هەرێم و بەغدا لەسەر پێنج مادەی پڕۆژە یاسای نەوت و گاز ناكۆكن کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

نەبیل مەرسوومی ئابووریناسی عێراقی ئاشكرای دەكات لەسەر پڕۆژە یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی پێنج مادەی لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی مایەی ناكۆكین.

ئەمڕۆ یەكشەممە سێی ئەیلوولی 2023 نەبیل مەرسوومی لە ماڵپەڕی “بەغداد تودەی” عێراقی ئاشكرای كردووە، پێنج مادە پڕۆژە یاسای نەوت و گازی عێراق مشتومڕیان لەسەرە یەكەمیان مادەی پێنجەمە لە پڕۆژە یاساكە كە دووپات لەسەر ئەوە دەكاتەوە ئەنجومەنی فیدڕاڵی بە سەرۆكایەتى سەرۆك وەزیران پێكدێت و لە هەر یەكە لە وەزیرانی نەوت و دارایی و پلاندادانی عێراق پێك دێت، لەگەڵ پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق و وزیری سامانە سروشتیەكانی هەرێم و دوو پارێزگار لەو پارێزگایانە كە بەرهەمهێنەری نەوت و سەربە هەرێم نین، لەگەڵ سێ‌ شارەزا. هەرێمی كوردستان رەخنەی لەسەر ئەمە هەیە و داوا دەكات وەزیری دارایی و پلاندادانی هەرێمیش تێیدا ئەندام بن و سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكەیش وەرزی بێت.

مادەی هەشتەمیش ناكۆكی لەسەرە كە بەڕێوەبردنی كێڵگە نەوتییەكان بە وەزارەتی نەوت دەسپێرێت. لە مادەی 11 ئەو لایەنە دەستنیشان دەكرێت كە سەرپشكە لەوەی مۆڵەت بە پڕۆژە نەوتییەكان بدات، ئەویش ئەنجومەنی فیدڕاڵییە، كەچی هەرێم پێیوایە دەبێت دۆزینەوە و پێشخستنی كێڵگەكان تەنیا بەدەست ئەنجومەنی فیدڕاڵییەوە نەبێت.

مادەیەكی تر كە ناكۆكی لەسەرە پەیوەندی بە مادەی 16 وە هەیە، پڕۆژە یاساكە باس لەوە دەكات كە وەزارەتی نەوت لایەنی بەرپرسە لە گرێبەستەكان، هەرێمیش پێیوایە دەبێت شوێنی گرێبەستەكانی لەناو هەرێم بدێت. لە مادەی 24 هاتووە كە بۆرییە نەوتییەكان تەنیا موڵكی وەزارەتی نەوتە، هەرێم پێیوایە دەبێت ئەو موڵكداری بۆ هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەكانیش بگەڕێتەوە.

نەبیل مەرسوومی باس لەوەیش دەكات ئەوەی جێی ناكۆكییە و لە یاساكەیش باس نەكراوە، بەرپرسیارێتی فرۆشتن و بە بازاركردنی بەرهەمە نەوتییەكانە، رەنگە باس نەكردنیشی بۆ ئەوە بێت چونكە لەماوەی رابردوودا دادگای باڵای فیدڕاڵی دووپاتی لەسەر ئەوە كردووەتەوە، كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی تاكە بەرپرسە لە فرۆشتن و بە بازاڕكردنی نەوت.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین