قوباد تاڵەبانی : ئێمە بە یەكەوە دەتوانین بەسەر ئاڵنگارییەكاندا زاڵ بین کوردستانی

نوچه‌نێت

دوای كۆبوونەوەكەی لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت دەڵێ‌، "ئێمە بە یەكەوە دەتوانین بەسەر ئاڵنگارییەكاندا زاڵ بین".

ئەمڕۆ دووشەممە هەشتی ئایاری 2023 مەسرور بارزانی لە هەولێر پێشوازی لە قوباد تاڵەبانی كرد، لە پەیامێكدا كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە، مەسرور بارزانی دەڵێ‌، "ئەمرۆ پێشوازیم لە بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت کرد. لە کەشێکی ئەرێنیدا تاوتوێی کێشە و گرفتە دارایی و ئیدارییەکانی بەردەم حکومەتی هەرێممان کرد و هەردوولا کۆک بووین لە سەر چارەسەریی گشت کێشەکان بە ڕێگەی گفتوگۆ و هاوکاری نێوان گشت کوتلە وەزارییەکانی ناو کابینە. هەروەها جەختمان لە سەر پاراستنی تەبایی و یەکڕیزی ناوخۆیی کردەوە، لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتیمانی و مافە دەستوورییەکانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان”.

دواتر قوباد تاڵەبانی سەرنجی خۆی لەسەر دیدارەكەی لەگەڵ مەسرور بارزانی داوە و دەڵێ‌، "ئەمڕۆ نیوەڕۆخوانێکی خۆش و بەرهەمدارم لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەبوو. ئێمە لەو بڕوایەدا یەکگرتووین کە بەیەکەوە دەتوانین بەسەر ئاڵنگارییەکاندا زاڵ بین و کار بۆ باشتر خزمەتکردنی هاووڵاتییان بکەین و لە بەرامبەر ژمارەیەکی زۆری هەڕەشە بە بەهێزی بوەستینەوە کە رووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبنەوە."

ماوەیەكە تیمی یەكێتی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بایكۆتی كۆبوونەوەكانی سەرۆكایەتی حكومەتیان كردووە و سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێم چەندان جار هەوڵیان داوە، بۆ ئەوەی ئەم تیمە بگەڕێنەوە ناو كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین