د.محەمەد سیمایی: بڵاوکردنەوەی هەواڵێکی نا تەندروست زیانی ماددی و مەعنەوی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت
نوچەنێت: ئافرەتان
بڵاوکردنەوەی هەواڵی تووندوتیژ و باسکردنی وردەکاری ڕووداوە کارەساتبارەکان، کاریگەری نەرێنی و درێژ ماوەیان لەسەر دەرونی خەڵک و کۆمەڵگە هەیە، پسپۆڕێکی بواری دەرونناسی پەروەردەیی جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ڕەنگە بڵاوکردنەوەی هەواڵێک بە شێوەیەکی نا تەندروست ببێتە هۆکاری خۆکوشتن یان کوشتنی خەڵک وێڕای کاریگەرییە درێژماوەکانی.
دکتۆر محەمەد ناسر سیمایی، سەبارەت بە کاریگەری بڵاوکردنەوەی هەواڵی توندوتیژی وەکو کوشتن، خۆکوشتن، لێدان و دیمەنەکانی جەنگ و کاولکاری، هەتا هەندێجار کاتێک لە قسەکردنیشدا باسی کەلوپەلەکانی ئەنجامدانی تووندوتیژی دەکەی، کاریگەری ڕێژەیی لەسەر کۆمەڵ هەیە. دەتوانین بڵێین بە شێواز و ڕێژەی جیاجیا کاریگەری لەسەر گروپە جیاوازەکان هەیە.
کاریگەری لەسەر ئەو کەسانەی کێشەی دەورنییان هەیە
بڵاوکردنەوەی هەواڵ بە شێوەیەکی ناتەندروست، کە بریتییە لە پیشاندانی دیمەن و وێنە، کەرەستەکانی ئەنجامدانی تووندوتیژی، باسکردنی تووندوتیژی بەشێوەیەکی وروژێنەر و گێڕانەوەی وردەکارییەکەی، دیمەنی جەنگ و پاشماوەی کوشتار و سوتان، لەسەر ئەو کەسانەی کە تووشی تراما بوون یان سترێس و هەر جۆرە کێشەیەکی دەرونییان هەیە زیاترە وەک لە کەسانی ئاسایی.
دکتۆر محەمەد ڕونیدەکاتەوە"کاتێک ئەم کەسانە بەبینین یان بیستن ئاگاداری ئەمجۆرە هەواڵانە دەبن، هەتا ئەگەر لە قسەکردنی ئاسایشدا باس لە تووندوتیژی و چەک و پەت بکرێت وەک ئەوە چەکێک ئامادەی تەقینە، تەنیا پێویستە بە فشارێکی کەمە. ئیتر ئەم کەسە فکرەی خۆکوژی یان ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەر بە کەسێکی تر یان ئازاردانیان. ئەمجۆرە هەواڵانە هاندەرن بۆ تەواوکردنی کارەکە".
ئەم پسپۆڕە دەرونییە ئەوەش ڕوندەکاتەوە ئەگەر" کەسێک کە لە ڕووی زیرەکی و مەعریفییەوە ئاستێکی باشی هەیە پێویست ناکات بەمجۆرە هەواڵ دابنێی. بۆ نمونە کە دەڵێی پیاوێک منداڵەکانی سوتاند و پیشاندانی جل و پاشماوەی کارەساتەکە، کێشە دەرونییەکانی ئەو کەسانە توندتر دەکات و بەجۆرێک هاندەر دەبێت بۆئەوەی ڕەوشیان ئاڵۆزتربێت".
بۆیە ڕایوایە "پێویستە کەناڵە و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بزانن، کە پیشاندان و پەخشکردنی ئەمجۆرە هەواڵ و دیمەنانە ئەم هیچ پاساوێکی نییە و باکگراوندێکی سیاسی و ئەخلاقی کۆمەڵایەتی نییە".
کاریگەری لەسەر ئافرەتان
ئافرەتان لە ڕووی پێکهاتەی بایۆلۆژییەوە لە پیاوان جیاوازن، ئایا بینینی ئەمجۆرە هەواڵنە کاریگەری لەسەر ئەوان زیاترە؟ دکتۆر سیمایی گوتی"ئەو بابەتانەی کە پەیوەندییان بە بابەتی سۆزداری، منداڵ و زەبروزەنگەوە هەیە بێ گومان کاریگەری لەسەر ئافرەتان زیاترە، بە تایبەتیش بەهۆکاری پێکهاتەی بایۆلۆژی ئافرەت، قۆناخی سکپڕی، سوڕی مانگانەو شیردان" سەبارەت بە کاریگەرییەکانی لەسەر پیاوان دەڵێت" بەهۆی ئەوەی پیاوان کەرەستەکانی وەکو ڕاوکردن و چەک و تووندوتیژییان زیاتر لەبەردەستە، بۆ بابەتەی خۆکوشتن یان ئەنجامدانی تووندوتیژی کاریگەرییەکانی بۆ پیاوان یەکلاییکەرەوەترە. بۆ نموونە، بەشێکی ئەو ئافرەتانەی هەوڵی خۆکوشتن دەدەن دەتوانرێ ڕزگاربکرێن، بەڵام زۆر کەم پیاوێک هەوڵی خۆکوشتن بدات ڕزگار دەکرێت یانیش کاتێک دەیەوێ تووندوتیژی ئەنجامبدات مەترسیدارترە. هەروەها دەکرێت ترس و تۆقین لای هەردوو ڕەگەز دروست بکات، بە ئاست و شێوازی جیاواز".
کاریگەری لەسەر هەرزەکار و منداڵان
هەندێ گەنج هەرزەکارمان هەیە کە هوشیار و ئاگادارن بە چۆنێتی خۆ هوشیارکردنەوە کەمکردنەوەی کاریگەری هەواڵە ناخۆشەکان، بەڵام لە کۆمەڵگەی ئێمە ڕێژەیەکی کەمی هەرزەکاران دەخوێننەوە، وێڕای ئەوەی منداڵانیش مۆبایل و ئینەترنێتیان لە بەردەستە. دکتۆرە محەمەد سیمایی دەڵێت: کاریگەری لەسەر هەرزەکار و منداڵان زۆرە، بۆ نموونە ئەگەر کەسێک لای منداڵێک نا ئاگا قسەیەک بکەن کە باس لە تووندووتیژی دەکات، ئەوا ئەو منداڵە ئەگەر نەشوێرێ دەریببڕێت لە دڵەوە ڕقێکی بەرامبەر ئەو کەسە بۆ دروست دەبێت و بە بێبەزەویی و زاڵمی دەزانێت. ئەگەریش ئاگادار بوو کەسێک پەسنی ئەم قسە یان ڕەفتارە دەکات ئەوا بە هەموو جۆرێک هەوڵ دەدات لاسایی بکاتەوە.
دکتۆر سیمایی، منداڵی ڕاوچییەکان بە نموونە دەهێنێتەوە" کاتێک باوک یان براگەورە ڕاودەکات، نابێت ئەو ئاژەڵەی ڕاوکراوە بە خوێنەوە پیشانی منداڵ بدرێت، نابێت کەس پەسنی ئەم ڕاوکردنە بکات لای منداڵ و هەرزەکار چونکە ئەم منداڵە تووشی ترس و تۆقینێکی زۆر دەکات یانیش بە پێچەوانەوە کەسێکی تووندوتژی لێدەردەچێت. ئەگەر دەسەڵاتی کەسی نەبێت لەسەر ئاژەڵی کۆڵان ئەم ڕەفتارو تووندوتیژییە دووبارە دەکاتەوە. یان لە مەراسیمی جەژنی قورباندا بە بەرچاوی منداڵەوە ئاژەڵ سەردەبڕن بە هەمان شێوە کاریگەری لەسەر منداڵ و هەرزەکار دروست دەکات. بۆیە زۆرجار بینیومانە کە منداڵان ئازاری بێچووە پشیلە یان سەگیان داوە. یان لە منداڵانی لە خۆیان بچووکتر دەدەن".
ئایا ئێمە کۆمەڵگەیەکی خەمناکین؟
ئایا کۆمەڵگەی ئێمە کۆمەڵگەیەکی مەرگدۆست و خەمناکە، بۆیە حەزدەکەن بینەر، بیسەر و خوێنەری بابەتی خەمناک و تووندوتیژ، شەڕ و کوشتار بن؟ چونکە زۆرێک لە کەناڵەکان ئەم بابەتانە بۆ ڕاکێشانی خوێنەری زۆر و لایک و ڤیو بەکاردەهێنن.
دکتۆر محەمەد سیمایی گوتی: ئەمە مژارێکی زیاتر دەرونناسی کۆمەڵایەتییە، بەڵام دەتوانم وەڵام بدەمەوە. بە دڵنیاییەوە ناتوانین بڵێین ئێمە کۆمەڵگەیەکی مەرگ دۆستین. هەر کۆمەڵگەیەک تایبەتمەندی خۆی هەیە. لە کۆمەڵگەکانی دیکەش خەڵکاناێک هەن ئارەزووی بینینی ئەمجۆرە هەواڵانە دەکەن، لە بیرمان بێت ئێمە کۆمەڵگەیەکین بەوە بە نابانگین. کە بە بۆنەو بێ بۆنە دەهۆڵ و زوڕنا لێدەدەین و شایی دەکەین. ئێمە دوای هەر نەهامەتییەک ئامادەییمان تێدایە بۆ شادی، لە کۆمەڵگەی تریشدا ئەوە هەیە.
هەر کۆمەڵگەیەکیش خەڵكیك هەیە کە لایەنگیری مەرگدۆستی و دیمەنی تراژیدین. ئەمەش هۆکاری لە پشتە نەک بڵێی داڕشتەی کۆمەڵگەی ئێمە ئاوایە، یان ئەمجۆرە خەسڵەتە خۆڕسکە، بۆ نموونە من زیاتر حەزم لە هەواڵی توندوتیژی و خەمۆکییە لەبەرئەوەی براکەم لە ڕێگای چوونە ئەوروپا بێسەرو شوێن بووە. یان خوشکێکم ئەوەندە فشاری لەسەربووە لەم کۆمەڵگە پیاوسالارییە دەیانجار ویستوویەتی خۆی بکوژێت یان خۆی بسوتێنێت. بە بەرچاومانەوە دایکمان چەوسێنراوەتەوە، خەم وخەفەت وامان لێدەکات کە بەکارهێنانی میکانیزمە دیفاعییەکان بەو شێوەیەی کە لەدەرەوە هەیە، لە خەویشدا هەر شتی تووندوتیژ و ناخۆش ببینی، لەبەرئەوەی کێشەی ئاو و کارەبات هەیە لە ناو خێزان و شوێنی کار، دامودەزگاکان غەدرت لێدەکرێت. لە دیوەخان برەودان بە تۆڵەسەندنەوەیە هەیە. کە ئەم پەردانە لەسەر مێشکمان لابدەین، دەبینی کە کۆمەڵگەیەکی جوان و فرە ڕەنگمان هەیە، کە چالاکی و وردەکاری جوانی تێدایە خەڵکی بە تەمەنی بەهرەمەندمان هەیە و تەنانەت خەڵکێکمان هەیە کە جوتیارە لەو کێوو دەشتە حەیرا ن و لاوکی خۆش دەچڕێ و بە سەرو دڵخۆشی دەژیت.
ئەوە پاساو نییە بۆ کەناڵەکان بڵێن خەڵك خۆیان پێیان خۆشە، خەڵك بریندارە تۆ نابێ بریندار تریان بکەی، نابێ کەموکوڕی قوڵ و قورستر بکەیتەوە. لە ڕووی دەرونناساییەوە سەیری بابەتەکان بکەین ئەوە کەسێک نییە تەنیا مەرگ دۆست بێت و حەزی لە دڵخۆشی و هیوا نەبێت، ئەوە کارەسات و ژینگەیە ئەوە لە ناخی مرۆڤەکاندا دروست دەکات. چۆن ئەمە یەکلا بکاتەوە. ڕاگەیاندن بۆ خاتری لایک و ڤیو پەنا بۆ هەموو مژار و کارەساتێک دەبات بە داخەوە، سەیرناکەن کە لە واقیعدا چی ڕوودەودات. خودی پەیامنێر هەتا بەڕێوەبەری تەلەفزیۆنەکەش لە نا خیدا ئازاری ویژدان شتی کپکراو و خەمۆکی و پرسیاری بێ وەڵام هەیە. بۆیە وابیر دەکەنەوە خەڵکیش هەموو ئاوایە.
بە ڕای دکتۆر محەمەد سیمایی " پێویستە کەسایەتییەکان و ئەو بێژەر و پێشکەشکارانەی کە ساڵانێکە لە کەناڵە گەورەکان کاردەکەن، ئاگاداری قسە و ئەو بابەتانە بن کە باسی لێوە دەکەن چونکە کاریگەرییان لەسەر خەڵک هەیە. بەرپرسی کەناڵەکان ئەوە بزانن کە زۆرجار بە بڵاوکردنەوەی هەواڵێک کارەسات دەخوڵقێنن. هاوکات پێویستە خول بۆ کارمەندان و بەڕێوەبەری دەزگا میدیاییەکان بکرێتەوە. بزانن کە هەر هەواڵێکی نا تەندروست هەر هەوڵێکی خۆکوشتن، کوشتن و توندوتیژی کە بەهۆیانەوە ڕوودەدات چەند زیانی ماددی و مەعنەوی دروست دەکات".
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment