عێراق ناڕاستەوخۆ دەچێتە بەرەیەكی دژ بە خۆرئاوا کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

رۆژنامەی عەرەب لە راپۆرتێكدا دەڵێ‌ چین و رووسیا و ئێران و عێراق چەند رێككەوتنێكی گرنگیان لە بواری وزە كردووە كە دەكرێت رێككەوتنی ئەوان بە ئۆپێكی سێیەم دابنرێت و بە پلەی یەكەمیش ئەو بەرەیە دژ بە فشارەكانی رۆژئاوایە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە یەكی حوزەیرانی 2023 رۆژنامەی عەرەب لە راپۆرتێكدا باس لە رێككەوتنە چوار قۆڵییەكانی نێوان چین و رووسیا و ئێران و عێراق دەكات و دەپرسێ‌، ئاخۆ ئەمە هاریكاری چوارقۆڵییە یاخود ئۆپێكی سێیەمە.  لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە ئەو كۆمەڵە رێككەوتنەی لە نێوان ئەم چوار وڵاتە لە بواری وزە و ئاسایش و لۆجیستی وزە كراون، كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان دەبێت.

رۆژنامەكە پێیوایە دوای رێكخراوی ئۆپێك و رێككەوتنەكانی ئۆپێك پڵەس، دەكرێت ئەم رێككەوتنانە بە دروستكردنی بەرەیەك بزانرێت و بە "ئۆپێكی سێیەم" ناوببرێت. ئاماژە بۆ ئەوەیش كراوە بە پلەی یەكەم چین لەم رێككەوتنانە سوودمەند دەبێت، چونكە ئەو وڵاتە دەیەوێ‌ لە ساڵی 2030 ببێتە گەورەترین ئابووری و پێش ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بكەوێت بۆیە دەبێت لە پێناو ئەم ئامانجە پێگەی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێز بكات كە گەورەترین یەدەگی نەوت و گازی تێدایە.

لەدوای چین رووسیا سوودمەند دەبێت، چونكە ئەو وڵاتە دەیەوێ‌ لە رێكارییەكانی ئۆپێك پڵەس رزگاری بێت و چیتر نەكەوێتە ژێر كاریگەری ركابەری سعوودیە و بە خواستی خۆی نەوت بفرۆشێت. سەبارەت بەعێراق و ئێرانیش ئاماژە بۆ ئەوە كراوە ئەم دوو وڵاتە دەیانەوێ‌ خۆیان لە فشارەكانی رۆژئاوا بە دوور بگرن و لە ڕووی ئابوورییەوە خۆیان بە ئابووری چین و رووسیا بپارێزن.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین