یەکێتی: بەشداری لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین کوردستانی

نوچەنێت:

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە (دووی نیسان/2024) مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە و لە ڕاگەیێندراوێکدا جەخت "لەسەر بەرێوەچوونی ھەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکرات" ھەروەھا  "پابەندبوون بە وادە راگەیاندراوەکانی ھەڵبژاردنیش بەشێکە  لە ئاماژە جەوھەرییەکانی  پاک و بێگەردی پرۆسەکە" دەکاتەوە.

دەقی راگەیێندراوی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:

 مەکتەبی سیاسیی بەسەرپەرشتی ھەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوووە و دیسانەوە تەئکیدی لەسەر ھەڵوێستی نەگۆڕ و مەبدەئی یەکێتیی کردەوە کە لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندایە لەوادەی دیاریکراوی خۆی لە (10-6-2024).

لە کۆبوونەوەکەدا  کە ئەمرۆ ٢-٤ لە دەباشان بۆ تاوتوێکردنی دوا ئامادەکارییەکان و بەرنامەی مەکتەبی ھەڵبژاردنی یەکێتیی لەم بوارەدا بەرێوەچوو ، ھەڤاڵان بە تێکرا لەگەڵ پابەندێتیی ھەموو لایەک بوون بەو وادەی  کە لە لایەن سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانەوە بڕیاری لێدراوە و کۆمسیۆنی  باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراقیش ئامادەکاری پێویستی بۆ کردووە.

کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی لە سۆنگەی پەرۆشی بۆ پاراستنی قەوارەی ھەرێم و ئەزموونی دیموکراتی کوردستان کە خەونی لە مێژینەی گەلەکەمانە و خەباتێکی بێوچانی بۆ کراوە،  ھەروا جەختی لەسەر بەرێوەچوونی ھەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکرات کردەوە  کە پابەندبوون بە وادە راگەیاندراوەکانی ھەڵبژاردنیش بەشێکە  لە ئاماژە جەوھەرییەکانی  پاک و بێگەردی پرۆسەکە، کۆبوونەوە دووپاتیشی کردەوە نوێکردنەوەی دامەزراوە دەستورییەکانی وەک پەرلەمان و حکومەتی ھەرێم ھەر لە رێی دەنگدانی گشتییەوە دەبێت و رەوایی نوێنەرایەتی گەلەکەشمان بۆ  داکۆکی ماف و ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیانیش ھەر بەو شێوەیە دابین دەبێت.

 مەکتەبی سیاسیی  ھەڵوێستی روون و ئاشکرای یەکێتیی تەئکید کردەوە کە ئەمرۆ داخوازی ھاوڵاتیان بۆ مووچەو بوجەی ئاوەدانی و بوژاندنەوە تەنھا و تەنھا لە رێی پەرلەمان و حکومەتێکی نوێوە دەکرێت کە پشت بەستوو بە بڕیاری خەڵکی کوردستان دەتوانێت پێداگری لەسەر مافە دەستورییەکانی کوردستان  و شایستە داراییەکانی گەلەکەمان  بکات و لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دانوستاندێکی دادپەروەرانە و ئازایانەی لەسەر بکات.

بەشێکی کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ ھەڵسەنگاندنی دوا سەردانی دیپلۆماسیی سەرۆک بافڵ و وەفدی باڵای یەکێتیی بۆ روسیای فیدرال و دیدارەکانی لە مۆسکۆی پایتەختی ئەو وڵاتە،  کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسیی  سەردانەکەی بە سەرکەوتوو  و بنیاتنەرانە لە قەڵەمدا کە دەبێتە مایەی گەشەکردنی  پەیوەندی یەکێتیی و روسیا و پەرەپێدانی زیاتری دۆستایەتی لەگەڵ کوردستان .

مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 

2-4-2024

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین