وەزارەتى پەروەردە: قبووڵى ئەو سوکایەتییە ناکەین بەرامبەر ئەو مامۆستایانەى دەیانەوێ درێژە بەخوێندن بدەن کوردستانی

نوچەنێت:

وتەبێژى وەزارەتى پەروەردە لەبارەى هەڕەشەکردن لەو مامۆستایانەى دەیانەوێ دەست بەدەوام بکەنەوە، ڕاگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە و دەڵێت، "قبووڵى ناکەین."

ڕۆژى شەممە (14/تشرینى یەکەم/2023) سامان سیوەیلى، وتەبێژى وەزارەتى پەروەردە ڕاگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ماوەیەکە چەندین (ئەکاونت )و (پەیج )و (گروپ) لە سۆشیال میدیا، کەوتونەتە بێرێزیکردن و سوکایەتی و هەڕەشە لەچەندین بەڕێوەبەری قوتابخانە لە پارێزگای سلێمانی کە دەستیان بە دەوامکردن کردۆتەوە."

وتەبێژى وەزارەتى پەروەردە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان سکاڵاى یاساییان هەیە و دەشڵێت، "دەمانەوێت ڕووبەڕووی دادگایان بکەینەوە چونکە قبوڵ ناکەین بەڕێوەبەر و مامۆستایان بیانەوێت درێژە بە خوێندن بدەن و سوکایەتیان پێبکرێت، پاش ئەوەشی دەرکەوت هەر یەک لەوانە و ئەدمینی ئەو گروپانە پلەی مامۆستایەتیان هەبوو، ئەو پلەیان بە بریارێکی فەرمی لێوەردەگرینەوە."

سامان سیوەیلى دڵنیایی بە مامۆستایان دەدات و دووپاتى دەکاتەوە، "وەزارەتی پەروەردە دەستخۆشی خەمخۆریتان لێدەکات و پاڵپشتی تەواوتان دەکات و هێرشکاران ڕووبەرووی دادگاکان دەکرێنەوە وەک چۆن لە ئەزموونەکانی پۆلی 12 ئەو هەماهەنگییە لەگەڵ بەڕێزان لە ئاسایش و پۆلیس بەرهەمی هەبوو."

وەزارەتى پەروەردە دوو ژمارەى تەلەفۆنى بڵاوکردۆتەوە و دەڵێت، "هەر بەڕێوەبەر و مامۆستایەک لەسەر ئەوەی درێژە بەکردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن دەدات توشی هەڕەشە و بێرێزیکردن دەبێت لە سۆشیال میدیا دەتوانێت سکاڵا و دۆکیۆمێنتەکان بنیرێت بۆ ژووری سکاڵای ئەلیکترۆنی وەزارەت رێکاری پێویست دەگیرێتەبەر."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین