سه‌رۆك بارزانى : هیچ بیانوویه‌ك بۆ دواخستنى هه‌ڵبژاردن قبووڵ ناكرێت کوردستانی

نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى پێشوازى له‌ شاندێكى باڵاى ئه‌مریكا كرد كه‌ له‌ لایه‌ن برێت ماكگۆرك رێكخه‌رى كۆشكى سپى بۆ كاربوارى ئاسایشى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكوورى ئه‌فریقا، سه‌رۆكایه‌تى ده‌كرا. سه‌رۆك بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ ده‌بێت ئه‌م ساڵ هه‌ڵبژاردنێكى پاك له‌ كوردستان بكرێت و هیچ بیانوویه‌كیش بۆ دواخستنى قبووڵ ناكرێت.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 17/ كانوونى دووه‌م/2023 سه‌رۆك بارزانى له‌ سه‌لاحه‌دین پێشوازى له‌ شاندێكى باڵاى ئه‌مریكا كرد كه‌ له‌لایه‌ن برێت ماكگۆركه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تى ده‌كرا. له‌ دیداره‌كه‌ چه‌ندان بابه‌تى سیاسى تاوتوێكرا كه‌ یه‌كێكیان پرسى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان بوو. باره‌گاى بارزانى له‌ راگه‌یێندراوێكدا باس له‌ ناوه‌ڕۆكى دیداره‌كه‌ ده‌كات و تێیدا هاتووه‌، "سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە پێویستە ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوە بچێت و هیچ بیانوویەكیش بۆ دواخستنی هەڵبژاردن قبووڵ ناكرێت".
ده‌قى راگه‌یێندراوه‌كه‌ى باره‌گاى بارزانى:

ڕۆژی سێشەممە 17ی كانوونی دووەمی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای ئەمەریكا كرد كە پێكهاتبوو لە: بەڕێز برێت مەكگێرك ڕێكخەری كۆشكی سپی بۆ كاروباری ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا و بەڕێز ئامۆس هۆكشتین ڕێكخەری تایبەتی سەرۆكایەتیی بۆ ژێرخانی جیهانی و ئاسایشی وزە و خاتوو ئالینا ڕۆمانۆسكی باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ژمارەیەك ڕاوێژكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا.
لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا تاوتوێ كرا و جەخت لە پێویستیی چارەسەركردنی گرفتەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و، بایەخی ڕۆڵی عێراق و هەرێمی كوردستان لە تێپەڕاندنی ئاستەنگەكانی بەردەم وزە لە ئاستی جیهانیدا كرایەوە.
بارودۆخی هەرێمی كوردستان تەوەرێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بوو و تێیدا سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە پێویستە ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوە بچێت و هیچ بیانوویەكیش بۆ دواخستنی هەڵبژاردن قبووڵ ناكرێت. سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە خوازیاری ئەوەیە لەپێناو تێپەڕاندنی تەحەددیاتەكان و پاڵپشتیكردنی حكوومەتی هەرێم، كۆبوونەوە و هەماهەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەكان بەردەوام بێت. پەیوەست بە چاكسازییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش سەرۆك بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ بەردەوامیی ئەو چاكسازییانە دووپات كردەوە.
بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و هەڕەشەكانی تیرۆر تەوەرێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بوون و شاندی میوان جەختی لە بایەخی ئاساییش و سەقامگیریی لە عێراق و هەرێمی كوردستان كردەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین