مەسرور بارزانی و محمەد شیاع سوودانی کۆبوونەوە کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەردانێک لە بەغدایە و لە بارەی کێشەکانی ھەولێر و بەغدا دەڵێت، "ئەگەر نیازی چارەسەری ھەبێت زۆر ڕێگە ھەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."

ئەمڕۆ چوارشەممە (11/کانوونی دووەم/2023)مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەر گەیشتە بەغدا و لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی کۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیێندراوی حکومەتی ھەرێم، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت "لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور و کارنامەی وەزاریی کرایەوە."

مەسرور بارزانی، لە بارەی کێشەکانی ھەولێر و بەغدا ڕایگەیاند، "ئەگەر نیازی چارەسەری ھەبێت زۆر ڕێگە ھەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، گوتیشی ئێمە ڕێککەوتنی لایەنەکان و کارنامەی وەزاریی حکومەتمان ھەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان."

ھاوکات محەمەد شیاع سوودانی لە کۆبوونەوەکەدا، دووپاتی کردەوە کە "خواستێکی بەھێزمان ھەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی بەشێوەیەک کە لە بەرژەوەندی گشت ھاووڵاتییانی عێراقدا بێت."

بەپێی ڕاگەیێندراوەکە، "تاوتوێکردنی ئامادەکارییەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدرالی بۆ ساڵی 2023 و وردەکاییەکانی پشک و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدرالی" تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بووە.

دەشڵێت، ھەروەھا گفتوگۆ دەربارەی ھەنگاوەکانی "ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای نەوت و گازی فیدراڵی کرا ھەروەک لە ڕێککەوتنی لایەنەکان بۆ پێکھێنانی حکومەت و کارنامەی وەزیدا ھاتووە."

ئەوەش خراوەتەڕوو، "ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر پێویستی جارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ ھەردوو تەوەری پەیوەندیدار بودجە و نەوت وگاز لە چوارجێوەی دەستووردا."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین