فایننشال تایمز: ئێران و سعوودیه‌ له‌ به‌غدا گفتوگۆیان كردووه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

بەرپرسانی باڵا بۆ ماڵپه‌ڕێكى ئه‌مریكى ئاشكرایان كردووه‌، ئێران و سعوودیه‌ بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە بەغدا گفتوگۆیان کردووە و گفتوگۆكه‌شیان ئه‌رێنێ بووه‌.

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ی نیسانی ٢٠٢١، ماڵپەڕی گۆڤاری "فایننشال تایمز" بڵاوی کردەوە بەرپرسانی باڵای ئێران و سعوودیه‌ گفتوگۆی ڕاستەوخۆیان لە بەغدا ئەنجام داوە.

پێدەچێت ئەو گفتوگۆیانە، جدیترین گفتوگۆی نێوان ئێران و سعوودیه‌ دوای ساڵی ٢٠١٦ بن.

هەروەها ئەو گفتوگۆیانە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێن کە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا هەوڵی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران وکەمکردنەوەی گرژیی و ناکۆکییەکانی ناوچەکە دەدات.

سعوودیه‌ دەیەوێت کۆتایی بە شەڕی خۆی لە دژی حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن بێنێت. ئەو گرووپە چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودیە. لە چەند مانگی ڕابردووشدا دەیان جار بە مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان چەندین ناوچەی سعوودی کردووەتە ئامانج.

خولی یەکەمی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و سعوودیە ڕۆژی ٩ی نیسان دەستیان پێکردووە. لەو بارەوە سەرچاوەیەک بە فایننشال تایمزی ڕاگەیاندووە خولی یەکەمی گفتوگۆکان سەبارەت بە هێرشەکانی حوسییەکان بوون و ئەنجامەکەیان ئەرێنی بوو.

ئەو سەرچاوەیە وتوویەتی خالید بن عەلی حەمیدان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری گشتیی، سەرۆکایەتی شاندەکەی سعوودیەی لە ئەستۆ بووە. هەروەها وتی گفتوگۆکان هەفتەی داهاتوو دەست پێ دەکەنەوە.

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کە مانگی ڕابردوو بە سەردانێک لە سعوودیە لەگەڵ محەمەد بن سه‌لمان جێنشینى سعوودیه‌ دیداری کردبوو، ئاسانکاری بۆ ئەو گفتوگۆیانە کردووە.

ئەو سەرچاوەیە بە فایننشال تایمزی وتووە: گفتوگۆکانی نێوان سعوودیه‌ و ئێران بە خێرایی دەچنە پێش چونکە لە لایەکەوە گفتوگۆ ئەتۆمییەکان پێشکەوتنی خێرایان هەبووە و لە لایەکیشەوە هێرشەکانی حوسییەکانیش پەرەیان سەندووە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین