ئەنجوومەنى وەزیران: پێویستە بەغدا بۆ ئەم مانگە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات کوردستانی

نوچەنێت:

ئەنجوومەنى هەرێمى کوردستان کۆبووەوە و لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ئەنجومەنی وەزیران جەخت لە هەڵوێستی خۆی دەکات کە حکومەتی فیدڕاڵ دەبێت بەرپرسیارێتی خۆی بەجێ بگەیەنێت بۆ ناردنی ئەو مووچانە و چاوەڕوانیشمان لە حکومەتی فیدڕاڵە کە بۆ ئەم مانگە، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق ، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات".

ئەمڕۆ چوارشەممە (10-1-2024) بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە.

حكومەتى هەرێم لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە بڕگەی یەکەمدا، ئەنجامی سەردانی ئەم حەفتەیەی شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لە لایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری ئابووری و دارایی و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران خرایەڕوو، کە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لە سەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و هەمواری یاسای بودجەی فیدرال و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت و خستنەڕووی پڕۆژە و پێشنیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێشکەش بە حکومەتی فیدراڵ کراوە.

لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە شاندی دانوستانکاری هەرێم بۆ هەوڵەکانیان لە پێناو بەدەستهێنانی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان و پێشکەشکردنی زانیاری پێویست و واڵاکردنی تۆمارەکانی دامەزراوەکانی هەرێم بۆ دەستە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێریی لە بواری میلاکی وەزیفیی و نەوت و داهات وخەرجیە نەوتیی و نانەوتییەکان، لە هەمان کاتدا ئەنجومەنی وەزیران خۆشحاڵی دەربڕی لەبەرامبەر تێگەیشتنەکانی ئەم دواییەی حکومەتی فیدڕاڵ و بەرەوپێشچوونەکان بە ئاراستەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵ و لابردنی ئەو کۆت وبەندانەی یاساکە کە ڕێگرن لە بەرامبەر خەرجکردنی بەشە بودجە ومووچەی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش مووچە کە شایستەی دارایی مووچەخۆرە و دەبێت تێکەڵی کێشە و بابەتەکانی دیکە نەکرێت.

هەروەها ئاماژە بەوەدەکات، سەبارەت بە شایستە دواکەوتووەکانی مووچەی مووچەخۆرانیش، ئەنجومەنی وەزیران جەخت "لە هەڵوێستی خۆی دەکات کە حکومەتی فیدڕاڵ دەبێت بەرپرسیارێتی خۆی بەجێ بگەیەنێت بۆ ناردنی ئەو مووچانە و چاوەڕوانیشمان لە حکومەتی فیدڕاڵە کە بۆ ئەم مانگە، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق ، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات، لەم ڕووەوە بە ئەرێنییەوە دەڕوانینە هەوڵە هاوبەشەکانی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ بۆ هێنانەکایەی ڕێكکەوتنێکی گشتگیر بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی بابەتی مووچە و بەرجەستەکردنی ئەم ڕێککەوتنە لە ناو هەمواری یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ. ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانیش بووە وەک پابەندییەکانی، بەجێ گەیەندراوە و بەردەوامیش دەبین لە هەماهەنگیی و هاوکاری بۆ ئەم مەبەستە."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین