەى جەنگى ئیسرائیل و فەڵەستین و گرژییەکانى ناوچەکە ڕاگەیاند، "بۆ ئەوەی ناوچەکە لەو مەترسی و لێکەوتە خراپانە دووربکەوێتەوە، پێویستە گفتوگۆ و پێکەوە دانیشتن دەستپێبکرێت" دەشڵێت، "هێرشی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو بۆ سەر ئیسرائیل و رفاندنی دەیان مەدەنی، شەڕێکی وێرانکەر و کاولکارییەکی زۆر گەورە لە غەززە دروستبووە، ئەو کارەساتە مرۆییە گەورەیە، لەبەرەئەوە دەبێ بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی جێبەجێبکرێت بۆ راگرتنی بێمەرجی شەڕ و ئازادکردنی بارمتەکان. بۆ چارەسەری بنچینەییش، لەو باوەڕەداین ئاشتییەکی سەقامگیر بریتییە لە چارەسەری دوو دەوڵەت، هەرێمی کوردستان پشتگیری لە دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین دەکات. ئەو تاکە رێگەی ئاشتی و سەقامگیرییە."

سەرۆکى هەرێمى کوردستان سەبارەت بە پەیوەندییەکانى هەولێر-بەغدا ئاماژەى بەوەکرد،  "بۆ قووڵکردنەوەی دیموکراسی لە عێراق و بۆ پاراستنی لە مەترسی و مەرگەساتەکانی وەکو رابردوو، پێویستمان بە گفتوگۆیەکی ئارامی بەردەوامە لەگەڵ یەکتر. ناکۆکی و پەلاماردانی یەکتر بەردەوام رێگە بۆ رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەکاتەوە، هێرشەکانی قاعیدە و هێرشی گەورەی داعش روویان نەدەدا ئەگەر ئێمە لە ناوخۆی عێراق یەکگرتووباین" ئاماژەى بەوەشکرد، "گەلانی عێراق لە ساڵی 2005ەوە لەسەر دەستوورێکی گونجاو رێککەوتن. دەستووری عێراق بە پەسندکردنی سیستمی فیدراڵی هاوبەشییەکی گونجای بۆ هەموو پێکهاتەکانی عێراق دروستکردووە، ئەو هاوبەشییەش عێراق بەهێز دەکات."

 سەرۆک نێچیرڤان بارزانى ئاماژەى بەوەشکرد، "شێوەی مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا، گەورەترین تاقیکردنەوەیە بۆ سیستمی نوێی سیاسیی عێراق. عێراقێکی بەهێز پەیوەستە بە بوونی هەرێمی کوردستانێکی بەهێز. هەروەها هەرێمی کوردستانی بەهێزیش پەیوەستە بە عێراقێکی فیدراڵ و سەقامگیر" هەروەک گوتیشى، "ئەگەر دەستوور جێبەجێ بکرێت، هیچ کێشەیەک لە عێراقدا نییە چارەسەر نەکریت. دەستووری عێراق تایبەتمەندیی هەموو پێکهاتەکان دەپارێزێت. بە جێبەجێکردنی دەستوور هەمووان هاووڵاتی نمرە یەک دەبین."

  سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە کۆتایی وتارەکەیدا گەشبینى خۆى دەربڕى بەداهاتوو و ڕاگەیاند، "هەندێ کەس لێم دەپرسن: بۆچی گەشبینم؟ بەڕاستی گەشبینیی من لە خۆڕاگری و فرەتوانایی خەڵکی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت. ئێستاش دەیڵێمەوە: رابردووی ناخۆشمان هەبووە، بەڵام داهاتووی پرشنگدارمان لەپێشە."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین