ژنێک بێ ویستی خۆی دووجار تەڵاق دەدرێت دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

لە تەمەنی چواردە ساڵیدا بەشوودەدرێت، لە تەمەنی بیست و یەک ساڵیدا تەڵاق دەدەرێت بە بیانووی ئەوەی منداڵی نابێت، ئەو گلەیی لە چانسی خۆی دەکات و دەڵێت"نە منداڵی و نە گەنجێتیم نەبینی، هەموو ژیان چاوەڕوانی و خەم بووە".

چیمەن، ئێستا تەمەنی بیست و پێنج ساڵە. خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی گەرمیانە، ئەو بە هۆی دابونەریتی خێزانەکەیەوە، نەیانهێشتووە خوێندن تەواوبکات، لە تەمەنی چواردەساڵیدا بە شویان داوە" قوتابییەکی زیرەک بووەم و زۆر حەزم لە خوێندن بوو، بەڵام بابم گوتی، پێویست ناکات لەوە زیاتر بخوێنی نەیانهێشت بڕۆمەوە بۆ قوتابخانەوە دایانم بە کوڕی مامم".

دوای شەش ساڵ لە هاوسەرگیری چیمەن تەمەنی دەبێت بە بیست ساڵ، لەو ماوەیەدا بەردەوام بەر توانجی دایک و خوشکەکانی هاوسەرەکەی دەکەوێت لەبەرئەوەی منداڵی نەبووە"مانگێک دوای ئەوەی گوازرامەوە بۆ ماڵی مامم، خەسوم چاوەڕێی منداڵ بووم لێم، دوای شەش مانگ بردمی بۆ لای دکتۆری ئافرەتان بەڵام دکتۆرەکە پێی گوتین، ئەو کچە تەمەنی زۆر گەنجە پێویست ناکات جارێ دەرمان بۆ منداڵبوون وەربگرێت، هیچ کێشەیەکی نییە و چاوەڕێ بن خۆی منداڵی دەبێت".

چیمەن دەڵێت" ئەو قسەیەی دکتۆرەکە خەسومی زۆر بێزار کرد، ئەو دەیگوت، من پانزە ساڵ بووم سکم کردووە تۆ هیچ منداڵ نی، بەردەوام من لە ژێڕ گوشار و توانجدا بووم تا هاوسەرەکەشم گەیشتە ئەو باوەڕەی کە ئیتر چاوەڕێی من ناکات و من منداڵم نابێت".

چیمەن لە تەمەنی بیست ساڵیدا بەهۆی کێشەی منداڵنەبوون هاوسەرەکەی لێی جیادەبێتەوە" زۆر هەوڵم دا هاوسەرەکەم ڕازی بکەم کە سەردانی دکتۆر دەکەمەوەو ئەمجارە بەڵکو منداڵمان ببێت بەڵام ئەو ڕازی نەبوو، گوتی تۆ منداڵت نابێت و منی بردەوە ماڵی باوکم، بەم هۆیەوە باوکم زۆر توڕەبوو تا کار گەیشتە ئەوەی تەڵاقی دام".

چیمەن لە تەمەنی بیست و سێ ساڵیدا، پیاوێک خوازبێنی دەکات کە ژنی هەیە، ئەویش ڕازی دەبێت دوای خوازبێنی کردن مارە دەبڕێت بەڵام "لە یەکەم ڕۆژی خوازبێنی کردنمەوە ژنەکەی هەڕەشەی بۆ ناردم کە ناهێڵێت ئەم هاوسەرگیرییە سەربگرێت، بۆیە با خۆم شوی پێنەکەم، کاتێک بە پیاوەکەم گوت، گوتی وەڵامی ئەو مەدەرەوە، دایکیشم گوتی تازە تۆ بێوەژنی هەر پیاوی ژندار دێتە داوات، بۆیە بێدەنگ بووم".

چیمەن جلو ئاڵتون کڕێنی تەواو دەبێت، بڕیار دەدەن دوای سێ ڕۆژ بڕواتە ماڵی دەزگیرانەکەی، بەڵام "شەو تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی من نامەوێ تۆ بگوازمەوە، تەڵاقت دەدەم. بەم قسەیە شۆک بووم و هیچ قسەم پێنەکرا چوومە لای دایکم، بۆ سبەی براگەورەی ئەو پیاوە هاتە ماڵمان و گوتی، داوای لێبوردن دەکەم براکەم دەیەوێ کچەکەتان تەڵاق بدات، هەرچەندە هۆکارمان لێپرسی گوتی، هیچ هۆکارێک نییە خۆی پەشیمان بووەتەوە".

چیمەن بەم هۆیەوە هەست بە شکست دەکات و دەیەوێت خۆی بکوژێت، بەڵام دوای ئەوەی لە ڕێگەی هاوڕێیەکییەوە سەردانی پزیشکی دەروونی دەکات باری دەروونی جێگیر دەبێتەوە"لە کاتی ئەوەی ئەو پیاوە خەریکبوو تەڵاقم بدا، خوشکەکەی پێی گوتم، ژنەکەی سحری لێکردوون، هەر کە هاتە خوازبێنی تۆ زانیم ناهێڵێت".

چیمەن خۆی بە قوربانی دابونەریت دەزانێت و دەڵێت" ئەگەر بیانهێشتا خوێندن تەواوبکەم ڕەنگە هیچ کام لەم کێشانە لە ژیانمدا ڕوویان نەدایە، منیش ئێستا ماڵێكی بێ کێشەم هەبوایە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین