پێشانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ پەروەردە و فێرکردن لە هەولێر کرایەوە کوردستانی

نوچەنێت:

ئالان حەمە سەعید، وەزیرى پەروەردەى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، ئێستا 152 هەزار قوتابی ئاوارەیی ناوخۆیی عێراق لە هەرێمی کوردستان دەخوێنن، لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی هەموو ئاسانکارییەکان بۆ کراوە، 140 قوتابخانەی ئێمە بۆ ئەوان دابینکراون."

ئەمڕۆ سێشەممە (25/تەمموز/2023) بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و ئالان حەمە سەعید وەزیرى پەروەردەى هەرێمى کوردستان و بەرپرسانی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و بە بەشداری 120 دامەزراوە و ناوەندی پەروەردە و فێرکردن یەکەمین پێشانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ پەروەردە و فێرکردن لە هەولێر کرایەوە.

ئالان حەمە سەعید لە میانى پێشانگانە وتارێکى پێشکەشکرد و ڕایگەیاند، "پەروەردە بۆ هەمووان پرەنسیپێکی جیهانییە، بەڵام دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم، کە لە بیر و بڕوایەکی قووڵەوە، ئەم پرەنسیپە لە ماوەی 32 ساڵی رابردوودا لە هەرێمی کوردستان جێبەجێکراوە. ساڵی 1992 بە دەستپێشخەریی سەرۆک بارزانی خوێندن بۆ هەمووان، پەروەردە بۆ هەمووان، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی فێرکردنی تورکمانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی فێرکردنی سریانی بۆ پێکهاتەکان لە وەزارەتی پەروەردە دروستکران. دواتر بە فەرمانی سەرۆک بارزانی کرا بووە پڕۆژەیاسا و پەرلەمانی کوردستان پەسەندی کرد. ئەمەش هەنگاوێک بوو بۆ ئەوەی دەبێت پەروەردە بۆ هەمووان بێت و هاوکات دەبێت مافی پێکهاتەکانیش پارێزراوبێت و بە زمانی دایکی خۆیان بخوێنن".

وەزیرى پەروەردە باسى لەوەکرد، دواى شەڕى داعش و هاتنى هەزاران پەنابەر بۆ هەرێمى کوردستان، "بە فەرمانی سەرۆک بارزانی بڕیاردرا هەرچی زووە حکومەتی هەرێمی کوردستان پەروەردە بۆ هەمووان دابین بکات، چ بۆ ئاوارەکانی ناوخۆ یان ئەو پەنابەرانەی لە سووریاوە هاتبوونە هەرێمی کوردستان."

هەروەها ئاماژە بە پرۆسەى (پەروەردە بۆ هەمووان) کرد و  ڕایگەیاند، "فەرمانەکەی ساڵی رابردووی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بوو، بەوەی دەبێت قوتابیانی خاوەن پێداویستی تایبەت پاش ئەوەی لەلایەن لیژنەی پسپۆڕەوە شیاندنیان بۆ دەکرێت، تێکەڵ بە قوتابخانەکان بکرێنەوە، لەگەڵ قوتابیانی ئاسایی دابنرێنەوە و لە چوارچێوەی پەروەردە بۆ هەمووان بتوانن درێژە بە خوێندنەکەیان بدەن. ئەو هەنگاوانەی نراون بۆ جێبەجێکردنی پرەنسیپێکی جیهانیی بووە کە بەردەوام بڕوامان پێی هەبووە".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین