سوودانى په‌ناى بردووه‌ته‌ به‌ر خامنه‌ئى عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ماڵپه‌ڕى عه‌ره‌بى پۆست ئاشكراى ده‌كات، محه‌مه‌د شیاع سوودانى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بۆ دوو بابه‌ت په‌ناى بردووه‌ته‌ به‌ر عه‌لى خامنه‌ئى رابه‌رى كۆمارى ئیسلامى ئێران، یه‌كه‌میان په‌یوه‌ندی به‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان و ئه‌ویتریان په‌یوه‌ندى به‌ لایه‌نه‌ شیعه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌.

ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ چوارى كانوونى دووه‌مى 2023 ماڵپه‌ڕى عه‌ره‌بى پۆست له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كى نزیك له‌ محه‌مه‌د شیاع سوودانى ئاشكراى كردووه‌، كاتێك سوودانى سه‌ردانى ئێرانى كردووه‌، دیدارى  عه‌لى خامنه‌ئى كردووه‌ و داواى لێكردووه‌ سوپاى ئێران هیچ ئۆپراسیۆنێك له‌ دژى هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجام نه‌دات. ئه‌ویش به‌ڵێنى داوه‌ كه‌ ئه‌م هێرشه‌ نه‌كرێت و له‌ به‌رانبه‌ردا داواى لێكردووه‌ كه‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌وڵى پاراستنى سنووره‌كان بده‌ن.

سیاسییه‌كى نزیك له‌ سوودانى كه‌ ناوى ئاشكراى نه‌كراوه‌ باسى له‌وه‌ كردووه‌، به‌ هۆى هه‌ڕه‌شه‌كانى ئێران بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، سوودانى په‌له‌ى كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌ ئێران بگات و چونكه‌ ئه‌گه‌ر هێرشێكى له‌م شێوه‌یه‌ ئه‌نجام بدرێت، ئه‌وا به‌ر له‌ هه‌موو شتێك سوودانى تووشى ئیحراجى ده‌بێت. 

خاڵێكى تر ئه‌وه‌یه‌ سوودانى داواى له‌ خامنه‌ئى كردووه‌، وا بكات هێزه‌كانى شیعه‌ به‌ تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى له‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگین فشار نه‌خه‌نه‌ سه‌رى. سه‌رچاوه‌كان ده‌ڵێن له‌سه‌ره‌تای حكومه‌ته‌كه‌وه‌ لایه‌نه‌كانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى فشار ده‌خه‌نه‌ سه‌ر سوودانى بۆ وه‌رگرتنى پۆسته‌ باڵاكان به‌ تایبه‌تى هاوپه‌یمانییه‌كه‌ى نوورى مالیكى. بۆیه‌ سوودانى داواى له‌ خامنه‌ئى كردووه‌ وا بكات به‌رپرسانى ئێران دانوستاندن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ شیعه‌كان بكه‌ن، به‌وه‌ رازیان بكه‌ن سوودانى سه‌ربه‌ست بكرێت له‌ به‌ڕێوه‌بردنى حكومه‌تكه‌ى، "خامنه‌ئیش بێ هیچ مه‌رجێك رازى بووه‌". 

له‌كۆتایى مانگى تشرینى یه‌كه‌مى ساڵى رابردوو په‌رله‌مانى عێراق متمانه‌ى به‌ حكومه‌تى محه‌مه‌د شیاع سوودانى دا، كه‌ ئه‌ویش كاندیدى لایه‌نه‌كانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌ بوو بۆ پۆسته‌كه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین