به‌ريتانيا له‌ پشتگيریى و سه‌رخستنى پرۆسه‌ى چاكسازى و يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ شاندیکى باڵاى سەربازیى بەریتانیا کۆبووەو و هەردوولا جەخت لە "گرنگيى سه‌رخستنى پرۆسه‌ى ڕێكخستنه‌وه‌ و يه‌كخستنى پێشمه‌رگه و چاكسازييه‌كانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌" دەکەنەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (15/حوزەیران/2023) سەرۆک نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ شاندێكى باڵاى سه‌ربازيى به‌ريتانى به‌ سه‌رۆكايه‌تيى به‌ڕێز مارشاڵ سامى سامپسۆن گه‌وره‌ ڕاوێژكارى به‌رگريى به‌ريتانى له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكوورى ئافريكا كرد كه‌ له‌ ژماره‌يه‌ك له‌ پله‌داران و به‌رپرسانى باڵاى سه‌ربازيى به‌ريتانى پێكهاتبوو.

سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا كه‌ ڕۆژى كه‌يڤ كونسولى گشتيى به‌ريتانيا له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو، "دۆخى ئه‌منيى عێراق و هه‌رێمى كورستان و چاكسازييه‌كانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و هاريكاريى هاوبه‌شى ئه‌منى" تاوتوێ كران.

هاوكات لە کۆبوونەوەکەدا، هه‌ردوولا جه‌ختيان "له‌ گرنگيى سه‌رخستنى پرۆسه‌ى ڕێكخستنه‌وه‌ و يه‌كخستنى پێشمه‌رگه و چاكسازييه‌كانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ كرده‌وه‌ و ئاماژه‌يان به‌وه‌ دا كه‌ ده‌بێ پرۆسه‌كه‌ به‌ شێوه‌يه‌كى كاراتر به‌ڕێوه‌ بچێت. له‌مباره‌يه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، سوپاس و پێزانينى پێشكه‌ش به‌ به‌ريتانيا و وڵاتانى ديكه‌ى دۆست كرد بۆ پشتگيرى و هاوكارييان له‌ پرۆسه‌كه‌."

ڕاگەیێندراوەکە دەڵێت، لاى خۆيانه‌وه‌ شاندە سەربازییەکەى بەریتانیا دووپاتيان كرده‌وه،‌‌ "به‌ريتانيا به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ ئارامى و سه‌قامگيريى ئه‌منيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت و له‌ پێشكه‌شكردنى هاوكارى و پشتگيريى ئه‌منى بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و سه‌رخستنى پرۆسه‌ى چاكسازى و يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌، به‌رده‌وام ده‌بێت."

دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبووه‌وه‌كه‌ بوو.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین