سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ ڕاوێژكارى باڵاى به‌رگريى به‌ريتانى له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست كۆبووەوە کوردستانی

نوچەنێت

سەرۆك نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى لە مارشاڵ سامى سامپسۆن ڕاوێژكارى باڵاى به‌رگريى به‌ريتانى له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكوورى ئافريكا و شاندێكى سه‌ربازيى ياوه‌رى كرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە (22/ تشرينى دووەم/ 2023) سەرۆكى هەرێم و شاندێكى سەربازى بەريتانى له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دوايين پێشهاته‌كان و ئه‌گه‌ر و لێكه‌وته‌كانى شه‌ڕيان له‌ غه‌ززه‌ تاوتوێ كرد. له‌مباره‌يه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى دۆخه‌كه‌ مه‌ترسى له‌سه‌ر ته‌واوى ناوچه‌كه‌ دروست ده‌كات‌، بۆيه‌ پێویسته‌ عێراق به‌ هه‌موو شێوه‌يه‌ك خۆى له‌ شه‌ڕ به‌دوور بگرێت، چونكه‌ شه‌ڕ هيچ كێشه‌يه‌ك چاره‌سه‌ر ناكات و ته‌نيا ئاشتى چاره‌سه‌ره.

ده‌رباره‌ى دۆخى سياسيى عێراقيش هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ پێويسته‌ ئارامى و سه‌قامگيريى سياسى و ئه‌منيى عێراق بپارێزرێت و هه‌موو لايه‌ك ده‌بێ به‌رپرسيارانه‌ ڕه‌فتار بكه‌ن و جه‌ختيان له‌ پێويستيى پاراستنى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان و نێرده‌ ديپلۆماتييه‌كان له‌ هه‌ر جۆره‌ هه‌ڕه‌شه‌يه‌ك له‌ عێراق كرده‌وه‌.

له‌ ته‌وەر‌ێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ تيرۆر هێشتا مه‌ترسييه‌كى ڕاسته‌قينه‌يه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسايش و سه‌قامگيريى ئه‌منى عێراق ده‌كات، بۆيه‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان هێشتا پێویستييان به‌ پشتيوانيى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى هه‌يه‌ بۆ له‌ناوبردنى يه‌كجاره‌كيى داعش. له‌مباره‌يه‌وه‌ سامپسۆن به‌رده‌واميى پابه‌نديى به‌ريتانياى له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيدا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو. له‌مباره‌يه‌وه‌ هه‌ردوولا دوايين كۆبوونه‌وه‌ و ديداره‌كانى نێوان پارتى ديموكراتى كوردستان و يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستانيان به‌ پێشهاتێكى ئه‌رێنى هه‌ڵسه‌نگاند.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین