رۆیتەرز: ئەم مانگەش هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستپێناكاتەوە کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

چەند سەرچاوەیەك بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، پێشبینی ناكرێت ئەم مانگەش هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستپێبكاتەوە كە زیانەكەی تا ئێستا بۆ هەرێمی كوردستان نزیكەی چوار ملیار دۆلارە.

ئەمڕۆ چوارشەممە شەشی ئەیلوولی 2023 چەند سەرچاوەیەك لە عێراق و توركیا بۆ رۆیتەرز بە دووریان زانیوە، لەم مانگەدا هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستپێبكاتەوە. سەرچاوەیەك لە توركیاوە باسی لەوە كردووە تا ئێستا عێراق هەنگاوی ئەوتۆی نەناوە، بۆ ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا سەردانی عێراق بكات و رێككەوتنی هەناردەی نەوت واژوو بكات. 

كەچی سەرچاوەیەك لە بەغدا باسی لەوە كردووە، توركیا تا ئێستا كارنامەی سەردانەكەی ئەردۆغانی بۆ عێراق دیاری نەكردووە. رۆیتەرز ئاماژە بۆ ئەوە دەكات سەرۆكی توركیا بە نیاز بوو لە مانگی ئاب سەردانی عێراق بكات، بەڵام بەردەوامبوونی دانوستاندنە ئاڵۆزەكە لەسەر نەوت وایكردووە سەردانەكەی ئەردۆغان دوا بكەوێت.

رۆیتەرز لە سەرچاوەكانی هەرێمی كوردستانەوە باسی ئەوەی كردووە لەوەتەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە 25ی ئاداری رابردوو بە هۆی بڕیاری لیژنەی ناوبژیوانی سەربە ژووری بازرگانی جیهانی لە پاریس وەستاوە، حكومەتی هەرێم چوار ملیار دۆلار زیانی بەركەوتووە.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین