هێرش کرایە سەر کەشتییەکی ئیسرائیلی لە نزیک ئیمارات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل دوای ڕووداوەکەی نەتەنز، میدیاکانی ناوچەكه‌ ڕایانگەیاند هێرش کراوەتە سەر کەشتییەکی بازرگانی ئیسرائیل لە نزیک بەندەری فوجیرە لە ئیمارات.

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ١٣نیسانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردەوە کە کەناڵی ١٢ تەلەڤزیونی ئیسرائیل بە گەڕانەوە بۆ سەرچاوەیەک لە دەزگای هەواڵگری ڕایگەیاندووە "مووشەکێکی ئێرانی" ئەو کەشتییە لە کەنداو کردووەتە ئامانج. ئەو سەرچاوە ڕایگەیاندووە ئەو هێرشە کوژراو و برینداری لێ نەکوتووەتەوە و زیانێکی ئەوتۆی بە کەشتییەکە نەگەیاندووە. 


ئەو کەناڵە چەند کاتژمێر پێشتر ڕایگەیاندبوو، دامودەزگاکانی هەواڵگری و ئاسایشی ئیسرائیل دوای تەقینەوەکەی بنکەی پیتاندنی نەتەنز، خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەر جۆرە تۆڵەیەکی ئێران. 
ماڵپەڕی تەلەڤزیونی ئەلعالەم سەر بە  ئێرانیش کە بەرنامەکانی بە زمانی عەرەبی بڵاو دەکاتەوە بە گەڕانەوە بۆ سەرچاوەکانی خۆی ڕایگەیاند، ئەو کەشتییە بازرگانییە کە ناوی "هایپریۆن" بووە ئۆتۆمبیلى گواستووەتەوە و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە بەندەرێکی وڵاتی کوەیت ماوەتەوە. 
بەرپرسانی ئیسرائیل بە شێوەی فەرمی سەبارەت بەو هێرشە هەڵوێستێکیان نەنواندووە. 
بەرپرسانی ئێران، ئیسرائیل بەوە تۆمەتبار دەکەن کە بەرپرسیارە لە ئەنجامدانی تەقینەوەکەی بنکەی نەتەنز و پچڕاندنی تۆڕی کارەبای دامەزراوەکانی پیتاندنی یورانیۆم و لەناوچوونی هەزار ئامێری دەرکردن. 
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی دووشەممە ١٢ی نیسان هۆشداری دابوو کۆماری ئیسلامی "لە کاتی گونجاو"دا تۆڵە لە ئیسرائیل دەکاتەوە. 
هەواڵی هێرش کردن بۆ سەر کەشتییەکی ئیسرائیلی لە بەرەبەرەی دەستپێکردنەوەی خولی نوێی گفتوگۆکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و چارەسەرکردنی گەمارۆکانی ئەمریکا لە ڤیێنا بڵاو بووەتەوە.


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین