سەرۆك بارزانی پێشوازی لە بنەماڵەى شەهیدان و بریندارانی خۆپیشاندانەکەى كەركووك دەكات کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆک مەسعود بارزانى لەگەڵ بنەماڵەى شەهیدان و بریندارانى خۆپیشاندانەکەى ئەم دواییەى کەرکووک کۆبووەوە و گوتى، "خوێنی ئەو شەهیدانە و دەنگی ناڕەزاییتان پەیامێكی ڕوون بوو بۆ هەموو لایەك كە كورد گەلێكی زیندوو و هوشیارە و پێویستە سنوورێك بۆ ئەو زوڵم و ناهەقیە دابنرێت."

ڕۆژى دووشەممە (18/ئەیلوول/2023) سەرۆك مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازی لە بنەماڵەى شەهیدان و بریندارانی ڕووداوەكانی ئەم دوایەی كەركووك كرد.

بەپێى ڕاگەیێندراوى بارەگاى بارزانى، لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی "پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆی ئاراستەی خانەوادەی شەهیدان و برینداران كرد و جەختی لەوە كردەوە كە خوێنی ئەو ئازیزانە بەفیڕۆ ناچێت و پێویستە تاوانباران سزای یاسایی خۆیان وەربگرن."

هاوكات سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند، "خوێنی ئەو شەهیدانە و دەنگی ناڕەزاییتان پەیامێكی ڕوون بوو بۆ هەموو لایەك كە كورد گەلێكی زیندوو و هوشیارە و پێویستە سنوورێك بۆ ئەو زوڵم و ناهەقیە دابنرێت كە لەدژی هاووڵاتیانی كورد لە كەركووك دەكرێت. ئەوەشی بە ئامادەبوان ڕاگەیاند بەردەوامبوونی ئەو دۆخە ناسرووشتییەی لە كەركووك هەیە مانای ئەوە نیە كە دەستبەرداری ناسنامەی كەركووك دەبین چونكە كەركووك بۆ هەموو تاكێكی كورد ڕەمزێكی گەورەیە."

ڕاگەیێندراوەکە دەڵێت، سەرۆك بارزانی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە "كەركووك دەبێت بۆ هەمووان بێت و ببێتە نموونەی پێكەوەژیان و برایەتی و تەبایی و ئەو گرفتانەی كە ئێستا لە ئارادان بە خۆسەپاندن و توندوتیژی چارەسەر ناكرێت بەڵكو دەبێ بۆ چارەسەری كێشەكان زمانی عەقل و مەنتق بەكار بهێندرێت."

هەروەها سەرۆك بارزانی ئاماژەى بەوەدا كە "بە قووڵی لە ئێش و ئازارەكانی هاووڵاتیانی كورد لە كەركووك تێدەگات و داواشی كرد كە بە هیچ شێوەیەك ڕێگە بە سەركەوتنی ئەو هەوڵە نامەسئولانە نەدرێت كە نیەتی ئەوەیان هەیە ناكۆكییە سیاسییەكانی لایەنەكان بكەنە ناكۆكیی و ململانێیی نەتەوەیی نێوان پێكهاتەكانی كەركووك."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین