پارێزگاى هەولێر ئامارى ڕۆژانى جەژنى قوربانى بڵاوکردەوە کوردستانی

نوچەنێت:

پارێزگاى هەولێر، داتاى ڕۆژانى جەژنى بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، لە ماوەى چوار ڕۆژدا "(35) تاوان تۆمارکراوە" و "(143) هەزار گەشتیار" سەردانى هەولێریان کردووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (دوو/تەمووز/2023)  پارێزگاى هەولێر، لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاماری گشتیی ژمارەى هاتنى گەشتیار و ڕووداوەکانی ڕۆژانی جەژنی قوربانى بڵاوکردەوە و تێدا هاتووە، لە سنوورى هەولێر "(9) حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە و (1) ڕووداوى خنکان و ( 2 ) حاڵەتى ڕزگار کردن هەبووە."

هاوکات دەشڵێت، "کۆى گشتیى سەرجەم ئەو نەخۆشانەى سەردانى نەخۆشخانەکانیان کردووە (5,515) نەخۆش بووە، (6) حاڵەتى سووتان و (226) حاڵەتى ڕووداوى جۆراو هەبووە."

 

دەقى ئاماری گشتیی ژمارەى هاتنى گەشتیار و ڕووداوەکانی ڕۆژانی جەژنی قوربانى پیرۆزیش، لە سنووری پارێزگاکەمان بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:

یەکەم/ گەشتوگوزار

بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربانى پیرۆز، پلانی گەشتوگوزار، کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتى گشتیى گەشت و گوزار ئامادەکرابوو، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، وەک دانانی لیژنەی تایبەت بۆ دابین کردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ گەشتیاران لە بازگەکان و پێدانی ڕێنمایی پێویست بە گەشتیاران لە دەروازەکانی شار و پێکھێنانی لێژنەی تایبەت بۆ بە دواداچوون لە ڕەوشی گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان بە مەبەستی دڵنیابوون لە پێشکەشکردنی خزمتگوزاریی، ئەوەجگە لە ئاگادارکردنەوەی سەرجەم ڕێستوڕانت و جێشتخانەکان و پێدانی ڕێنمایی بۆ کردنەوە و پیشوازیکردنیان لە گەشتیاران لە رۆژانی جەژن. ژمارەی ئەو گەشیارانەشی لەوماوەیەدا سەردانی هەولێر پایتەختیان کردووە بریتی بوو لە (143) هەزار و (921) گەشتیار.

دووەم/ ئاسایشی هەولێر

بەپێی ئەو پلان و ئامادەکاریانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر داڕێژرابوو، وەکو خۆی و بەبێ هیچ گیر و گرفتێک جێبەجێکرا و بۆ هەرحاڵەتێکی پێویستیش، هێزەکانی ئاسایش لە ئەرک دابوون.

سێیەم/ پۆلیس

سەبارەت بە پلانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسى هەولێر، بە بەشداری سەرجەم هێزەکان لە هەموو بەش و هۆبەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسى هەولێر لە هەر چوار ڕۆژی جەژنی قوربانى پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، ئاماری تاوانەکانیش لە ڕۆژانی جەژن بەمشێوەیەی بوو، (35) تاوان تۆمارکراوە، (26) تاوان ئاشکراکراوە، (9) تاوانیش لە ژێرلێکۆڵینەوە دایە. 

چوارەم/ هاتووچۆ

سەبارەت بەپلانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربانى پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، بەڵام بەداخەوە بەهۆی پابەندنەبوونی شوفێران بە ڕێنمایی و یاساکانی هاتووچۆ و لێخوڕینی خێرا، (8) ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویاندا، لە ئەنجامیاندا (8) کەس بریندار و (1) کەسیش بەداخەوە گیانی لەدەستدا. 

پێنجەم/ بەرگری شارستانی 

تەواوی بنکەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربانى پیرۆز لە ئەرک دابوون، لەوماویەشدا ( 9 ) حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە و (1) ڕووداوى خنکان و ( 2 ) حاڵەتى ڕزگار کردن هەبووە.

شەشەم/ تەندروستى

سەبارەت بەپلانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیى تەندروستى هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربانى پیرۆز، تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، لەو ماوەیەشدا کۆى گشتیى سەرجەم ئەو نەخۆشانەى سەردانى نەخۆشخانەکانیان کردووە ( 5,515 ) نەخۆش بووە، ( 6 ) حاڵەتى سووتان و ( 226 ) حاڵەتى ڕووداوى جۆراو جۆر و ( 1 ) منداڵ بوون و ( 425 ) نەشتەرگەرى بچووک و ( 1 ) حاڵەتى تووشبوون بە نەخۆشى پەتاى خوێن بەربوون هەبووە.

حەوتەم/ سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر

تەواوی بڕگەکانی پلانی سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربانى پیرۆز وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، لە ڕۆژانى جەژن ( 35 ) شوێن ئامادەکرابوون بۆ کۆکردنەوەی پاشماوەی ئاژەڵی قوربانی، تەنها لە ڕۆژانى جەژنیشدا بڕی ( 560 ) تۆن پاشماوەی ئاژەڵی قوربانی و ( 6000 ) تۆن زبڵ و پاشماوەى دیکەى هاوڵاتییان لەلایەن کرێکارانى ژینگە پارێزى کۆکرایەوە و لە زبڵخانەی کانی قڕژاڵە چارەسەر کرا.

هەشتەم/ گۆشتگەى هاوچەرخى هەولێر

لە گۆشتگەى هاوچەرخى هەولێر و بەبۆنەى جەژنى قوربانى پیرۆز تەنها لە ڕۆژانى جەژن( 1,872 ) ئاژەڵ کراوەتە قوربانى کە ( 513 ) یان ئاژەڵى گەورە و ( 1,359 )شیان ئاژەڵى بچووک بوونە.

پارێزگای هەولێر

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین