سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سه‌ره‌خۆشى له‌ فه‌ره‌نسا ده‌كات کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان سەرەخۆشى لە حکومەتى فەرەنسا دەکات، بە بۆنەى گیان لەدەستدانى سەربازێکى ئەو وڵاتە لە هەرێمى کوردستان.

ڕۆژى شەممە (19/ئاب/2023) سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پەیامێک ى سەرەخۆشى ئاراستەى فەرەنسا و كه‌سوكارى سه‌ربازى فه‌ره‌نسى (باپتایز کاوشۆت) دەکات، کە لە هەولێر گیانى لەدەستدا.

 

دەقى پرسەنامەکەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان:

پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشیى قووڵم ئاراسته‌ى خانه‌واده‌ و كه‌سوكارى سه‌ربازى فه‌ره‌نسى (باپتایز کاوشۆت) ده‌كه‌م كه‌ له‌ چوارچێوه‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى دژى داعشدا له‌ ئه‌ركدا بوو و به‌ داخه‌وه‌ دره‌نگانى شه‌وى ڕابردوو له‌ ڕووداوێكى هاتوچۆدا گیانى له‌ده‌ستدا.

له‌م كاته‌ سه‌خته‌دا هاوسۆز و هه‌وخه‌مى خانه‌واده‌كه‌یان و سه‌رۆك ماكرۆن و گه‌ل و حكوومه‌تى فه‌ره‌نسام. له‌ خواى مه‌زن داواكارم گیانى شاد بكات و ئارامى و دڵنه‌وایى به‌ هه‌مووان ببه‌خشێت. هیواى زووچاكبوونه‌وه‌ بۆ هاوكاره‌كه‌ى ده‌خوازم كه‌ له‌ هه‌مان ڕووداودا بریندار بووه‌.

گه‌لى كوردستان به‌ ڕێز و پێزانینه‌وه‌ له‌ پشتگیرى و هاوكاریى هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانى فه‌ره‌نسا له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى دژى داعشدا ده‌ڕوانێت كه‌ بۆ له‌ناوبردنى یه‌كجاره‌كیى تیرۆر، پشتگیرى و یارمه‌تى پێشكه‌ش به‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن و تا ئێستاش له‌ ئه‌ركدان.

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2023/8/19

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین