مەسرور بارزانى: هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بەغدا جێبەجێ کردووە کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە باڵیۆزى ئیسلامیى ئێران کرد و هەردوولا جەختیان لە چارەسەرکردنى کێشەکانى هەولێر-بەغدا کردەوە، "لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان."

ڕۆژى دووشەممە (11/ئەیلوول/2023) مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە محەمەد کازم ئال سادق باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.

ماڵپەڕى حکومەتى هەرێمى کوردستان بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا "باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران، سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی بۆ ئەو ئاسانکاری و هاریکارییەی پێشکەشی زیارەتکارانی ئێرانی کرد کە لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە هاتنە عێراق و بەشدارییان لە چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن لە شاری کەربەلا کرد."

هەروەها باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران، "ستایشی پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی شاری هەولێری کرد."

سەبارەت چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، سەرۆکى  حکومەتى هەرێم دووپاتیکردەوە، کە "هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی لەچوارچێوەی یاسای بودجە و دەستوور جێبەجێ کردووە و پێویستە حکومەتی فیدرالیش شایستە داراییەکانی هەرێم بنێرێت."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین