ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی فرۆشتنی کارەبا بە بەغدا ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کوردستانی

نوچەنێت:

وەزیری کارەبای حکومەتی ھەرێم لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ڕەتیدەکاتەوە کارەبا بە شارەکانی دیکەی عێراق بفرۆشیرێت و دەشڵێت، ھاووڵاتییان ڕۆژانە (٨ تا ١٠) کاتژمێر کارەبای نیشتمانیان پێدەدرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە (١٣/کانوونی یەکەم/٢٠٢٣) بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیێندراوی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا، "ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ، ڕاسپاردە و چارەسەرەکانی تایبەت بە پرسی زیادبوونی حالەتەکانی توندوتیژی دژی ژنان پەسەند کرد، کە لەلایەن جێگری سەرۆکوەزیران لە کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەن خرابووە ڕوو."

ھەروەھا دواتر کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا ڕایگەیاند، "ئێستا ٣٤٧٣ مێگاوات کارەبا بەرھەم دەھێنرێت و ڕەوشی کارەبای نیشتیمانی دوای کوژانەوەی گشتی، ئاسایی بووەتەوە و یەکەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا و دەمژمێرەکانی ھەبوونی کارەبای نیشتیمانی لە نێوان ٨ بۆ ١٠ دەمژمێرە."

وەزیری کارەبا "ئەو دەنگۆیانەی بە ناڕاست دانا کە ھەرێمی کوردستان لە وزەی کارەبای بەرھەمھاتووی نیشتیمانیی خۆی بە ناوچەکانی دیکەی عێراق دەفرۆشێتەوە، بەڵکوو ڕوونیکردەوە کە بەرھەمی کارەبای ھەرێم، دادپەروەرانە بەسەر سەرجەم ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت."

لە ڕاگەیێندراوەکەدا ھاتووە، وەزارەتی کارەبا ڕاسپێردرا کە بەردەوام بن لە ھەوڵ و پرۆژەکانیان بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان بە مەرجێک بارگرانی لە ئەستۆی ھاووڵاتیان دروست نەکرێت و ھەروەھا پێویستە وەزارەت برەو بە ھەوڵەکانیان بدەن بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی وزەی کارەبای جێگرەوە پشت بەست بە سەرچاوەی پاک بە تایبەتیش سەرچاوەی وزەی خۆر.

ھاوکات ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، ئەنجامی سەردانەکەیان لەگەڵ ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ بۆ بەغدا خستەڕوو کە بۆ گفتوگۆکردن بوو لەبارەی برەودان بە ھەماھەنگی و ھاریکاریی ھەردوو حکومەتی فیدڕاڵ و ھەرێم سەبارەت بە کاروباری دەروازە سنوورییەکان و گومرگ بە ڕەچاوکردنی دەسەڵاتە دەستوورییەکان و پەرەپێدانی ھەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داھات لە عێراق و ھەرێم بە ئاراستەی زیادکردنی داھاتی گشتی و خەرجکردنەوەی لە پڕۆژەکانی خزمەتی گشتیدا.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین