سوودانی ناتوانێ‌ میلیشیاكان رازی بكات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رۆژنامەی شەرق ئەوسەت ئاشكرای كردووە، شڵەژانێك لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ شەڕی غەزە هەیە و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق ناتوانێ‌ میلیشیاكان بەوە رازی بكات كردەی سەربازی نەكەن.

شەوی رابردوو 28ی تشرینی یەكەمی 2023 ماڵپەڕی رۆژنامەی شەرق ئەوسەت لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كردووە، شڵەژانێك لەنێو چوارچبێوەی هاوئاهەنگی شیعەی عێراق هەیە، لەوەی نازانن چۆن مامەڵە لەگەڵ شەڕی غەزە بكەن. 

سەرچاوەكانی شەرق ئەوسەت باس لەوە دەكەن، سوپای پاسدارانی ئێران هەوڵ دەدات هێزی میلیشیاكان لە رۆژئاوای عێراق لە سنووری سعوودیە و ئوردن رێكبخاتەوە و پەیامێك بە ئیسرائیل و ئەمریكا بدات.

لەو كاتەشدا هەندێك لە میلیشیاكان داوا لە مەرجەعەكانی نەجەف دەكەن، بۆ ئەوەی فەتوایەك بدات و رێگە بە چەكدارەكان بدات بچنە شەڕی غەزەوە. سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، هەموو هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەوە نیین عێراق راستەوخۆ بكەوێتە شەڕەكەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا محەمەد شیاع سوودانی ناتوانێ‌ میلیشیاكان بەوە رازی بكات، كە عێراق تەنیا لە رێگەی هەوڵی دیپلۆماسی و پێشكەشكردنی هاوكاریی مرۆیی هاوكاری فەڵەستینیەكان بكات.

شەڕی غەزە لە حەوتی ئەم مانگەوە لەنێوان بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل هەڵگیرساوە، بە بیانووی ئەوەی ئەمریكا هاوكاری ئیسرائیل دەكات، هەندێك لە میلیشیاكانی شیعە لە عێراق ئەوانەی سەربە ئێرانن، چەندان جار هێرشیان كردووەتە سەر بنكەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین