ئەنجوومەنى وەزیران لەبارەى زیادبوونی ژمارەی حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی ئافرەتان کۆدەبێتەوە کوردستانی

نوچەنێت:

ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان لە کۆبوونەوەى هەفتانەى تاوتوێى "ڕێكارەكانی فریاگوزاریی شارستانی و لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكانی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەک لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران" دەکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە (13/کانوونى یەکەم/2023) ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەكات و تیایدا چەند بابەتێک تاووتوێ دەكرێن.

حکومەتى هەرێمى کوردستان لەڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، بڕگەیەكی كۆبوونەوەكە تایبەت دەبێت بە "هەڵسەنگاندنی ڕێكارەكانی فریاگوزاریی شارستانی و لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكانی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەک لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كە لە 8ـی ئەم مانگەدا ڕووی دا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی 14 کەس و برینداربوونی چەند کەسێکی دیکە."

هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا، "بڕیاری كۆتایی لەسەر ڕاپۆرتی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، تایبەت بە پرسی زیادبوونی ژمارەی حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خستنەڕووی ڕاسپاردە و چارەسەرەکان دەدرێت، کە لە کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیراندا خرابووە ڕوو و بڕیاردان لەسەر ڕاپۆرتەکە بۆ کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیە دواخرابوو."

ڕاگەیێندراوەکە دەشڵێت، "تاووتوێكردنی ڕاپۆرتێکی وەزیری كارەبای هەرێم دەبێت لەبارەی ڕەوشی كارەبا و گرفتی کوژانەوەی گشـتیی سیستمی کارەبا و هەوڵی وەزارەت بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان و گەڕانەوەی كارەبا. هەر پەیوەست بەو پرسە بەرنامەی پریپەید و نرخەكەی تاووتوێ دەكرێت."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین