سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ڕاوێژكارى ئه‌ڵمانیا كۆبووه‌وه‌ کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە بەرلین لەگەڵ ڕاوێژکارى ئەڵمانیا کۆبووەوە. سەرۆک نێچیرڤان بارزانى دەڵێت، "عێراق و هه‌رێمى كوردستان چاویان له‌ ڕۆڵ و پشتگیریى زیاترى ئه‌ڵمانیایه‌ له‌ هه‌موو بواره‌كاندا."

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (26/حوزەیران/2023) نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌رلین له‌گه‌ڵ ئۆلاف شۆڵتز ڕاوێژكارى ئه‌ڵمانیا‌ كۆبووه‌وه‌.

سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، هه‌ردوولا "په‌یوه‌ندییه‌كانى ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، ئاڵنگارییه‌كانى به‌رده‌م عێراق و هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كان"، تاوتوێ کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى "سوپاس و پێزانینى بۆ هاوكارى و پشتگیریى ئه‌ڵمانیا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ بوارى سه‌ربازى، ئابوورى، مرۆیى و په‌ره‌پێداندا ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها سوپاسى په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانیاى كرد بۆ ناساندنى تاوانه‌كانى داعش و كۆمه‌ڵكوژیى ئێزدییان به‌ جینۆساید."

هاوكات سەرۆکى هەرێمى کوردستان، "خۆشحاڵى به‌ ئاستى په‌یوه‌ندییه‌كانى ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و لێكگه‌یشتن و ڕێككه‌وتنه‌كانى نێوان هه‌ردوولا نیشان دا، هه‌روه‌ها هیواى خواست هه‌رێمى كوردستانیش سوودیان لێ ببینێت. له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌موو ئاسانكارى و پشتگیرییه‌كى هه‌رێمى كوردستانى بۆ وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزاریى كۆمپانیاكان و كه‌رتى تایبه‌تى ئه‌ڵمانى ده‌ربڕى‌."

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ "عێراق و هه‌رێمى كوردستان چاویان له‌ ڕۆڵ و پشتگیریى زیاترى ئه‌ڵمانیایه‌ له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، به‌تایبه‌تى له‌ یارمه‌تیدان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئاڵنگارییه‌كانى به‌رده‌م عێراق له‌ هه‌مه‌جۆركردنى ئابوورى و پاراستنى سه‌قامگیرى و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌كانى گۆڕانى كه‌شوهه‌وا."

ڕاگەیێندراوەکە دەڵێت، ئۆلاف شۆڵتز ڕاوێژكارى ئه‌ڵمانیا "سوپاسى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى كرد بۆ سه‌ردانه‌كه‌ى و به‌ ده‌رفه‌تێكى گرنگى زانى بۆ ئاڵوگۆڕكردنى بیروڕا ده‌رباره‌ى پرسه‌ هاوبه‌شه‌كان، هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانینى بۆ ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و تێكشكاندنى داعش و یارمه‌تیدان و حه‌واندنه‌وه‌ى لێقه‌وماوان ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ى به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ئارامى و سه‌قامگیرییان ده‌ڕوانێت."

هه‌روه‌ها ڕاوێژکارى ئەڵمانیا جه‌ختى له‌ "به‌رده‌وامیى پشتگیریى ئه‌ڵمانیا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ و ئاماده‌ییى وڵاته‌كه‌ى نیشان دا بۆ هاریكاریى هاوبه‌ش له‌ بواره‌ جیاكاندا، به‌تایبه‌تى له‌ بوارى ئابوورى و وزه و ئه‌و كه‌رتانه‌‌ی بۆ هه‌ردوولا گرنگن."

پرسى كۆچ و كۆچبه‌ران، دۆخى ناوچه‌كه به‌گشتى و چه‌ند بابه‌تێكى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو به‌ڕێزان باڵیۆزى عێراق و نووێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌رلین ئاماده‌ى بوون.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین