کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى مه‌داى عێراقى له‌ راپۆرتێكدا ئاشكراى ده‌كات، محه‌مه‌د شیاع سوودانى كه‌ له‌ لایه‌ن شیعه‌كانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى پاڵپشتى ده‌كرێت، ده‌ست به‌ پڕۆژه‌ى راكێشانى بۆڕى نه‌وت بۆ به‌نده‌رى عه‌قه‌بى ئورده‌نى ده‌كاته‌وه‌، كه‌ پێشتر ئه‌و لایه‌نانه‌ مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشوویان به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرد، به‌و پڕۆژه‌یه‌ نه‌وت به‌ ئیسرائیل ده‌دات.

مه‌دا له‌ راپۆرتێكدا كه‌ دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ 29/كانوونى دووه‌م/2023 بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات حكومه‌تى سوودانى و چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى پێنج سیاسه‌تى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشووى عێراق دووباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌چى پێشتر خۆیان به‌ بیانووى جیاواز ره‌خنه‌یان لێده‌گرت.

یه‌كێك له‌و پڕۆژانه‌ راكێشانى بۆڕى نه‌وته‌ له‌ به‌سڕه‌وه‌ بۆ به‌نده‌رى عه‌قه‌به‌ى ئوردنى، كه‌ پێشتر له‌ سه‌رده‌مى كازمى پلانى بۆ داڕێژرا بوو، ئێستا سوودانى كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ لایه‌نى ئوردنى كردووه‌ و ده‌ست به‌ پڕۆژه‌كه‌ ده‌كرێته‌وه‌، كه‌ تێچووه‌كه‌ى نزیكه‌ى هه‌شت ملیار دۆلاره‌.

مه‌دا باس له‌وه‌ ده‌كات لایه‌نه‌كانى شیعه‌ پێشتر هه‌ڕه‌شه‌یان له‌ كازمى ده‌كرد و پێیانوابوو ئه‌مه‌ به‌شێكه‌ له‌ ئاساییكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئیسرائیل، ته‌نانه‌ت رۆژنامه‌ عێراقییه‌كه‌ وته‌ى سوودانى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و كات په‌رله‌مانتار بوو دژایه‌تى پڕۆژه‌كه‌ ده‌كات، به‌ بیانووى ئه‌وه‌ى حكومه‌تى كازمى كاربه‌ڕێكه‌ره‌ نابێت ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ئه‌نجام بدات.

رۆژنامه‌ى مه‌دا جیا له‌و پڕۆژه‌یه‌ چوار سیاسه‌تى تر ده‌ژمێرێ كه‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى دووباره‌یان ده‌كاته‌وه‌، یه‌كێكیان به‌رزى نرخى دۆلاره‌، دووه‌میان دانوستاندنى نێوان سعوودیه‌ و ئێرانه‌، ئه‌وانى تریش په‌یوه‌ندییان به‌ هاوپه‌یمانێتى له‌گه‌ڵ فه‌ڕه‌نسا و مانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكاوه‌ هه‌یه‌.

له‌ نیسانى 2013 عێراق و ئوردن بۆ یه‌كه‌م جار له‌ سه‌ر راكێشانى نه‌وتى به‌سڕه‌ بۆ به‌نده‌رى عه‌قه‌به‌ى ئوردنى له‌سه‌ر ده‌ریاى سوور رێككه‌وتن. تێچووى پڕۆژه‌كه‌ به‌ 18 ملیار دۆلار خه‌ملێنرا. دواتر چه‌ندان جار بیر له‌ زیندووكردنه‌وه‌ى پڕۆژه‌كه‌ كراوه‌ته‌وه‌.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین