سەرۆك بارزانی: درێخی ناكەم لە پشتیوانیكردنی بۆ چارەسەرکردنى گرفتە ناوخۆییەكانی هەرێم کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆک بارزانى لە پیرمام پێشوازى لە باڵیۆزى ئەمەریکا لەعێراق کرد و ڕاشیگەیاند، گفتوگۆكان لەگەڵ حکومەتى "بۆ گەیشتن بە چارەسەركردنی كێشەكان بەردەوام دەبێت."

ڕۆژى دووشەممە (11/ئەیلوول/2023) سەرۆك مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازی لە خاتوو ئەلینا ڕۆمەناوسكی باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

بارەگاى بارزانى ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا "بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و عێراق و ئاستەنگ و گرفتەكانی بەردەم پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ و پشتبەستن بە دیالۆگ لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان ئاڵوگۆڕ كرا."

بەپێى ڕاگەیێندراوەکەى بارەگاى بارزانى، باڵیۆزی ئەمەریكا لەعێراق "پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند بە مەبەستی بەردەوامبوونیان لە گفتوگۆ و دانوساندن و گەیشتن بە چارەسەری گونجاو بە تایبەت لە بابەتی بودجە و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی تر". هەروەها "دڵگرانیی خۆی لەمەڕ گرژی و ڕووداوەكانی كەركووك و قوربانیبوونی هاووڵاتیان دەربڕی."

ڕاگەیێندراوەکە دەشڵێت، سەرۆك بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ سودانی دووپاتكردەوە و ڕاشیگەیاند، كە "گفتوگۆكان بۆ گەیشتن بە چارەسەركردنی كێشەكان بەردەوام دەبێت و هەروەها جەختیشی لەوە كردەوە كە چاوەڕوانی ئەوەن كە هەنگاوی پێویست بنرێت بۆ ڕاستكردنەوەی بارودۆخ و پاراستنی سەقامگیریی كەركووك و گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی لەبەرانبەر ئەو كەسانە كە بوونە هۆی نانەوەی ئاڵۆزی و ڕشتنی خوێنی هاووڵاتیانی كەركووك."

سەبارەت پەیوەندیی نێوان پارتی و یەكێتی و پێویستیی هاودەنگیی ناوخۆیی هەرێم، سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە "درێخی ناكەت لە پشتیوانیكردنی بۆ چارەسەربوونی گرفتە ناوخۆییەكانی هەرێم و بە پێویستی زانی ڕێگەی دیالۆگ و میانڕەوی بۆ چارەسەری گرفتەكانی نێوان هەردوولا بگیرێتە بەر."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین